نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له تاران ره‌تیكرده‌وه باڵوێزی نوێی ئێران له عێراق ناحه‌زی كوردان بێت، به‌ڵكو دووپاتیكرده‌وه كه دۆستێكی نزیك‌و له‌مێژینه‌ی كورده.
رووداونێت: چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنی عێراقی وایان بڵاوكردووه‌ته‌وه گوایه حه‌سه‌ن دانایی فه‌ر باڵوێزی نوێی ئێران له به‌غدا، ناحه‌زێكی سه‌رسه‌ختی كورده‌و به‌دژایه‌تیكه‌رێكی توندی بیری جیاخوازی كوردانی عێراق ناسراوه.
نازم عومه‌ر ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له تاران به(رووداونێت)ی راگه‌یاند "له‌مێژه دانایی فه‌ر به‌وه ناسراوه كه دۆستێكی نزیكی كورد‌و گه‌لانی عێراقیشه به‌گشتی، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هیچ ناحه‌زییه‌كی به‌رامبه‌ر كوردان نییه".
ده‌باغ له‌مباره‌یه‌وه نمونه‌یه‌كی یه‌كێك له هه‌ڵوێسته‌كانی پێشووی دانایی فه‌ر هێنایه‌وه‌و گوتی "له سه‌رده‌می هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفالی رژێمی به‌عسدا له‌دژی كوردان، جارێكیان دانایی فه‌ر بۆ فریاكه‌وتنی خه‌ڵكی ئه‌نفالكراوی كورد، به‌كۆپته‌رێك له ناوچه‌ی جافایه‌تی‌و ئاغجه‌له‌ر نیشته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری برینداری كورد سواری كۆپته‌ره‌كه‌ی كران‌و شوێنی ئه‌وی تێدا نه‌مایه‌وه، ناچار بوو بۆ ماوه‌یه‌ك دوابكه‌وێت‌و كۆپته‌ره‌كه‌ی ته‌رخان بكات بۆ گواستنه‌وه‌ی بریندارانی كورد به‌ره‌و ئێران".
سه‌رچاوه عێراقییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه كه دانایی فه‌ر هه‌ردوو زمانی كوردی‌و عه‌ره‌بیش ده‌زانێ‌و كه‌سایه‌تییه‌كی گرنگی پاسه‌وانی شۆڕشی ئێرانه‌و پێشتر له ده‌زگای دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رژێمی ئێران به‌سه‌رپه‌رشتی هاشمی ره‌فسنجانی كاری كردووه.
هه‌روه‌ها له‌دوای روخانی رژێمی سه‌ددامیشه‌وه، دانایی فه‌ر سه‌رپه‌رشتی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه پیرۆزه‌كانی كازمیه‌و كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌فی كردووه.
حه‌سه‌ن دانایی فه‌ر كه ساڵی 1962 له به‌غدا له‌دایكبووه‌و پێشتر له باڵی سه‌ربازی رێكخراوی به‌دری عێراقیدا كاری كردووه، رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی پۆسته نوێیه‌كه‌ی وه‌ك باڵوێزی ئێران له به‌غدا پێده‌سپێردرێت.