رۆژی چوارشەممە راگەیاندروای کۆمەڵێک لە خوێندکاران وچالاکانی مەدەنی مەریوان سەبارەت بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری بڵاو کرایەوە کە نوسخەیەکی بۆ رەوانیوز نێردراوە. لێرەدا دەقی راگەیاندنەکە بڵاو دەکرێـتەوە:
ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک لە خوێندکاران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی مەریوان سەبارەت بە بایکۆتی دەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران
هەڵبژاردن یەکێکە لە سەرەکیترین دیاردە دیمۆکراتیکەکانی کۆمەڵگای ئازاد و خاڵی هەرە گرنگی پێوەری کۆمەڵگای مەدەنی و مافی هاوڵاتیبوون و دیاریکردنی چارە نووسە، تا وەکو تاکی کۆمەڵ لە ڕێیەوە بتوانێت خۆی بپاڵێوێ و ماف و داخوازیەکانی دەستەبەر بکات و ئەرکەکانی بە باشی بناسێت و مافەکانی بە دەست بهێنێت، بەم پێیە لەم چەشنە کۆمەڵگایانەدا، دەسەڵات خەڵکییە و گۆڕینی دەسەڵاتیش لە لایەن خەڵکەوە دیاریدەکرێت، نەک کەسێکی تایبەت. ئەوە تایبەتمەندی ئەو کۆمەڵگایە یە کە تێیدا پاراستنی مافەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە، سەرچاوە لە ڕای خەڵکەوە دەگرێت، بەڵام لە سیستێمی پیرامیدی کۆماری ئیسلامیدا، دەسەڵات نە تەنیا خەڵکی نییە و بۆ خەڵکیش نییە، بەڵکوو زیاتر کەرەستە و ئامرازی سەرکوت و تۆقاندنی هاوڵاتیانە، بە تایبەت بیرمەندان و ئازادیخوازان و روناکبیران.
وەک دەزانین لە رژێمی ئیسلامیدا، دەزگای ویلایەتی فەقیە، ئورگانی باڵا دەست و شەرعیە تبەخشی حاکمیەتەو ئەوەش لە لایەن کەسی یەکەمەوە دیاریدەکرێت، شکاندنی تابۆی بڕیارەکانی عەلی خامنەیی لە ئێران بە واتای هەوڵدان بووە بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و لێرەدا، هەر چیەکی ناوبەرین، بریتی بووە لە پێکدادانی ئەمنیی و سیاسی.
یاسای کۆماری ئیسلامی، پڕە لە هەڵاواردنی ئیتنیکی، جنسی، سیاسی و ئایینی دژ بە نەتەوە جیاوازەکان بە گشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی، خەڵکی کورد زیاتر لە سێ دەیەیە خەبات لە دژی ئەو هەڵاواردن و نایەکسانیانە دەکات، بۆیە کێشەکە بەربژارێکی تایبەت نییە، بەڵکوو نەگۆڕانی یاسای بنەڕەتی و سیستەمی چاودێری سەرە ڕۆیانەی وەلی فەقیە لە ناو دام و دەزگای هەڵبژاردندا.
هەر کام لە پاڵێوراوانی رژێم بۆ سەرۆک کۆماری، جگە لەوەی هیچ چارەسەرێکی نوێ و ئەوڕۆییان نەخستۆتە بەردەست، بەڵکوو تا سەر ئێسقان باوەڕیان بە مەسەلەی کورد و چارەسەر کردنی پرسی کورد لە ئێراندا نییە و ئەگەریش سەرۆک کۆمار کەسایەتیەکی کراوەتر و خاوەن هەڵوێستر بێت، لە سەر پیرامیدی وەلایەتی فەقیەوە ڕێگای هیچ کار و چالاکی و چاکسازییەکی نادرێتێ، چونکە لە ئاکامدا شەرعیەتی ئەو دەخاتە مەترسیەوە، لە حاڵێکدا بە پێچەوانەوە، بۆ سەرکوت و دروستکردنی کەشو هەوای تۆقاندن و توندوتیژی، دەسەڵاتی ڕەهای دەدرێتێ، خاتەمی گوتەنی، سەرۆک کۆمار لە ئێراندا جگە لە تەدارۆکچیەتی کارێکی تری پێ ناسپێردرێ.
نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک ستراتیژی "پرۆسەی ڕزگاری نیشتمانی" بە ئەولەویەتی سیاسی دادەنێت، کە دیارە بەرامبەر بە شانۆی هەڵبژاردنی ئێران، بایکۆتکردن بە گونجاوترین وڵام دەزانێت لە ئاستی شانۆی کێبەرکێی لایەنە جیاوازەکانی ناو دەسەڵاتدا.
بە دوای شکستی هەمەلایەنەی باڵی رێفۆرمخواز و هاتنە سەر کاری دەوڵەتی نوهەم ڕووی راستەقینەی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی بە دنیای دەرەوە و ناوخۆ بە تەواوی ناسێندرا، بۆیە زۆر ئاساییە، ئێستا دوو ئەندامی باڵی ڕفۆرم هاتبێتنە مەیدان و ئاستی بەڵێنەکانیش بەرز بووبێتەوە. بە تایبەت ئەمجارە بە زوومکردنە سەر کوردستان، لە سەفەری خامنەیی بۆ کوردستان کە بە ئاشکرا و راشکاوانە بانگەشەی بۆ شەخسی ئەحمەدی نەژاد کرد و خەڵکی گوێڕایەڵی خۆی هاندا دەنگ بەو بدەن، لە لایەکی ترەوە ئەو پەیامانەی خەڵکی کوردستان، لە دژی سیستەمی وەلایەتی فەقیە گەیاندوویانەتە گوێی جیهانی دەرەوە، لەو دوو ساڵەی دواییدا دەنگدانەوەی بەرچاوی هەبووە، بۆیە هەموو هەوڵی کۆماری ئیسلامی بە چڕی خراوەتە یانەی کۆ کردنەوەی کەسانێکی خوێندکار و ڕووناکبیر و خاوەن هەڵوێست لە کوردستان بە دەوری شانۆی هەڵبژارنەکاندا، بۆ کردنە بەڵگەی بەرامبەر بە هەڵوێستەکانی کۆمەڵگای جیهانی و دەنگی ئازادیخوازیی لە ناوەوە. کە تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بووە. رژێم لەو کارە دوو مەبەستی سەرەکیی هەیە: یەکەم، کوردستان دیار و جیا لە بەشەکانی تری ئێرانی ئێستا دەرنەکەوێ و لەوێوە ناسیۆنالیزمی کوردی گوتاری براوە نەبێت، دووهەم، هەر وەک بە ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئەو دواییانەی "ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکی ئێران"، بۆ لاواز کردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان دەرکەوتووە، لە خاڵێکدا وەک چارەسەرێک بۆ ئەو مەبەستە پێشنیار دەکا کوردستانیش ببێتە گۆڕەپانی چالاکی نیمچە حێزبەکانی سەربە ڕژێم و لێرەش بتوانن ئەندامگیری بکەن و ...
ئێمە سیکلی ڕێفۆرمخوازیی حکومەتی، لە کوردستاندا بە خاوەنی هیچ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نابینین و پێمان وایە بە هیچ شێوەیەک نابێتە ئامرازی دەستە بەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، تەنانەت ئەگەر باوەڕمان بە سڵامەتی رۆڵی هەڵبژاردنیش ببێت، ئەزموونی هەرەسی گوتاری حقوقیی "DTP" لە باکووری کوردستان، نیشانیدا ئامانجی سەرەکی، گەمە کردن بە ڕای خەڵک و گرنگی نەدان بە هەڵبژاردەی خەڵکی ئەوێ بووە، هەر چەندە پێکهاتەکان جیاوازن ئەوە زیاتر بەراوردی ئیسڵاح تەڵەبەکان بوو.
ڕووداوی 18ی پووشپەڕی زانکۆی تاران لە سەردەمی حکومەتی ئیسڵاحخوازەکاندا مۆدێلێکی نوێتر لەوە دەنوێنێت کە کورد دیسانەوە بچێتەوە ناو، گەمەیەکی تری سیاسیەوە کە هیچ ئامانجێکی بۆ دەستەبەر کردنی بەرژەوەندییەکانی نەبێت. زۆربەی دەستپێشخەرانی رووداوی 18ی پووشپەڕ، ئەو کوردانە بوون کە زیرەکانە توانیان کۆبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکاران سەربخەن و خۆیان کەمترین خەساری ئەمنیی، جەستەیی و زانکۆییان بەر بکەوێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کوردە ئیسڵاحخوازەکان ئێستا بێ هیچ هەڵسەنگاندن و ڕەچاو کردنێکی بەرژەوەندی نەتەوەیی و تەنانەت، پلاتفۆڕمێکی یەکگرتوو و مافخوازانە و پشت بە دەنگی خەڵک لە رێگەی ڕاپرسیەکی سەرەکییەوە، هیچ نەبێت لە نێوان چەند خوێندنگا و زانکۆیەکدا، پەیمانی هاوڕیزیان لە گەڵ پاڵێوراوەکان داوە!
ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە خوێندکار و چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە خوێندنەوە و ڕاڤەو هەڵسەنگاندنی کەش و هەوای سیاسی ئێران و کوردستان، پێمانوایە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێراندا هیچ دەسکەوت و قازانجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی کورد تێدا نییە بۆیە داوامان ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت خوێندکاران، رووناکبیران و لاوانی ئازدیخواز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی 22ی جۆزەردان بە نەچونە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئەمجارەش پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان پوچەڵ بکەینەوە و بە دنیای دەرەوە بڵێین کە کۆماری ئیسلامی خاوەنی هیچ پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە لە کوردستاندا.
کۆمەڵێک لە خوێندکاران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی مەریوان
7 ي جۆزەردانی 1388 هەتاوی