زۆربەی خوێنەران دەزانن کە ئێمە روونکردنەوەیەکی کورتمان لەسەر بڵاوکردنەوەی نووسینەکەی کاک شوان ئەحمەد لە ھەفتەنامەی ئاوێنەدا بە ڕای گشتی ڕاگەیاند. ئێمە لە ڕوونکردنەوەکەماندا نەمانویست بچینە ناو هیچ وردەکارییەکەوە کە پەیوەندی بە کۆی کێشەکەوە هەیە، خواستی ئەوەمان نەبوو ڕاڤەی نووسینەکەی کاک شوان بکەین و باس لە ھەموو ئەو ئیشکالییەتانە بکەین کە ئەم نووسینە وەک تێکست و وەک ھەڵوێست و وەک کاتی ھەڵبژاردن و وەک سایکۆلۆژیا ھەڵگرێتی، بەڵام پێدەچێت هەندێک لە خوێنەران بە تەواو هۆی هەڵوێستەکەی ئێمەیان بۆ ڕوون نەبێت. ئێمە وایدەبینین بڕی هەرە زۆری ناوەڕۆکی ئەو نووسینەی کاک شوان کەم و زۆر پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و ئیشی ئێمەش نییە وەڵامیبدەینەوە، چونکی ئێمە سەرەتا پێمانوابوو شتەکان بەجۆرێک زەق و زۆپ و ئاشکران کە هەڵوێستەکەی ئێمە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر نییە، بەڵام دوای کەوتنەوەی دەنگەدەنگێکی دەستکرد و دروستکراو لەسەر ڕاڤەکردنی نادروستی ئەو روونکردنەوەیە، مەبەستمانە زۆر بە کورتی هۆکانی ئەم هەڵوێستوەرگرتنە بۆ خوێنەرانی ئازیز ڕوونبکەینەوە و دوایی بێینە سەر هەندێک خاڵی ئەو موەاتەراتەی شوان ئەحمەد بە ناوی نووسینەوە بڵاویکردۆتەوە و بە کورتیش لەسەر هەندێک لە خاڵە سەرەکییەکانی دەوەستین.
ئێمە وەک لە ڕوونکردنەوەکەماندا باسمانکرد، کێشە گەورەکەمان لەسەر ئەو مەسەلەیە لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاوێنەدا بوو. هەڵوێستی ئێمە وەهابوو کە نەدەبوو ئەم نووسینە لەو ڕۆژنامەیەدا بێت و ئەم ھەڵەیە کە هەڵەیەکی ناپسپۆڕانەیە، بەسەر سەرنووسەری ئاوێنەدا تێپەڕبێت. چ کاک شوان محەمەد و چ کاک ئاسۆس هەردی شایەتحاڵی ئەوەن کە ئێمە چەندین جار بەوانمان گووت هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دۆکۆمێنتەکانی ئەو نووسینەدا نییە و ئەوە شتێکە هەم ئیشی ئێوەیە و هەم پێویستە، بەڵام ئەمە تەنیا لایەنێکی نیازی ئەو نووسینەی کاک شوان ئەحمەدە و ئەوەی دەمێنێتەوە کۆمەڵێک ڕەهەندی ترسناکن کە تێپەڕینی بەسەر ئاوێنەدا نەک ھەر کارێکی ئیجابی و گونجاو نەبوو، بەڵکو ھەڵەیەکی پیشەیی بوو.
بە گشتی کۆی ئەو خاڵانەی ئێمە و ژمارەیەکی گەورە لە خوێنەری وردبینیشی بێزارکرد، ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم: نەدەبوو ئاوێنە ئەو بەشانە بڵاوبکاتەوە کە قسەوقسەڵۆکی ناو دەزگای سەردەمن، وەک ئەوەی رەئوف چی بە شێرکۆ وتووە، ئازاد چی بە دڵشاد وتووە و دڵشاد چی بە شوان و هەڵکەوت وتووە. ناچێتە عەقڵەوە ڕۆژنامەیەکی جیدی کە ئێمە لە ناو هەموو ڕۆژنامەگەری کوردیدا هەڵمانبژاردوە و کردوومانە بە مینبەری خۆمان لە پاڵ نووسینی ئێمەدا ئەمشێوە نووسینە بڵاوبکاتەوە. جگە لەوەی ئەم قسانە لەهەر وڵاتێکدا یاساسەروەر بێت و شتێک هەبێت ناوی ئێتیکی ڕۆژنامەگەری و نووسین بێت، کارێکی نایاسایی و نادروستە، چونکی ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بە ئارەزووی خۆی قسەی خەڵکی تر لە دانیشتن و کۆبوونەوە شەخسییەکاندا بگێڕێتەوە و بیگەیەنێتە ناو ڕووبەی ڕۆژنامەکان و ببێتە ھۆکاری تێکدانی پەیوەندی و فیتنەخستنەوە، ئەم کولتووری نووسینە مەگەر لە ڕۆژنامەگەری زەردا و بەزۆر بکریت بە بابەتی ڕای گشتی، ئەگینا قسەو قسەڵۆکی ناو برادەرانی سەردەم یان هەر دەزگایەکی تر، کەی کێشەی خوێنەری کورد و کۆمەڵگای پڕ کێشەی ئێمەیە. کەی کێشەی ڕای گشتییە، ڕای کاک ڕەئوف لەسەر کاک دڵشاد یان کاک ئازاد لەسەر کاک شوان بزانین. ئەم قسانە دوور و نزیک پەیوەندییەکیان بە ڕای گشتی و خەڵک و دۆزینەوەی گەندەڵییەوە نییە لەناو دەزگایەکدا.
کاک شوان ئەحمەد بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست ستراتیژێکی ھەڵبژاردووە بۆ نووسین و داڕشتن کە زیان ھەم بە ئێتیکی نووسین و هەم بە کولتووری نووسین و ھەم بە پەیوەندییە کەسییەکان دەگەێنێت. لەدوای ئەم نووسینەوە دەبێت لەوە بترسین کە فەزای پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیرەکان وەکو فەزای ناو پێکھاتی سیاسەتی لێبێت، فەزایەک کە کەس بڕوای بە کەس نەمێنێت و متمانەی نێوان برادەر و دۆستەکان و کارمەندەکان لەگەڵ یەکتر وردبێت و هەر کەسێک نوکتەیەکی لەسەر برادەرێکی خۆی گێڕایەوە و گلەیییەکی لە هاوڕێیەکی خۆی هەبوو، بەیانی لەسەر ڕووپەڕی ڕۆژنامە پڕتیراژەکانی ئێمە بیبینێتەوە.
ئێمە چاوەروانی ئەم کاراکتەرە لە کاک شوان نەبووین و بەکارێکی ناڕەوای دەبینین کە تۆڵەسەندنەوە بچێتە ناو کولتووری ململانێی نێوان نووسەران و ڕۆشنبیران، فیتنەخستنەوە ببێت بە چەکی ئیشکردن و زمانی قسەکردن. کاک شوان لەبری بەکارھێنانی عەقڵ و بەگەڕخستنی زمانی لۆژیک و ئیقناعکردنی بەرامبەر بۆ باسکردنی مافی خۆی، خواستی تۆڵەسەندنەوەی کردووە بە ستراتیژی نووسینەکەی. ئێمە وەک هاوڕێ داوای ئەوەمان لە کاک شوان ئەحمەد کرد، هەرچی دۆکۆمێنتێکی لەسەر گەندەڵی لایە بڵاویبکاتەوە، بەڵام نەکەوێتە دەستبردن بۆ شتی شەخسی، چونکە ئەمە هەم هەڵوێستی و هەم نووسینەکەی لاواز و ناشیرین دەکات، بەڵام کاک شوان بەم نووسینەی تەنھا مەبەستی خستنەبەرچاوی گەندەڵی دەزگاکە نەبوو، بەڵکو ل دەیویست دۆست و هاوڕێ کۆنەکانی خۆی لەسەردەمدا بدات بە شەڕ. گەر ئەمجۆرە نووسینە لە ڕۆژنامە "باش"ـەکانی ئێمەدا ببێت بە کولتوور، ئەوا سبەی نە هاوڕێ بڕوای بە هاوڕێ دەمێنێت و متمانەی شەخسی نێوان مرۆڤەکانیش هەموو وردوخاشدەبێت. کاتێک ڕەخنە و نوکتە و شۆخی بکرێن بە کەرەسەیەکی ناڕەوا بۆ تۆڵەسەندنەوە، ئێمە دەپرسین ئەمە چ مۆراڵێکی کۆمەڵایەتییە کە کاک شوان دەیەوێت بیهێنێتە کایەوە، ئەوە چ کۆمەڵگایەکی پڕ تیرۆر و پڕکۆنترۆڵی شەخسی دەردەچێت، کاتێک هیچ هاوڕێیەک نەوێرێت لای هاوڕێیەکی قسەبکات، لەوە بترسێت قسەکانی بڕۆن بۆ ڕۆژنامەیەک؟ کاک شوان لەباشترین حاڵەتدا بەم میتۆدەی کە ھەڵیبژاردووە بۆ نووسین، لەو ئیسلامییانە دەچێت کە دەڵێن "علی و علی اعدائی" و خۆیان دەتەقێننەوە، ئیتر بەلایانەوە گرنگ نییە لەو بەینەدا چ بێگوناهێک دەسووتێت و کێ برینداردەبێت. ئەمجۆرە لە "خۆتەقاندنەوەی ئەخلاقی" نە بە میتۆدی کەسێکی عەلمانی و عەقلانی تەفسیردەکرێت، نە لەگەڵ ئێتیکی بەبازاڕکردنی ڕۆژنامەوانیشدا دەگونجێت، وەکو دۆستانی ئاوێنە پێیھەڵساون. ئەم کولتووری ململانێیە نابێت ببێت بە کولتووری باوی ناو ڕۆشنبیری کوردی؛ کاتی خۆی کاک شوان کتێبێک چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئاراس فەتاحدا لەسەر "چەمکی ململانێ" چاپکرد، ئەگەر بە ئاستەم لە مانای ئەو کتێبە تێبگەیشتایە دەیزانی کە گرنگترین مەرجی بەڕێوەبردنی ململانێ، هەم عەقلانییەت و هەم دوورکەوتنەوەیە لە مۆراڵی تۆڵە، بەڵام ئەم ئێتیکی ململانێیەی کاک شوان پەیڕەویدەکات سەرتاپای لەسەر توڕەیی و توڵە و شێوازی "خۆتەقاندنەوە" دامەزراوە. ئێمە بیری دۆستان و ھاوڕێیانی ئاوێنەی دەخەینەوە، کاتی خۆی کە ستافەکەی ئاوێنە لە ھەفتەنامەی ھاوڵاتی جیابووەوە، لەبەرئەوە بوو کێشە و ململانێتان هەبوو، بەڵام هەمووشمان ئەو ڕاستییە دەزانین کە بەرزئاکاری ھەردوولاتان بوو کاتێک کێشەکانی خۆتان و قسەو شتە شەخسییەکانی نێوانتان نەبردە ناو ڕووبەری ڕای گشتی و یەکتریتان پێنەشکاند و بریندارنەکرد، ئێمە خۆمان کاتێک لە دەزگای سەردەم جیابووینەوە، ھەمان ئەو ئێتیکەمان ڕێزلێگرتووە بە ھەموو جیاوازییەکانمان لەگەل کەسان و دەزگای سەردەمدا، سەیر لەوەدایە تەنانەت لەناو ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتیشدا ئەم ئێتیکە ڕێزی زۆرتری لێگیراوە، وەک لەو نووسین و کردارەی کاک شوان ئەحمەددا.
دووەم: ئاوێنە نەدەبوو قبووڵی ئەوەبکات شوان ئەحمەد لە ڕێگای ھەفتەنامەکەیانەوە هەڕەشەی ئاشکراکردنی «فەزیحەی ئەخلاقی» لە خەڵک بکات. چۆن دەبێت ھەفتەنامەیەکی وا جیدی کە هەموو ڕێزی دەگرین و دەمانەوێت ببێتە جێگای متمانەو بنەمای دامەزرانی ڕۆژنامەگەریییەکی ئازاد، ببێتە شوێنی تیرۆرکردنی ئەخلاقی خەڵک (ئەم خاڵە دواتر دێینەوە سەری). ئەی ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە لەسەر ئەوە هەڵوێست وەرنەگرین و سبەینێ بوو بە کولتوور، گەر سبەی هەر نووسەرێک یان کەسێک لە جێگایەک و لە گەڵ دەزگایەک تێکچوو، یان هەر ئەندامێک لەگەڵ بزووتنەوەیەکی سیاسی شەڕی بوو و کەوتە هەڕەشەی ئەوەی کە پەیوەندی ئەم پیاو لەگەڵ ئەو ژن و ئەم کچ لەگەڵ ئەو کوڕ بڵاودەکاتەوە، ئەمە ڕۆژنامەی ئاوێنە و دۆخی ئازادی لە دونیای ئێمەدا بۆ کوێ دەبات و ئەخلاقی ڕۆژنامەگەری ئێمە دەگەیەنێتە کوێ؟ گەر نووسەرێک ڕێزی ئەو پەڕەیە بگرێت کە لەسەری دەنووسێت، چۆن بوار بەوەدەدات بکرێت بە شوێنی دەستبردن بۆ ئابڕووی دەیان کەس کە سەر بە کێشەکە نین. گەر ئەوە بە هەندێک کەس قبووڵدەکرێت ئەوا بە ئێمە قبووڵ ناکرێت، چونکە تێگەیشتنمان بۆ ئەخلاق جیایە. فەزیحەی ئەخلاقیش لای ئێمە ئەوە نییە خەڵک لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا چ جۆرە ئەخلاقێک هەڵدەبژێرن، بەڵکو ئەوەیە شەرم نەکەیت و دەست بۆ ژیانی تایبەتی خەڵک بەرێت.
سێهەم: نووسینەکەی شوان ئەحمەد لە زۆر جێگادا پڕە لە درۆی ئاشکرا و شکانی کەسانێکی دیار بە ئەنقەست و بە مەبەست، وەک ئەو قسانەی لەسەر شێرزاد حەسەنی نووسەر کردوێتی. برایانی ئاوێنەش لە ئێمە باشتر مامۆستا شێرزاد دەناسن و دەزانن ئەم قسانە هیچ نین جگە لە کۆمەڵێک بوختانی ناڕەوا کە شوان ئەحمەد لە نووسینەکەیدا بۆ نووسەرێکی پاک و گەورەی وەک شێرزادی دروستکردوە، نەک هەرئەوە بەڵکو دەزگای سەردەم خۆی چەندین کەس و نووسەر و فەرمانبەری پاک کاری تێدادەکەن کە وەک شوان ئەحمەد بژێوی خۆیان لەو دەزگایەوە وەردەگرن؛ ئێمە تەنیا وەک نموونە ناوی کەسانی وەک هەورامان وریا و کامەران سوبحان و محەمەد ڕەشید دەهێنین، لەپاڵ چەندین کارمەند و نووسەر و خانمی بەڕێز کە لەو دەزگایە کاردەکەن کە نە کاریان کڕینی چاپخانەیە و نەدەشزانن وەزیفەی کۆمپرێسەر چییە، بۆچی ئەمانە هەموو بخرێنە تورەکەیەکەوە و بە ناوی ئەوەی کاک شوان «فەزیحە ئەخلاقییەکانیان» ئاشکراناکات، لە دەزگای سەردەم لکەداربکرێن و ژیان و بژێوییان بخرێتە مەترسییەوە. چۆن ڕۆژنامەیەک نابێت هەستیاری ئەم بابەتە ببینێت و بەسەریدا تێبپەڕێت.
چوارەم: بە نووسینەکەی شوانەوە دیارە کە لەوە توڕەیە کە دەزگای سەردەم نەیانناردوە بۆ دەرەوەی وڵات، لەمەدا هەقێکی شەخسی خۆیەتی، گەر وابێت، بەڵام ئەوەی ناھەقە ئەم ئیشکالییەتە ئیداری و شەخسییە بکات بە شەڕی گەندەڵی. ئەم مۆدێل و کێشە ئیداریانە لە هەموو دەزگاکانی دونیادا هەن، لەزۆربەی دەزگاکاندا ستافی باڵا زیاتر دەچن بۆدەرەوە و زیاتر سەفەردەکەن، وەک لە ئەندامانی خوارەوە. بۆنموونە لە ڕۆژنامەی ئاوێنەشدا ئەوەندەی کاک ئاسۆس و کاک شوان سەفەری دەرەوە دەکەن پەیامنێرەکانی کفری و زەڕاین و کەلار نایکەن. پرسی ئێمە ئەوەیە، ئەرێ ئەمە کەی کێشەی خوێنەری کوردە بزانین بۆ کاک رەئوف سەفەری کردوە و کاک شوان ئەحمەد نەیکردوە! ئاوێنە یان ھەر دەزگایەکی تر، بە کوێ دەگات گەر هەر فەرمانبەرێک ناوی بۆ شاند و سەفەر نەهاتەوە یان داوەت نەکرا، دەستبکات بە جنێودان بە دەزگاکەی و ئەمە بە گەندەڵی بزانێت... جگە لەوە، ھەر خوێنەرێک کاتێک نووسینەکەی کاک شوان دەخوێنێتەوە یەکسەر ئەو ھەستەی لا دروستدەبێت، ئەگەر سەردەم لە جیاتی کاک ڕەئوف و کاک ئازاد، کاک شوانیان بناردایە بۆ دەرەوە، ئەوا ملی بۆ هەموو شتێک دەنا و وەک چۆن ئەم هەموو ساڵە قسەی نەکردوە، ئێستاش نەیدەکرد. یان ئەگەر وانییە و کاک شوان خۆی سەفەری نەکردوە، بۆدەبێت کەسی دی لەو دەزگایەدا سەفەر نەکات و ئەمە چۆن دەبێت بخرێتە ژێر ناوی گەندەڵییەوە.
پێنجەم: شوان ئەحمەد بە بڵاوکردنەوەی نووسینەکەی چەندین وێنەی بۆ خۆی ڕیزکردووە و ھەر جارەش وێنەیەک وەکو کارت بەکاردەھێنێت. وێنەی شوان لەسەر خۆی وێنای کەسێکی ئازایە کە دژ بە گەندەڵی لە دەزگاکەیدا ھاتۆتە قسە، بەڵام شوان ئەو وێنەیەی تری خۆی نابینێت کە ھەموو پێوەرەکانی نووسینی خستۆتە ژێرپێ و بۆئەوەی بگات بە ئامانجێک پەیوەندی هەموو کەسانی نزیکی خۆی تێکدەشکێنێت. شوان لە ئامانجەکانیشدا یەک ئامانجی نییە، بەڵکو زیاد لە ئامانجێکی ھەیە. ھەر خوێنەرێکی سادە کاتێک لە ڕابردووی بێدەنگی شوان و ھۆکاری دەرچوونی لەسەردەم ئاگادار بێت، وێنەیەکی تری لا دروستدەبێت، وادەزانێت کە ئەم ناکۆکییەی شەڕی دابەشکردنی ناعەدالەتی سامانە و لە پارە خەرجکراوەکانی سەردەم کە ئەم کەمی بەرکەتووە، واتە بە تەعبیرێکی تر کێشەی لەگەڵ سیستمە گەندەڵەکەدا نییە وەکو خۆی بەیانی دەکات و بە خوێنەری دەفرۆشێت، بەڵکو کێشەی لەگەڵ ئەوەدایە کە پارەکان لەناو سەرانی سەردەم بە ناھەقانە دابەشکراون و ئەم بەشی بەر نەکەوتووە، چونکی شوان تەنھا پاش دەرچوونی لە دەزگای سەردەم ئەم ناھەقییەی بیردەکەوێتەوە و دەیکات بە بابەتی گەندەڵی و نووسین. بەبڕوای ئێمە نابێت ئاوێنە ببێت بە جێگایەک بەمجۆرە تەسویقی کێشەیەکی ترسناکی وەک کێشەی گەندەڵی بکات و دۆستانی ئاوێنە نەدەبوو لەم خاڵە هەستیارانەدا بێئاگا بمێننەوە. چی شتێک لە دنیادا لەوە گەندەلتر هەیە لەوەدا خۆت بە مەغدور بزانیت کە لە گەندەڵیت بەرنەکەوتووە. ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین ئاوێنە کێشەی لەگەڵ سیستمی گەندەڵیدا هەبێت، نەوەک ببێتە مینبەر بۆ ئەوانەی کە بەبەشی خۆیان لە ناو گەندەڵییەکەدا ڕازی نین. ئێمە داوا لە ئاوێنە ناکەین ببێتە ڕۆژنامە ئەوروپییەکان، بەڵام خۆ دەتوانن سەیرێکی ڕۆژنامەی حەیاتی عەرەبی بکەن، سەیرێکی ڕۆژنامەی شرقی ئێرانی بکەن، چی ڕۆژنامەیەک لەم دونیایەدا نووسینی وابڵاودەکاتەوە، فەرمانبەرێک دابەزێت و قسەوقسەڵۆکی ناو دائیرەکەی بڵاوبکاتەوە؟ ئەگەر برادەرانی ئاوێنە لە هەموو ڕۆژنامە گەورە و بچوکەکانی ناوچەکەدا نووسینێکی تری وایان دۆزییەوە ئێمە دەجار داوای لێبوردنیان لێدەکەین. بەپێی ئیشی ڕۆژنامەگەری حیرفەیی دەبایە ئاوێنە هەموو دۆکۆمێنتەکان لەسەر سەردەم بڵاوبکاتەوە بەبێ ئەوەی ئەسڵەن ناوی شوان ئەحمەد بهێنرێت، لەبەرئەوەی گەندەڵی کێشەیەکی گشتییە و بابەتی موزایەدە و موەاتەرەی شەخسی نییە، بابەتی ئەوە نییە فەردێک بۆ خۆی بەکاریبهێنێت. ئەگەر ئەوەش نەدەکرا، دەبایە نووسینەکەی بەبێ ئەو هەموو پەلامارە شەخسییە و تەعەدا بێسنوورانە بڵاوبکرێتەوە. . ئەو دۆکۆمێنتانەی مامەڵە لەگەڵ ماڵ و سەروەتی گشتیدا دەکەن موڵکی هەموو کۆمەڵگان، نەوەک موڵکی کەسێک بێت بیفرۆشێت و موزایەدەی پێوەبکات و هەڕەشەی لە خەڵک پێبکات. دوائەوە دەبێت تەحقیق لە ڕاست و دروستی دۆکۆمێنتەکان بکرێت و سەد دەر سەد لە دروستیان دڵنیابیت ئەوسا بڵاویانبکەیتەوە، دوای ئەوە ئەگەر ئەو دۆکۆمێنتانە چوونە خانەی گەندەڵییەوە دەبێت لە پاڵ تێکستی قانونی و سەلماندنی قانونی و بەڕوونکردنەوەی یاساییەوە بخرێتە بەر دەستی خوێنەر، تا ئەوەی دەچێتە ژێرخانەی گەندەڵییەوە بە تێکستی قانونی بسەلمێت نەوەک بە کەیفی ئێمە و ئەو. ئەگەر ئاوێنە دەیەوێت شەری گەندەڵیبکات، ئەمە ئەلف و بێی ئەو شەڕەیە. لە هەموو ئەم دونیایەدا شەڕی گەندەڵی بەو کەناڵانەدا دەڕوات. دوائەوە گەر سەردەم گەندەڵە خۆ ئەمە مافی ئەوە بە کەس نادات نوکتەی کاک رەئوف لەسەر کاک هەڵکەوت و خێزانی ئەو بڵاوبکاتەوە... ئێمە هەفتەیەک پێش ئەوە هەر لە ھەفتەنامەی ئاوێنەوە ڕووبەڕووی سەرۆکی هەرێم وەستاوین و داوای ئازادیدەکەین و دەڵێین خەڵکی ئێمە ئازادی خراپ بەکارناهێنن و ئەوە دەسەڵاتدارانە دەسەڵات خراپ بەکاردەهێنێت، بەڵام ئەم جۆرە سیاسەتانە هەمووجارێک هەرچی دەنگێک کە بەرگری لە ئازادی ڕاستەقینە دەکات، بە پشتدا دەمانخەنە چاڵەوە و هەڵوێستمان لە بەرامبەر دەسەڵاتداراندا لاوازدەکەن، بێئەوەی هەست بەوەش بکرێت کە ئەمە چەند زیان بە کۆی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا دەگەێنێت، چەند زیان بە خەونی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی هاوسەنگ و تەندروست دەگەێنێت. ئێمە خەونمان ئەوەیە و بۆئەوەش ئیشدەکەین کوردستان ڕۆژێک ببێتە خاوەنی ڕۆژنامەیەکی ڕاستەقینە، بەڵام ئەمجۆرە سیاسەتانە هەموو جارێک ئەمجۆرە خەونە وا دووردەخاتەوە، وەک ئەفسانەی لێدێت و دەمانگێڕێتەوە بۆ ناو کولتووری بەردەفڕکی و قۆڵبادان و ئیشکردن لەسەر ئابڕوو.
لە ڕاستیدا ئەوانە بەگشتی هۆی توڕەیی ئێمەبوون لە ئاوێنە، نەوەک وەک شوان ئەحمەد بانگەشەی دەکات، گوایە ئەو کەشفی گەندەڵی کردوە بۆیە ئێمە پێمان ناخۆشە و هەڵوێستمان وەرگرتووە و بەرگری لە سەردەم یان گەندەڵی دەکەین و دەیەوێت خەڵکانێک کە توانای بینین و تێگەیشتنیان سنوردارە بەوقسانە بخەڵەتێنێت. ئێمە لەسەر ئەوەش هەڵوێستمان لە ئاوێنە وەرنەگرتووە کە گوایە کاک شوان "زمانی زبری" بەکارهێناوە. کەسمان لەدوور و نزیک باسی زمانی زبری لەگەڵ ئاوێنە و شوانیشدا نەکردوە. شوان ئەحمەد و هەر کەسێکی دیش ئازادە چ زمانێک بەکاردەهێنێت، بە مەرجێک بۆ بەرگریکردن لەو هەموو ئیشکالییەتە نەبێت. بەڵام زمانی زبر ئەوە نییە قسەوباسی ناو برادەرانی خۆت بکەیت بە نووسین، تۆمەتی ئەخلاقی و هەڕەشەی ئەخلاقی لە کۆی کارمەندانی دەزگایەک بکەیت کە ساڵانێک بێدەنگ بوویت بەرامبەری، درۆ و بوختان بۆ کەسانێکی وەک مامۆستا شێرزاد دروستبکەیت... ئەمەیان لادانە لە ئێتیکی نووسین بە گشتی و لە ئێتیکی ڕۆژنامەگەری بەتایبەتی. ئەمە ئەو زمانەیە کە ئێمە قبووڵمان نییە ببێت بە کولتووری نووسین و ڕۆژنامەیەکی گرنگ و ئازادیش ببێت بە ڕووبەری تەسفییەی حیساباتی شەخسی.
ئێمە بە ڕوونکردنەوەکەمان یەک پەیاممان بۆ خودی ڕۆژنامەی ئاوێنە و تەنیا برادەرانی ئاوێنە هەبوو و کەسی تر، ویستمان پێیان بڵێین "ئەمە وانابێت" وەکو لە ھەموو شتەکانی تر بێدەنگ نەبووین کە پەیوەندی بە ناعەدالەتییەوە ھەیە، لەمەش ناتوانین بێدەنگبین. و بەدەم و نووسینیش ئەو خاڵانەی سەرەوەمان پێگووتن، کە هەڵبەت خۆشبەختانە بە سنگێکی دۆستانە و فراوانەوە لێیان وەرگرتین و تا ئەو جێگایەی کە لە زۆربەی خاڵەکاندا لەگەڵماندا بوون.
ئێمە لە نووسینی یەکەمی شوان ئەحمەددا ئەو قارەمانانەین کە پشتی پێ بەستووین بۆ ئەوەی بمانکات بە سەنگەر و هەوڵدەدات بۆی ببین بە پرد تا ئەم خاڵانە بەسەر پشتی ئێمەدا بپەڕێنێتەوە، کەچی لە ماوەی دوو ڕۆژدا کە زانی ئەمە ناکرێت، لە ناکاو ئێمە بووین بەوانەی کە حیلفی موقەدەسمان لەگەڵ جەلال تاڵەبانی هەیە!!! بۆیە لێرەدا بڕیارماندا بۆ یەکجار چی قسە و ئیشکالییەتێکی تریشی هەیە کە لە دوور یان نزیک پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، بیخەینە بەر دەستی خوێنەران، تا ئەو کەسەی گرفتێکی لە تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئێمەدا هەیە، زیاتر بۆی ڕوونببێتەوە. ئێمە دڵنیاین کە خوێنەرە راستەقینەکانمان حەرفێکیش نەنووسین گومانیان لە ئێمە نییە و ساڵەهایە درۆ ودەلەسە لەسەر ئێمە دێت و بەلای گوێیاندا دەڕوات وەکو ئەوەی نەبووبێت، بەڵام ئەم نووسینە بۆ ئەو خوێنەرانە دەنووسین کە بەڕاستی خۆشمان دەوێن و ڕەخنەیان دەخەینە سەر دڵ و چاو و بە هەقی خۆیانی دەزانین هەم لێمانبپرسنەوە و هەم داوای تەفسیر و ڕوونکردنەوەشمان لێبکەن، چونکە پێدەچێت ڕوونکردنەوەکەی پێشوو لە بەرکورتی بەپێی پێویست بەرچاوی ڕۆشن نەکردبێتنەوە.
1. ڕاستییەک کە لەوانەیە هەندێک خوێنەری ئاسایی نەیزانن ئەوەیە کە نووسینەکەی شوان ئەحمەد جگە لەو بڕە دۆکۆمێنتە نوێیانەی کە بڵاویکردوونەتەوە و پێویستی بە سەلماندن ھەیە و وەکو نووسیومانە دەزگای سەردەمی ڕووبەرووی ڕوونکردنەوە کردوە، بابەتەکانی تری کەم و زۆر پەیوەندی بە کەشفێکی نوێی گەندەڵییەوە نییە لەناو دەزگای سەردەمدا، چونکە بڕی زۆری ئەو حیکایەتانەی شوان باسیکردوون، زۆربەیان دەمێکە بڵاوکراونەتەوە و هەندێک لە کێشەکانیش لە مێژە لە دادگان. ئەڵمانەکان قسەیەکیان هەیە دەڵێن «پاسکیل دووجار اختراع ناکرێت». کاک شوان چونکە دەمێک ئەم شتانە لەسەر سەردەم ئاشکراکران هەڵوێستی نەبوو، ئێستە فێڵی ئەوە لە خوێنەر دەکات، وەک ئەوەی ئەم شتانە خۆی کەشفی کردبێت و لەسەر ڕۆشنایی ئەم کەشفە تازانەدا کە خۆی کردوێتی هەڵوێست وەردەگرێت، بەڵام ئەمە فێڵێکی گەورەیە لە خوێنەر، بێگومان ئەم شتانە چەند ساڵێکە لەویادان و شوان دەیانزانێت و کەچی ورتە لە بەردەوە هاتبێت لەوەوە نەهاتووە. . دیارە دەشێت کاک شوان وەک زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی سەردەم تاوانی لەو مەسەلانەدا نەبێت، بەبڕوای ئێمە ئەم شتانەش بە هەڵوێستی شەخسی چارەنابن، چونکە ئەگەر بڕیار وابێت موەزەفە پاکەکان لە دەزگا خراپەکاندا هەموو ئیستقالە بدەن، ئەوا لە سەدا نەوەدوپێنجی کوردستان بێئیش و بێموچە دەمێنێتەوە، بەڵام کە ئێستا کاک شوان هەڵوێستی شەخسی لەم شتانەدا وەها پێ گرنگە و کردوێتی بە هەڵا، بەبڕوای ئێمە هەڵوێستی ڕاستەقینە ئەوەبوو لەگەڵ زانینی ئەو ڕاستیانەدا، یان هەر هیچ نەبێت لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی «دیوانی چاودێری دارایی» لە ئاوێنەدا لەسەر دەزگای سەردەم، ئیستیقالەی بدایە، یان هیچ نەبێت شتێکی تری بکردایە، وەک ئەوەی نووسراوێک بۆ سەردەم بنێرێت یان جۆرە هەڵەوێستگیرییەک پیشانبدات. . نەوەک دوای ماوەیەکی زۆر درێژ و دوای ئەوەی لەسەردەمدا تووشی شەڕدەبێت، هاتنەدەرەوەی بکات بە شەڕی گەندەڵی و ئەم مەسەلەیە وەک مەسەلەی هەڵوێست لەگەندەڵی پیشانبدات. ئەمە هیچ نییە جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک و بەهەڵەدا بردنی ڕای گشتی. ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان نەمانگووتووە ئەو بەڵگانەی کە دەیسەلمێنن لەدەزگای سەردەمدا گەندەڵی هەیە بڵاونەکرێنەوە! ئەوەی دەیەوێت قسەی وابخاتە سەر زاری ئێمە هیچ نییە جگە لە بوختان و ڕاستی شێواندن و کەمویژدانی، ئێمە ڕامان وایە لەسەردەمدا و لە هەموو دەزگاکانی کوردستانیشدا بڕی گەورە و بچووک لە گەندەڵی هەیە، بەڵام دەڵێین هەڵوێستێکی ڕەوا نییە کە شەڕێکی شەخسی وەک شەڕی گەندەڵی بە خوێنەران و خەڵک بفرۆشرێتەوە، ئەمە لاوازکردنی ماناکانی شەڕی گەندەڵییە و زیان گەیاندنە بەم شەڕە.
گەر شوان شەڕی گەندەڵی دەکات بۆ دوای زیاد لە دە ساڵ بیری کەوتۆتەوە! ئەمە فێڵێکی ناشیرینە لەگەڵ خوێنەری کورد؛ کەچی شوان دەیەوێت ئێمە لەم شەڕەیدا پشتی بگرین و گەر لەمەشدا نەبووین بە هاوسەنگەری، ئەوا حیلفی موقەدەسمان لەگەڵ جەلال تاڵەبانیدا هەیە.
دواجار خۆزگە شوان ئەحمەد لە ئاستی ڕەخنەکانیدا لە مەسەلە دارایی و ئیدارییەکانی سەردەمدا بوەستایە، تا هەموو بتوانین پشتی بگرین و بەرگری لێبکەین، تا کێشەی ئاشکراکردنی گەندەڵی لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە نەبێتە کێشەیەک کە بە مەزاج و بەپێی قازانجی تایبەتی و وەک وەرەقەیەکی فشار لە کاتی شەڕی شەخسیدا بەکاربێت، چونکە ئەمە خۆی دەچێتەوە ناو سیستمی گەندەڵی و بەشێکی گرنگی میکانیزمی ئیشکردنی سیستمە گەندەڵەکەشە.
بهدرێژای ئهو ماوهیه كه كاك شوان ئهو نووسینهی نووسی به ئاگاداری زیاد له برادهرێك رێبین ههردی تكای لێكرد كه دۆکۆمێنتەکان بڵاوبکاتەوە و لهنووسینەكهیدا شتی شهخسی نهوروژێنێتو پهنجه بۆ ههندێك مهسهلهی ژیانی تایبهتی نهبات، تكای دۆستانەی لێكرد کە خۆی لهو جۆره نووسینه بپارێزێت و قسەی نێوان برادەران نەگێڕێتەوە، بگره کاک ئاسۆس ههردیش كه پێش بڵاوبوونهوە، نووسینهكهی پیشاندابوو، ههموو ئهو بهشه شهخسیانهی بۆ سووركردبوو كه دهبوو لایبدات، چونكه نه لهڕووی یاسایی و نه لهڕووی ئهخلاقییهوه ڕاست نین، بەڵام بهداخهوه رێزی قسهی یهك كهسمانی نهگرتو نووسینەکەی بهو شێوهیه بڵاوكردهوە، كه هیچ مرۆڤێكی به ویژدان ئاماده نییه قبووڵی بكات. ئهوه چ ئهخلاقێكه كهسێك له ڕووی برادەرایهتییهوه زهمی كهسێكی لای ئێمه كردووه یان لهو کاتەدا توڕهبووهو ههندێك قسهی ناخۆشی وتوه، بچین نهك ههر بۆ كەسەكهی بگێڕینهوه، بهڵكو بیخهیهنه سهر كاغهزو بڵاویشیبكهینهوه. ئهمهی كاك شوان كردوێتی بهداخهوه تهنها یهك ناوی ههیه ئەویش فیتنهنانهوە.
ئەوەی لە نووسینەکەی شواندا ناشیرینە و قابیلی قەبووڵ نییە، ئەوەیە کێشەی گەندەڵی وەک چەکێک بۆ قازانجی تایبەتی خۆی و لەو تەوقیتەدا بەکاردەهێنێت کە خۆی پێویستی پێیەتی. ئەمە ئەو ئەخلاقەیە کە نابێت بۆ یەک ساتیش لێی بێدەنگ بین، چونکە ئەمە کولتوورێکی ترسناک دەخاتەوە، شوان چ کێشەی گەندەڵی و چ ناوی دەیان کەسی کردوە بەقوربانی شەڕێکی شەخسی خۆی و دەیان بابەتی جیاواز و دەیان شتی تێکەڵاوکردوە کە لە ڕێگای دژایەتیکردنی گەندەڵی لادەدات. ناکرێت تۆ بێپرس و ڕا سوودی خراپ لە ناوی ئەم و ئەو ببینیت و بیانکەیت بەسەنگەر بۆ شەڕە مەزاجییەکانی خۆت، ئەمە لای ئێمە دوورە لە ئێتیکی نووسین و لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا قبووڵ ناکرێت. بەڵام هەرچی پەیوەندی بە دەزگای سەردەمەوە هەیە، ئەوا وەکو ھەموو دەزگاکانی تر دەڵێین، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین هەموو سەرپێچی و لادانەکانیان بدرێتە دادگا و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت و گەر ماڵی گشتیشیان بەفیڕۆداوە، پێویستە بە سزای خۆیان بگەن. خۆزگە ئەم جورئەتەی بەرامبەر بە دەزگای سەردەم ھەیە بەرامبەر بە دەزگا ئەختەبووتییەکانی تری ناو دەسەڵاتدارێتی ھەردوو حیزبەکەش ھەبایە.
2. ئێمە کە چوار ساڵ لەمەوبەر دوای تەنیا 5 ژمارە "سەردەمی ڕەخنە"مان وەستان و لە دەزگای سەردەم هاتینەدەرەوە، لەبەرئەوە بوو دەمانزانی کۆمەڵێک ئیشکالییەت لە ناو دەزگاکەدا هەیە کە ئێمە ناتوانین لەگەڵیدا بژین، بۆیە بڕیارمان دا ئیشکردنی خۆمان لەگەڵ برادەرانی سەردەمدا بوەستێنین و هاتینەدەرێ. دیارە ئەوکات کاک شوان لە ئێمە باشتر ئاگاداری ئەو دۆخەبوو. لای ئێمە هەڵوێستی ئەخلاقی ئەوەبوو کە کاک شوان ئەوکات بهاتبایەتە دەنگ، چونکە ئەو کاتیش هەموو ئەم ڕاستیانەی دەزانی نەوەک دوای چوار ساڵ تازە قسەوباسی ناو سەردەم بگێڕێتەوە و خۆی وەک بەرگریکەر لە "سەردەمی ڕەخنە" دەربخات. ئەوەی دەیەوێت ئەو شەرەفە بدات بە خۆی کە گوایە بەرگری لە "سەردەمی ڕەخنە" کردووە، ڕاست نییە و ئێمە پێی ڕەوا نابینین. ئێمە واتێدەگەین دوای چوار ساڵ، غەمخواردنی ئێستای کاک شوان بۆ "سەردەمی ڕەخنە" غەمخۆرییەکی زۆر درەنگوەختە و تەنیا گۆڕینی "سەردەمی ڕەخنە"یە بۆ دەمامکێک لەپێناوی نیازێکی تردا. ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان پێمان خۆش نییە کەس بمانکات بە دەمامک بۆ خۆی و لە پشت ئەو دەمامکەوە یارییەکانی خۆی بکات و بیەوێت خۆی لە پشت ئێمەوە بپارێزێت. کاک شوان ئێستا بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکانێکەوە کە ئاگایان لە مەسەلەکان نییە واقسەدەکات وەک ئەوەی ئەوە ئێمە بین(ئاراس و بهختیار) زیاد لە دە ساڵە فەرمانبەری سەردەم بین، نەوەک ئەو. وەک ئەوەی ئێمەبین هەموو شتێکمان لەسەردەم قەبووڵکردبێت، نەوەک ئەو. ئێمە کاتی خۆی ساڵ و نیوێک لە سەردەمدا کارمانکرد، لەو ساڵ و نیوەدا بەپێی ئەو عەقدەی کردبوومان یەکی پێنج مانگ دەبایە بە فیعلی دەوامبکەین ، چونکە بە نۆبەت دەگەڕاینەوە بۆ کوردستان. بەڵام کە ئێمە لە دەزگایەک هاتینەدەرێ مانای ئەوە نییە وەک کاک شوان چی قسەیەک لە نێوان برادەراندا لەوێ کراوە بیخەینە سەر کاغەز، مانای ئەوە نییە ڕێزێک بۆ پێکەوەکارکردنمان دانەنێن و هەرچی بەهای ئەخلاقییە بیخەینە لاوە و وابزانین هەرچی لە سەردەمدایە دوژمنی ئێمەیە و بێئەخلاقە.
کاک شوان وەک چۆن چوار ساڵ لەمەوبەر جگە لە ھەڵوێستێکی شەخسی کە ئێمە ڕێزمان بۆی ھەبوو و ھەیە، هیچ هەڵوێستێکی عەمەلی نەبوو، بۆیە وەک ئەوسا چۆن بێکردە بوو، ئێستاش هەر بێدەنگ بوایە باشتر بوو. ئێمە ھیچ کاتێک نە داوامان لە کەس کردووە ھەڵوێستی ھەبێت و نە ڕێگەش دەدەین بەکاربھێنرێین بۆ ھەڵوێستفرۆشتن، وە نە کردووشمانە بە پێوەر بۆ دۆستایەتی. ھەڵوێست وەرگرتن تەنھا لەناو زەمەنی خۆیدا دەژی، ھەر کاتێک لە دەرەوەی زەمەنی خۆی خرایە گەڕ، ئەوە لە ھەڵوێست دەردەچێت و دەبێتە گەمەیەکی ناشرینی تەکتیکی بۆ مەبەستێکی تر.
3. کاک شوان لە نووسینەکەی یەکەمیدا باس لە هەڵوێستێکی بەختیار عەلی دەکات کە گوایە دوای ئەوەی کە گۆڤاری سەردەمی ڕەخنە وەستا، نووسینێکی خۆی کە لەسەر دیوانی "کورسی" کاک شێرکۆ بووە و دەبوو لەسەردەم چاپ ببێت وەستاندوێتی و تا ئێستا بڵاوینەکردۆتەوە، گوایە بەختیار بەوجۆرە هەڵوێستی لە کاک شێرکۆ وەرگرتووە. لەڕاستیدا ئەمەش هیچ نییە جگە لە قسەیەکی ناڕاست و هەوڵێکی ترە بۆ چەواشەکردنی خوێنەرانێکی بەستەزمان کە ئاگایان لەم شتانە نییە.
هەموو خوێنەرانی کورد دەزانن کە بەختیار ڕەنگە یەکێک بێت لەو نووسەرە کەمانەی هیچ کتێبێکی خۆی تا ئێستا لە هیچ دەزگایەکی ڕۆشنبیری حکومی چاپنەکردوە و هەموو کتێبەکانی بە ڕێکەوتن بووە لەگەڵ چاپخانە و کتێبخانە ئەهلییەکاندا، کە کاتی خۆشی کتێبی لەسەردەم چاپ نەکرد هەر لە بەر پاراستنی ئەو پرنسیپە بوو. دوائەوە ئێمە کەسمان لەوانە نین شیعری شێرکۆ تێکەڵ بە ژیان و هەڵوێستی شێرکۆ بکەین، ئێمە بەدرێژایی ژیانمان ڕەنگە کەمجار لە هەڵوێستی سیاسیدا لەگەڵ کاک شێرکۆدا تەبابووبێتین، بەڵام شیعری شێرکۆ ئەوە موڵک و سەروەتێکی گەورەی ئەدەبی ئێمەیە... ئەمە کەم و زۆر پەیوەندی بە شێرکۆی بەڕێوەبەری سەردەم، یان شێرکۆی سیاسی و دۆستی مام جەلالەوە نییە کە بە ئێمە نامۆن و پەیوەندیمان پێوەی نییە و بە موڵکی خۆمانی نازانین. ئێمە دەزانین کاک شێرکۆ مودیرێکی ئیدیال نییە و خۆزگە خۆی بۆ شیعر تەرخاندەکرد و وازی لە کاروباری ئیداری دەهێنا، خۆزگە کاک شێرکۆ قەت شتێکی نەدەنووسی بۆنی ستایشی ئەم سیاسی یان ئەو حیزبی لێبێت. بەڵام ئەمانە خۆزگەی شەخسی ئێمەن و جەبرێکمان بەسەر کەسەوە نییە خۆزگەکانی ئێمە جێبەجێبکات؛ ھەر وەکو چۆن چەند جارێکیش پێشنیاری دۆستانەی ئەوەشمان بۆ برادەرانی سەردەم کردووە کە ئەم دەزگایە پێویستی بە بەڕێوبەرێکی ئیداری ھەیە، ئەمانە ھەمووی مرۆڤ دەتوانێت قسەی لەسەر بکات و ڕەخنەی بکات، بڕیاری ئێمەش لەسەر شێرکۆی شاعیر پەیوەندی بەوەوە نییە چەندە شێرکۆ لەو خۆزگانەی ئێمەوە نزیکە. گەر مرۆڤ نەتوانێت شێرکۆی شاعیر لەو شێرکۆیانەی تر جیابکاتەوە، دەبێت عەقڵی چ جیاوازییەکی هەبێت لەگەڵ عەقڵی ئەوانەدا کە دەڵێن ڕامبۆ و ئۆسکار وایلد و فۆکۆ و ئەندریە جید و بارت ناخوێنینەوە چونکە هۆمۆسێکسوێل بوون، یان جان جینییە شانۆنووسێکی گەورە نییە چونکە دز بووە، یان فەیلەسوفێکی وەک ئالتۆسێر فەیلەسوف نییە چونکە ژنەکەی خۆی کوشتووە، یان ئەندریە مالرۆ ناخوێننەوە چونکە هاورێی دیگۆڵ بووە، یان ڕۆماننووسێکی بلیمەتی وەک کنۆت هامسن ڕۆماننووس نییە چونکە نازی بووە، یان ئەزرا پاوەند ناخوێننەوە چونکە فاشی بووە، یان گۆرکی و شۆلۆخۆف و حەمزاتۆڤ ناخوێنینەوە چونکە شیوعییەکی هەواداری دەوڵەتی ستالینی بوون، یان مارکیز بە گەورە نابینن چونکە برادەری دیکتاتۆرێکی وەک کاسترۆیە، یان هێرمان هێسە و دیلان تۆماس تەنیا وەک تلیاککێش و ئەلکهولیکە سەیردەکەن، یاخود گوینتەرگراس دەبێت فڕێبدەینە ناو زبڵخانەوە، چونکی لە کاتی گەنجیدا لەناو ڕێکخراوی لاوانی س. س.ی نازی بوو... ڕۆشنبیرێک نەتوانێت فاسیلە و مەسافە لە نێوان بەرهەم و خودی نووسەرەکە دابنێت، مرۆڤ دەبێت گومان لە هەموو حوکمێکی بکات... گەر شوان لە ئاستی ڕەخنە لە شێرکۆی بەڕێوەبەری سەردەمدا بوەستایە و ئەو هەموو قسە ناشیرینەی بە شێرکۆی شاعیر نەگووتبایە، ئەوا دوورو نزیک مەسەلەیەک نەبوو، بەڵام گاڵتەکردن و قەشمەریکردن بە "شاعیری گەورە" و گۆڕینی ئەم گوزارەیە بۆ بابەتی لاقرتی و شێواندنی شیعری فایەق بێکەس، هیچ نییە جگە لە تێکچوونی توانای حوکمدان و تێکەڵکردنی شتەکان بەیەکتر، گەر کاک شوان شتی لەسەر شیعری شێرکۆ بنووسیبایە و گاڵتەشی بە گەورەیی شێرکۆ بکردبایە هەر زۆر لامان ئاسایی بوو، بەڵام کاک شوان لە جێگایەکدا کە باسی شیعر نییە گاڵتەجاڕی بە شیعر و شاعیرییەت دەکات. ئەمە ناھەقییە! شێرکۆ کە گەورەیە، نە ئێمە و نە شوان و نەکەس گەورەی نەکردوە، بەڵکو بەو هەزاران لاپەڕەیە لە شیعر و داھێنان گەورەیە کە بێوچان دەیخاتە سەر ئەدەبیاتی ئێمە. کاک شوان فەرمانبەرێکی سەردەم بووە و شەڕی لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەیدا بووە، ئەمە ھیچ هەقێکی ناداتێ کە پەلاماری مێژووی ئەدەبیاتی ئێمە بدات و ئەو گەورەی و بچوکی ناو ئەو مێژووە دیاریبکات و ئەم مەسەلەیە بکات بە دیدگای ئەدەبی و لەوێوە قسە لە شاعیرییەت بکات. گەورە و بچوکی ئەدەبیات بە ئیش لە ناو ئەدەبیاتدا دەستنیشاندەکرێت، بە پێوەری ئەدەبی دەستنیشاندەکرێت، نەوەک بەوەی نووسەرەکان لە دائیرەکانیاندا چی دەکەن و لەگەڵ کێدا شەڕیان دەبێت. ئێمە لەو خوێنەرانە دەپرسین کە کەیفیان بەو جۆرە نووسینانە دێت و باڵای پێدەکەن: چ لۆژیک و چ عەقڵێک ڕێگا بەوە دەدات، شاعیرییەتی شێرکۆ، جگە لە لۆژیکی شاعیرییەت بە هیچ لۆژیکێکی تر بپێوین. چ نووسەرێکی تر ئەوە قەبووڵدەکات کێشەیەکی نائەدەبی بکرێت بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدەبەکەی. گەر شوان لە سیاقی باسکردنی شیعردا پەلاماری شاعیرییەتی کاک شێرکۆی بدایە هەر زۆر ئاسایی بوو، ڕۆژانە خەڵکێک هەیە ئەو کارە بەرامبەر هەموومان دەکەن و جنێویشمان پێدەدەن و بە نەخوێندەواریشمان دەزانن و کێشەشمان لەگەڵیاندا نییە و بابەردەوامیش بن و دەستیان دەرد نەکات، کەی کێشەیە تۆ ئەم بە نووسەر نەزانیت و ئەو بە شاعیر نەزانیت، بەڵام ئەمە دەبێت لە سیاقی باسکردنی شیعردا بێت، نەوەک تێکەڵ بە بابەتی کڕینی کۆمپرێسەر و سەفەری ڕەئوف بێگەرد و ئەساسی ماڵی کاک هەڵکەوت عەبدوڵا بکرێت! ئەمە داھێنان و دەستپێشخەرییەکی خراپی کاک شوانە هەر کەسێک ناکۆکی لەگەڵ مودیرەکەیدا هەبوو، خۆی بکات بە مێژوونووسی ئەدەب و بەپێی مەزاجی ئەو باش و خراپ لە ئەدەبیاتدا دەستنیشانبکرێت... ئەمە دیاردەیەکە هەر کەس بە ئەندازەی سەرە دەرزییەک خەمی نووسین و ئەدەبیاتی ئێمەی بێت نابێت لێیببوورێت، لەوەش بترازێت ئێمە جارێکی تر بە کاک شوان دەڵێین ئەو نووسینەی کە ئەو لەسەر "کورسی" باسیدەکات، دوو ساڵ زیاترە لە گۆڤاری هەناردا بڵاوبۆتەوە و ئێمە کەسانێک نین گەر کێشەیەکی شەخسیمان لەگەڵ مرۆڤێکدا هەبوو ئەوە ببێتە مایەی بڕیاردانی ئەدەبیمان، چونکە ئەوە جۆرێکە لە ئینتیهازییەت کە لە هەموو نووسەرێکی ڕاستگۆوە زۆر دوورە. کێشەی ئێمە لەگەڵ سەردەمدا دەبێت چ پەیوەندییەکی بە دیوانی کورسییەوە هەبێت.
4. ئەو قسانەی کاک شوان لەسەر مامۆستا شێرزاد دەیکات لای ئێمە لە هەموو بەشەکانی تری نووسینەکەی بێویژدانانەترە و هیچ نییە جگە لە بەتاڵکردنەوەی بوغز و کینە بەسەر نووسەرێکی گەورە و پیاوێکی تابڵێی مرۆڤ دۆست و دڵسۆزی ئێمەدا. تاوانبارکردنی ناهەقی ئەم نووسەرە گەورەیەمان بە گەندەڵی هیچ نییە جگە لە تێکشکاندنی ئەم وشەیە بەجۆرێک تەنیا لە خزمەتی گەندەڵەکاندا بێت. هەموو ئەو هەڵانەی شوان لای ئێمە بەلایەکە و ئەم هەڵەیەی بەرامبەر مامۆستا شێرزاد بەلایەکی ترە. هەموو دەزانین شێرزاد خەبیری زمانی ئینگلیزی بووە لەسەردەم و بەردەوام زۆربەی ئەو دەقە ئینگلیزییانەی وەرگێڕانەکانیان لەوێ چاپدەکرێن، ئەو پیایاندا دەچێتەوە و ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات. چ شتێک لە دونیادا لەوە ناشیرینترە موچەی کەسێک کە بە ماندووبوونێکی زۆر پەیدایدەکات، ناوبنێیت "گەندەڵی" و "موچەی مفت". ئێمە هەموو مامۆستا شێرزاد دەناسین؛ ئەم مامۆستایە تا ئێستا پتر لە پێنج خەڵاتی ئەدەبی ڕەتکردۆتەوە، هەرکات بیویستایە دەیتوانی بگاتە پلەوپایەیەک موچەکەی بیست جار لەوەی دەزگای سەردەم بەرزتر بێت، گەر دوای پارە بکەوتایە دەزگای زۆر لەسەردەم گەورەتری لە بەردەستدا دەبوو. ئەوەشی مامۆستا شێرزاد دەناسێت دەزانێت ئەمڕۆ بەجۆرێک لە دونیای چارەسەرکردنی کێشەی شەخسی قوتابیان و خەڵکانێکدا نوقمبووە کە لە ڕەوتی کاری خۆیدا دەیانبینێت، لە کاری ئەدەبی دوورخستۆتەوە. گلەیی ئێمە و زۆریش لە برادەرانی مامۆستا ئەوەبووە کە ئەو وەها بۆتە خەمخۆری ئەو کێشە شەخسیانەی خەڵک، زیانی بە بەرهەم و ئامادەیی ئەدەبی داوە، کە ئەمەش دووبارە لە گەورەیی ئامادەبوونی ئەکتیڤانەی مامۆستا شێرزاد لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا، بە فۆرمی تر، دەردەخات و ڕێزی گەورەمان بۆ ئەم کایەی ئیشکردنەشی ھەیە، چونکی درێژکراوەی خەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەوە لەناو ژیانی ڕۆژانەدا. دواتر لەسەر ئەوەشەوە یەکێک بێت و بەم پیاوە بڵێت "فرمێسکی تیمساح بۆ بێوەژنەکان دەڕێژێت" و ھەموو سەرەمانگێک "پارەی مفت وەردەگرێت" و لەمەش کارەساتتر ستافی ھەفتەنامەی ئاوێنەش ئەم پەلامارە بکەن بە مانشێت... ئەمە بە جۆرێک ناڕەوایە کە مرۆڤ دەستەوەستان و بێقسە و سەراسیمە دەمێنێتەوە و دەبێت بڵێین: ھۆ ھاوڕێیان ئینساف نەماوە... لای ئێمە ئەمە دەستدرێژییەکی ناهەق و ناڕەوایە لە نووسەرێک کە هەموومان کەم و زۆر قەرزاری ئازایەتی و نووسینی ئەوین، پیاوێک کە سی و پێنج ساڵ زیاترە بۆ ئازادی ژن و کوڕ و کچی ئەو وڵاتە شەڕدەکات. مێژووشی نە لە دوورو نە لە نزیکیش بە کەسانی وەک کاک شوان بەراوردناکرێت. بەڵام جارێکی دیش ئەوەی ڕەوا نییە، ئەو گاڵتەکردنەیە بە شێرزاد حەسەنی چیرۆکنووس و دەستبردن بۆ پایەی ئەدەبی ئەو. شوان جارێکی تر لێرەشدا حوکمە شەخسییەکانی دەکاتەوە بە حوکمی ئەدەبی و ڕقی خۆی دەکات بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندی ئەدەبی شێرزاد. کاک شوان کاتی خۆی لەسەر ئەدەبی شێرزادی نووسیوە و خراپیش لەسەری نووسیوە، بەڵام کەسی توڕە نەکردوە، ئەوەی ئێستا ناڕەوایە تێکترشاندنی شەڕی شەخسی و گەندەڵی و حوکمی ئەدەبییە بەسەر یەکدا بەجۆرێک خەڵک نەتوانن لێکیان جیابکەنەوە. بە جۆرێک شتەکان لای کاک شوان گێژدراون و بەسەریەکدا خراون کە خوێنەر بەهەڵەدا بەرێت، تا لە حوکمێکەوە بە زۆر حوکمێکی تر دەرەنجام بهێنێت کە دوورە لە مەبەستی یەکەم.
5. ئێمە هەموومان شوان ئەحمەد دەناسین. گەورەترین پانتایی مێژووی نووسینی ئەم برایە دژایەتیکردنی ئیسلامییەکان بووە، نەوەک دژایەتیکردنی دەسەڵاتی گەندەڵی کوردی. بڕێکی کێشەی کاک شوان و کێشەی ئێمەش لەگەڵ ئیسلامییەکاندا ئەوەنییە کە نوێژدەکەن و خودا دەپەرستن و ڕۆژوو دەگرن، بەڵکو بۆئەوەیە کە کەم تا زۆر دەست لە ژیانی شەخسی مرۆڤەکان وەرنەدەن و پێوەرە ئەخلاقییەکانی خۆیان بەسەر هەمووماندا نەسەپێنن. خۆشبەختانە تا ئێستا لە هیچ ئیسلامییەکمان نەبینی هەڕەشەی ئەخلاقی لە نووسەران بکات و باس لە ئەخلاقی ئەم و ئەو بکات و بە کارتی "فەزیحەی ئەخلاقی" کەس بترسێنێت. ڕۆشنبیرێک نییە لە دونیادا کەم و زۆر پەیوەندی بە فیکر و ئەخلاقی نووسینەوە هەبێت بە کارتی فەزیحەی ئەخلاقی قسەبکات. ڕۆشنبیران نە هەیئەتی "الامر بالمعروف و النهی عن المنکر" ن و نە پۆلیسی ئادابن و نە پاپاراتزین، تا ئیشیان ببێتە ئەوەی دۆکۆمێنێت لەسەر ژیان و ئەخلاقی جنسی خەڵک کۆبکەنەوە و خەڵکی پێ تیرۆربکەن، یەکێک لەم ئاستەدا بێت ئیدعای چ جۆرە دژایەتییەکی ئیسلامییەکان دەکات کە ڕۆژێک لە ڕۆژان هەڕەشەی لەو چەشنەیان لە کەس نەکردوە. بەبڕوای ئێمە ئەوەشی ئەم ئەخلاقەی قبووڵە و چەپڵەی بۆ لێدەدات، دەبێت پرسیاری گەورە لە خۆی و ویژدانی خۆی بکات... کاک شوان لە ساتێکدا هەموو مێژووی خۆی بیردەچێتەوە و دەبێت بە پۆلیسی ئەخلاق و دەبێت بەو کەسەی بە پێوەری دیدێکی سەلەفی حوکم بەسەر ژیانی شەخسی هاوڕێکانی خۆیدا لە سەردەم دەدات. لەڕاستیدا ئەگەر کاک شوان بەمجۆرە سەیری ئەخلاق دەکات، ئێمە تێناگەین کێشەی لەگەڵ ئیسلامییەکاندا چی بووە؟
6. شوان دەڵێت گوایە ئێمە کاک شێرکۆ گوشاری لێکردوین، بۆیە ئەم هەڵوێستەمان لەو وەرگرتووە... لە ڕاستیدا ئەم قسەیە ئەوەندە دوورە لە ڕاستییەوە کە مرۆڤ لە توانای ئەم برایە لە سەر داتاشین سەرسامدەبێت. پتر لە ساڵێک و چوار مانگە "بەختیار عەلی" نە کاک شێرکۆی بینیوە و نەقسەی لەگەڵدا کردوە و نە بە هیچ ڕێگایەکەوە کۆنتاکت و پەیوەندی لەگەڵیدا هەبووە، هەتا کاک شێرکۆ دوادیوانی خۆی لە ڕێگای ئیمەیلی کاک هەورامان وریاوە بۆ نارد، چونکە رێگایەکی تری پەیوەندی ڕاستەوخۆی شک نەبردبوو تا دیوانەکەی پێدا بنێرێت. ئیتر نازانین ئەم گوشارە چۆن بووە، بە تێلێپاتی بووە یان لە ڕێگای سیحرەوە، هەرچی "ئاراس فەتاح"یشە لە ئەسڵدا هەر پەیوەندییەکی زۆر کزی لەگەڵ کاک شێرکۆ و برادەرانی ئەنجومەندا هەیە و لەساڵی 2006 یشەوە نە کاک شێرکۆی بینیوە و نەقسەی لەگەڵداکردوە و نە بەدیداریش چووە بۆ دەزگای سەردەم و هەتا دوور و نزیک هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە برادەرانی ئەنجومەنیشەوە نییە. ئەوەی کە بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە و مومکین نییە لەم خاڵەدا لە کاک شوان ببورین ئەوەیە کە ئەو لە خۆمان باشتر ئەم ڕاستییانە دەزانێت، بەڵام هەر سوورە لەسەر داتاشینی شتی ناڕاست و هەموومانی بە هۆنینەوەی درۆی یەک لەسەر یەک سەرسامکردوە. لەوەش بترازێت گەر کاک شێرکۆ گوشاربخاتە سەر ئێمە دەبێت بۆئەوە بیخاتە سەرمان تا بڵێین نابێت باسی گەندەڵی لە دەزگاکەی ئەودا بکرێت، لە کاتێکدا ئێمە لەو ڕوونکردنەوە بچووکەکەماندا لە ئاوێنە، دووجار ئاماژەمان بەوە داوە و جەغد لەوە دەکەین کە دەبێت هەموو گەندەڵییەکان ئاشکرابکرێن و سەردەمیش بەدەر نییە لەوە، ئیتر شوان ئەحمەد خۆڵ دەکاتە چاوی کێ. ئێمە ڕاشمان وایە هەر گەندەڵییەک لە هەر جێگایەکدا بوو، لەوانە دەزگای سەردەمیش دەبێت بخرێتە ڕوو و بدرێتە دادگا... ئیدی گووشاری کاک شێرکۆ دەبێت بۆچی بێت و داوای چی لە ئێمە بکات.
بەڵام لە عەقڵی شوان ئەحمەددا مادام نووسینەکەی ئەومان بەدڵ نییە ئیتر ئەوە مانای ئەوەی شێرکۆ گووشاری لێکردوین و خۆمان چاومان نییە ببینین و تێبگەین و هەستبکەین چی دەخوێنینەوە.
لەڕاستیدا لاوازی لۆژیک و نەبوونی هێزی ئیقناع لای ئەم برا ئازیزەمان لەوەدایە کە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکەی کە گوایە شێرکۆ گوشاری لە ئێمە کردوە، کاک شۆڕشی برایەتی!! مرۆڤ کە ئەمجۆرە لە ئەرگومێنتکاری دەبینێت زۆر بەزەیی بە کاک شواندا دێتەوە و پێمان ناخۆشە مرۆڤ تا ئەو ئاستە دابەزێت و توانای ئەرگومێنتی ھێندە لاواز بێت. دوائەوە هیچ کەسێک هەیە لە دونیادا بە دووەەزار دۆلار خۆی بفرۆشێت کە لە ئەوروپا پارەی کرێخانووی مانگ و نیوێک ناکات، و پارەی دوو بلیتی سەفەرێکی دوو ڕۆژی تێدا نابێت . تۆ وەک ڕایدەگەێنیت «لەبەرئەوەی ژن و منداڵت نییە» دەستت لە خۆت شتوە و باکت بە هیچ نییە، خۆدەبێت باکت بە مەنتیق هەبێت و هەر بڕیارتداوە قسەهەڵبەستیت، دەبێت شتێک بڵێیت بەرگەی بچوکترین هەڵسانگاندنی کەسێکی عاقڵ بگرێت.
دواتر كاك شوان ئهحمهد دهڵێت گوایه پاش بڵاوبوونهوهی نووسینهكهی شیركۆ بێكهس ههڕهشهی له رێبین ههردی كردووه كه ئهگهر هەڵوێستمان لهو نووسینه نهبێت، ئهوا ئهوان چی "بهڵگهیان!! لهسهر ئێمه ههیه بڵاویدهكهنهوه" کە ئهم رستهیهمان خوێندهوه، هەم توشی سەرسامی و هەم توشی شۆك بووین، چونکی گەر ئهمه یهكێك بیگوتایه كه له دورهوه نهمانناسێتو نازانێت ئێمه كێن، ئاسایی بوو. خهڵكانێكیش ههن كه بهردهوام له ئێستاو داهاتوشدا ئهمجۆره بۆختانو درۆیانه ئهكهنو ئهڕۆن، بهڵام ئهمه له دهمی كهسێكهوه بێت كه هاوڕێی نزیكی پتر له 12 ساڵی کاک ڕێبین بێت، هیچ نهێنییەکیان لهنێواندا نهبێتو بگره وردودرشتی ژیانی تایبهتی یهكدیش بناسن، یهك گیرفانیان ههبووبێت و لهههموو خوشی و ناخۆشیهكدا پێكهوبووبن، ئهوا بهڕاستی جێگهی ئهسهفو داخه. چونكه شوان ئهحمهد زۆر باش ئهزانێت و خۆشی لە نووسینی یەکەمیدا سەربەرز و ڕاشکاوانە دەڵێت کە ئێمە هیچ له كهس قهبوڵناكهین، ئەمە جگە لەوەی هەر خۆی باش دەزانێت کە شتێكمان نییه لێی بترسین، تا ههڕهشهمان پێی لێبكرێت. دوائەوە بۆ مێژوو دەڵێین و کاک شوان ئازادە بڕوادەکات یان نا، رێبین ھەردی لە دوای نووسینهكهی شوان ئهحمهدەوە تا دوای بڵاوبوونەوەی ڕوونکردنەوەکەی ئێمەش لە ئاوێنەدا، نه كاك شێركۆ و نههیچ یهك لهبرادهرانی سهردهمی بینیوه و نەقسەی لەگەڵدا کردون. بگره دواتر و دوای بڵاوبوونەوەی هەڵوێستەکەی ئێمە لە ئاوێنەدا، دەمێ کاک ڕێبین برادەرانی سەردەمی بینیبوو، یهكهم گلەیی كه لێیان كردووە ئهوهیه، بۆچی لهدوای بڵاوبوونهوهی ئهو نووسینەی شوانەوە هیچ نهبێت ههواڵێکی نهپرسیون و گوێی لەوان نەگرتووە تا بزانێت ئەوان دەڵێن چی. ئیتر ئازیز ئەم هەموو حیکایەتە فەنتازی و بوختانە چییە کە بە خەیاڵی خۆت دروستتکردوە.
دوائەوە کاک شوان لەسەر لێشاواویدا هەموو چیرۆکەکەی لا پێچەوانەبۆتەوە و ئەوەی بیرچۆتەوە کە ئەو دۆکۆمێنتەی ئەو باسیدەکات، لای ئەوە و ئەو هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی کردوە، گەر ئێمە لە خۆمان بترساباینایە موجامەلەی ئەومان دەکرد و بێدەنگدەبووین و بەو هەموو مەدح و سەنایەی بەڕێزی کەیفمان دەکرد و سمێڵانمان بادەدا، ئەوەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دۆکۆمێنێت دەکات شوانە نەوەک سەردەم. گەر قسەی شوان ڕاست بێت، سەردەم چۆن دۆکۆمێنێتک بڵاودەکاتەوە بڵێت خەڵکینا من گەندەڵم سەیری چیم کردوە. ئێمە ئەو قسەوباسەمان لە دەمی کاک شوان خۆیەوە بیستووە و ئەو بە ئێمەی گووتووە کە شتی واڕویداوە، و لەسەر ڕۆشنایی قسەی ئەودا ئێمە داوای ڕوونکردنەوەمان لە سەردەم کردوە... ئیتر ئەم چەواشەکارییە ناشیرینە چییە برادەر تۆ دەیکەیت. هەر ئەوەی ئێمە موجامەلەی ئەو نووسینەی تۆمان نەکرد، نیشانەیە کە ئێمە فشاری هیچ بەشەرێک لەسەر ئەم ئەستێرەیە قەبووڵ ناکەین، فشاری هەڵوێست و ویژدان و ئاکاری خۆمان نەبێت.
کاک شوان لە نووسینی یەکەمیدا ئێمە بە پاڵەوانی ناو ڕۆشنبیری کوردی لەقەڵەمدەدا و دەڵێت ئەمانە قسە لە یەکێتی و پارتی ناخۆنەوە، ئیتر چۆن لە شێرکۆ و ئەنجوومەنەکەی دەترسن. کەچی پاش بڵاوبوونەوەی ھەڵوێستی ئێمە لە ئاوێنەدا، لە نێوان شەو و ڕۆژێکدا دەمانکات بە گەندەڵ و خەڵکی ترسنۆک و فشارقبووڵکەر!! ئێمە لە ئێستاوە تاقیامەتیش بە کاک شوان و ھەموو ئەوانە دەڵێین کە دەست و پەنجەی خۆیان بەم موھاتەراتانە گەرم دەکەن، دەڵێین: ئێمە نهێنییەکمان لای سەردەم و لای هیچ کەسێکی ئەم دونیایە نییە کەشفیبکات، ئەگەر درۆ و داتاشینی تێدا نەبێت. ئێمە بە ئاشکرا ساڵ و نیوێک لە سەردەم کارمانکردوە و گۆڤارمان دەرکردوە و موچەمان هەبووە و مەرجمان هەبووە و بە ئاشکراش وازمان هێناوە و لە نامەیەکی رەخنەئامێزدا بۆ دەزگای سەردەم، کۆتاییمان بە پێکەوەکاردنەکانمان ھێنا، کە کاک شوان لە نووسینەکەی ئاوێنەدا بە پاڵەوانیی لە قەڵەمیدەدات و بە پۆرتشکاندنی کاک شێرکۆ و دەزگای سەردەمی تێگەشتووە. ئێستاش لە هەر دەزگایەک کاربکەین بە ئاشکرا دەیکەین و وەک هەر ئینسانێکی تری سەر ئەم ئەستێرەیە بە خۆڕایی لە هیچ دەزگایەکدا کارناکەین و مەرجمان دەبێت. بەڵام لەوە بترازێت شوان ئەحمەد لە هەر کەس باشتر دەزانێت ئێمە نە لە هیچ سیاسییەک و دەزگایەکی حیزبی ئەو وڵاتە پولمان وەرنەگرتووە و وەریناگرین، بەڵام لە کاتێکدا دەزانێت پێویستی بەم درۆیەیە دەیەوێت لەسەر ئەم ئاوازە بخوێنێت. کاتی خۆی شوان کە لەسەردەم شەڕی بووبوو و باسی ئەو دۆکۆمێنتەی بۆکردین کە گوایە لەسەردەم پارە خوراوە و لیستی وەهمییان دروستکردوە و لەو لیستەدا ناوی زۆر کەسی تێدایە، لەوانە ناوی ئێمەش، کە گوایە یەکی نزیکی دوو ھەزار یان زیاترمان لەسەردەم وەرگرتووە و لەو پارەیەیە کە مام جەلال لە گیرفانی خۆی بە شێرکۆی داوە. ئەم درۆ بۆھەڵبەستنە ناشرینە بۆ ئێمە کە گوایە پاکتمان لەگەڵ شێرکۆ ھەیە بۆ داپۆشینی ئەو مەسەلەیە، چونکە کاک شوان خۆی لەو ھەقیقەتە گیلدەکات کە ئێمە نە شتی وا قبووڵدەکەین و نە بۆختانی واشمان پێقووتدەچێت، ئەوسا سەرچاوەکەی ھەر کەسێک و لایەنێک بێت. ئێمە دوای بیستنی ئەو دەنگوباسە، نامەیەکی ڕهخنهگرانهمان ئاڕاستەی دەزگای سەردەم کرد «کە دەقەکەی لەخوارەوە بڵاودەکەینەوە» و پرسیارمان لەو مەسەلەیە کرد و داوای ڕوونکردنەوەی بێچەندوچۆنی ئەم دەنگۆیەمان لێکردن. ئەم ھەنگاوەی ئێمە تەنھا بۆ ئەوە بوو کە ناتوانین کەس تاوانبار بکەین، تا تاوانەکەی بەسەردا ساخنەبێتەوە، ئەمە سەرەتاییترین پرنسیپی مامەڵەکردنی ئینسانە لەگەڵ کێشەیەکدا، دیارە شوان دەیویست بێ ساخکردنەوەی مولابەساتی ئەو دەنگۆیە، ئێمەش بخاتە ئەو سەنگەرەوە کە ئێستا خۆی تێدا دەبینێتەوە، سەنگەری شەڕێکی شەخسی نادروست کە هەم بە کاراکتەری ئینسانی ئاسایی و هەم بە کاراکتەری ڕۆشنبیرش نەیار و نامۆیە. پاش گەشتنی نامەکەمان، دەزگای سەردەم وەڵامێکی درێژیان داینەوە کە ئێمە لە خوارەوە دەقی نامەکەی سەردەمیش بڵاودەکەینەوە. شوان ئەحمەد ئەمە ناودەنێت "صفقه". ئەوەی ئێمە داوای ڕوونکردنەوەمان کردوە و وەڵامیان داوینەتەوە لە عەقڵی ئەم برادەرەدا پاکت "صفقه"یە و گوایە ئەو پێشوەخت ڕایدەگەیەنێ و سیحرەکەی بەتاڵدەکاتەوە... بەبڕوای ئەو دەبوو ئێمەش یەکسەر وەک ئەو دەستبکەین بە جنێوڕێزکردن و قسەگێڕانەوە و بوختانکردن و هەڕەشەی ئەخلاقی و گاڵتەکردن بە شاعیرییەتی شێرکۆ و بە چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەندا بێینە خوارێ، گەر وامانبکردایە ئەمەیان "صفقه" نەدەبوو، ئەمە ئەو ئەخلاقەیە کە شوان دەیویست ئێمەی تێدا بکات بە شەریکی خۆی.
6. دیارە نووسینەکەی کاک شوان پڕە لە ناکۆکی، بەڵام زەقترینیان ئەوەیە کە لە نووسینی یەکەمیدا دەڵێت ئێمە خەڵکێکین هیچ لە پارتی و یەکێتی قەبووڵ ناکەین، جا چۆن لە سەردەمی قەبووڵدەکەین. کەچی دوای هەفتەیەک مەزاجی دەگۆڕێت و پێماندەڵێت ئێمە حیلفی موقەدەسمان لەگەڵ تاڵەبانی هەیە.
جارێ حەزدەکەین ڕستەی یەکەمی بۆ راستبکەینەوە، ئەو زۆر راستدەکات ئێمە هیچ لە پارتی و یەکێتی قەبووڵ ناکەین و جگە لە ویژدانی خۆمان سڵمان لە هیچ هێزێکی سیاسی نەکردۆتەوە و ناشیکەینەوە، لەوەشدا لەسەر هەقە کە هەر بەڕاستی سڵ نە لەسەردەم و نە لە هیچ دەزگایەکی تر ناکەینەوە، جا ئەو دەزگایە ئازاد بێت، نیمچە حیزبی یان حیزبی، بەڵام برای ئازیز کە ئەو ڕاستیانەت دەزانی دەبوو بشزانیت سڵ لە خۆشت وەک شوان ئەحمەد و هەڕەشەکانت ناکەینەوە. ئەوە ئەو بەشەی ڕاستییەکانە کە کاک شوان خەیاڵی بۆی نەچووە. شتێکی تر کە پێدەچێت کاک شوان تەواو تێینەگەیشتبێت ئەوەیە کە سڵنەکردنەوە لای ئێمە ئەوە نییە درۆهەڵبەستین و هەڕەشەی فەزیحەی ئەخلاقی لە خەڵک بکەین و دەست بۆ ژیانی تایبەتی بەرین و متمانەی مرۆڤەکان بەیەکتر و لەناو یەکتردا تێکبشکێنین... سڵنەکردنەوە لای ئێمە بەو زمانەیە کە لە نووسینەکانماندا هەیە. ئەرشیفی نووسینی ئێمە و ئەرشیفی کەسانی وەک ئەویش لە بەردەستی هەموو خەڵکدایە، ئێمە سەری خۆمان بە بەراوردێکی ناشایستە و ناعادیل و بێماناوە نایەشێنین، ئەوە نووسین و ھەڵویستەکانی هەموومان کە لەم بیست ساڵەدا نووسیومانە لای خوێنەرە با خۆی هەڵیبداتەوە و بیخوێنێتەوە و بڕیاربدات.
لەوە تێپەڕێت ئاراس فەتاح و بەختیار عەلی لە ناو برادەرانی خۆماندا تاکە کەسێکن کە نە لە ژیانیاندا "تاڵەبانی"یان بینیوە و نە لە هەموو ژیانیشیاندا هاوڕێتی یان دۆستایەتی یان برادەرایەتیان لەگەڵ هیچ ئەندامێکی مەکتەب سیاسی یەکێتی یان پارتییدا ھەبووە، نەوەک ئەوە بەڵکو پەیوەندییان لەگەڵ ئەندام مەڵبەند و ئەندام لقێکیشدا نەبووە و بە ئەستەم و تاک و تەرا خەڵکیش دەناسن کە ئێستا هەر ئینتیمای سادەشیان بۆ یەکێتی نیشتیمانی هەبێت... ئیتر تێناگەین کاک شوان ئەم درۆ و بوختانە گەورەیە بۆدەکات و بۆ ئێمە دەکات بە حەلیفی تاڵەبانی.
بەڵام ئەمەش هیچی گرنگ نییە، ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە زۆر گرنگە لەسەری بوەستین ئەو کولتوورەیە کە شوان ئەحمەد ئاوی لێدەخواتەوە. لەم چەند ساڵەدا ئەو مەیلە دروستبووە هەر نووسەرێکی فاشیل بیەوێت ڕق و کینەی خۆی بەسەر یەکێکی تردا بەتاڵبکاتەوە، دەڵێت ئەوە پارتی و یەکێتی پارەی دەدەنێ، ئەوە لە بارزانییەوە ئەمری پێدەکرێت، ئەوە لە تاڵەبانییەوە پێیگووتراوە. ئەم کولتووری درۆکردنە کە لای خوێنەری سادە و بەستەزمان کە هیچ کەرەستەیەکی نییە لە ڕاست و درۆی ئەم قسانە بکۆڵێتەوە هەندێک جار دەبێت بە ڕاست. کابرای نووسەریش گەر دان بە خۆیدا دەگرێت و وەڵام ناداتەوە، دەڵێن ئەوە دیارە هەر بەراست پارەی وەرگرتووە، گەر وەڵامیش دەداتەوە تووشی موەاتەراتێک و سەرئێشەیەک دەبێت نە ئەمسەری هەیە و نەئەوسەر و دەکەوێتە گێژاوێکەوە نە پەیوەندی بە نووسینەوە هەیە و نەداهێنان، سوودمەندی ڕاستەقینەش ئەو موەاتەراتچیانەن کە بەکەیفی خۆیان بەنێودەکەون و چ شتێکی بێمانا بە خەیاڵیاندا بێت دەینووسن. ئەم ئەخلاقە ناشیرینە لە ناو هیچ میللەتێکی ئەم سەر ئەستێرەیەدا وەک لای ئێمە دەیبینین تۆخ و باڵادەست نییە... خەڵکانێکی زۆر، چەندین ساڵە کە ناتوانن شەڕی زانستییانەی نووسینەکانمان بکەن، لە ڕێگای ئەمجۆرە درۆ و دەلەسانەوە دەیانەوێت گومان لەسەر کاراکتەر و نووسینمان دروستبکەن. بەڵام ئەو برا نووسەرانەی ئەو قسانەیان کردوە لای ئێمە هەمیشە لە ئاستێکی لەوە لاوازتردابوون وەڵامیانبدەینەوە و سەری خۆمانیان پێوە بێشێنین، بەڵام ناشیرینی ئەم کارەی شوان ئەحمەد لەوەدایە کە خۆی زۆر باش دەزانێت قسەکانی ئەسڵ و ئەساسی نییە و ناڕاستن کەچی هەر دەیڵێت. من «بەختیار عەلی» پارساڵ کە هاتمەوە بۆ کوردستان، شوان ئەحمەد باش دەزانێت پارەی گەڕانەوەم پێ نەبوو و پارەم لە خۆی قەرزکرد و پارەکانی بۆهێنام بۆ ماڵی کاک ڕێبین، بۆئەوەی بگەڕێمەوە. دواتر بەشی یەکەمی ئەو پارەیەی لە کتێبخانەی ئەندێشە بۆ ڕۆمانی کۆشکی باڵندە غەمگینەکان وەرمگرت، هەموویم دایەوە بە قەرزەکەی کاک شواندا و ئێستاش سەدجار سوپاسیدەکەم کە یارمەتیدام. ئەگەر من پارەم لە تاڵەبانی و بەرزانی وەربگرتایە، وادەبوو پارەی گەڕانەوەم لە کاک شوان خۆی قەرزبکردایە? خۆی باش دەزانێت ئێمە لە کوردستان بەس سڵاوێکی بچوکمان لە حیزب بکردایە حاڵمان چۆن دەبوو? من ئێستا شەش مانگە دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، بەڵام دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبکەم بەشێک لەو هەقەی لە چاپی چوارەمی دوەەمین هەنار و ئێوارەی پەروانە لای کتێبخانەی ئەندێشەیە وەربگرم، بۆئەوەی بتوانم سەفەربکەم. ئەوە ئەو پەڕی بێویژدانی و نائینسانییەتە وا لە نووسەرێک بکەیت ئەم شتە زۆر تایبەتیانەی خۆی ئاشکرابکات، ئەوپەڕی نائینسانییەتە نووسەرێک ناچاربکەیت بۆئەوەی خوێنەران گومان لە ئەخلاقی نەکەن دەستبەرێت و شەخسیترین شتی خۆی بهێنێتە دەرێ... ئائەمەیە وادەکات شوان و ئەو قەبیلەیە لە نووسەرانی وەک ئەو زۆر زۆر بە گومانەوە تەماشابکەین. ئەمانە جۆرە قەڵەمێکن کە قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ڕێگای نووسینەوە نەیانتوانیوە ڕێز و سەرەنجی خوێنەران بۆ خۆیان ڕابکێشین، بەڵکو تەنیا بەم شێوازە چەوتانە و بە هەڵەکردن بیری خەڵک دەخەنەوە کە هەن و هەناسەدەدەن و هەموو هەوڵیان ئەوەیە نووسەرانی تر ڕابکێشنە ناو ئەمجۆرە موەاتەراتەوە و بەدروستکردنی بوختان و درۆ بەزۆر بیانهێننە قسە. لەوەش بترازێت ئەوەی لە ئەوروپا لە ئێمەوە نزیکە حاڵ و گوزەرانی ئێمە دەزانێت و دەزانێت چۆن دەژین... بەڵام شوان بۆ ئەم هەموو بوختانە دەکات و لە خزمەتی چی و لە بەر خاتری کێ؟ یاخود تا کەی ئەم کولتووری درۆکردن و شێواندنە بەردەوام دەبێت، تاکەی کەسانێک کەدەزانن لە دونیای نووسین و داهێناندا هیچیان پێناکرێت، ئیتر قاچ دەهاون بۆ دونیای درۆ و بوختان و لەوێوە هەوڵدەدەن خۆیان بە خەڵک و خوێنەری سادە بناسێننەوە ... ڕاستە بەشی هەرە زۆری خوێنەرە جیدییەکانی کورد ئەوە دەزانن و خۆیان لەسەروو هەموو ئەو نووسینانەوە دەبینن، بەڵام ئەی بە چ هەقێک خەڵکانی سادە و بێئاگا و خۆشباوەڕ بۆ ئەمجۆرە کەسانە بەجێبهێڵین یاری بە هەست و عەقڵیان بکەن... ئەمە پرسیارێکی گرنگە کە ناوەندی ڕۆشنبیری کورد زۆر بە جیدی بیری لێبکاتەوە.
7. شوان دەڵێت "ئێمە زمانی زبرمان" داهێناوە. ئەمەش قسەیەکی ناڕەوای تری ئەم برا ئەزیزەمانە. ئێمە لە هەموو ژیانماندا جارێکیش چییە موبادەرەمان نەکردوە لەسەر شتی شەخسی کەس بنووسین، گەر لەسەریشمان نووسرابێت لەسەدجاردا جارێک هاتووینە دەنگ کە بەلامانەوە گرنگ بووبێت و زانیومانە هاتنە دەنگ پێویستە، بەڵام کە هاتووینەدەنگیش قسەمان لەسەر جەهل و مەعریفە ، نووسین و نانووسین و هەڵەو ڕاست کردوە، نەوەک لە نووسیندا بە خەڵک بڵێین «فەزیحە ئەخلاقییەکانتان» ئاشکرادەکەین، بوختان دروستبکەین، بۆ شاردنەوەی ناشیرینی بەخەڵک بڵێین پیاوی بارزانی و تاڵەبانین، بە درۆ بڵێین پارەتان وەرگرتووە، بهدوای دانیشتنه تایبهتیهکانیاندا بگهڕێن و بڵێن گاڵتهو قسهی بههاوڕێ نزیکهکانی گوتووه(وهک کاک شوان کردوێتی). ئێمە لە ژیانماندا پەنجەمان بۆ ژیانی شەخسی خەڵک نەبردوە و ناشیبەین، بەڵام یەکێک بیەوێت جەهل و نەزانی خۆی بە مەعریفە بە ئێمە یان خوێنەران بفرۆشێت، ئەوە هەرگیز لێبوردنمان نییە، بەڵام ئەوەی لە بابەتێکی جاهیل بوو، نەخوێندەوار بوو مانای ئەوە نییە کە سەیربکەین بزانین چۆن دەژی یان چی بەبرادەرەکانی خۆی دەڵێت. هەر یەکەمان لە کۆمەڵێک شتی زۆر زۆری ئەم دونیایەدا جاهیلین، بەڵام جەهل ئەوکاتە دەبێتە کێشە کە کەسی جاهیل نەزانێت جاهیلە و هەر بەناوکەوێت. ئێمە قبووڵمان نەکردوە کەس جەهلمان بە مەعریفە پێبفرۆشێت. ئەگەر زمانی زبر ئەوەبێت کە کەسێک فیکرمان دەشێوێنێت، ئەوا سەر بلەقێنین و بڵێین "عزیزم گل گفتی"، ئەوا کاک شوان بەهەڵەدا چووە. ئەوەشی هەوڵبدات بتوانیت ئەو زمانەی خۆی لە ژێر زمانی ئێمەوە تێبپەڕێنیت و بیکات بە قەڵغان بۆ خۆی ... لەوەشیاندا هەرزۆر بە هەڵەدا چووە.
8. شوان لەدواجاردا دوای ئەوەی دەزانێت چەند شتی ناراستی نووسیوە، هەڕەشەی ئەوەدەکات گەر وەڵامیبدەینەوە وەڵامماندەداتەوە و وشە بە وشە و بە مانایەک لە ماناکان دەڵێت دەستناپارێزم و دەیەوێت بەم شێوازە هەرزانە بمانترسێنێت. لە ڕاستیدا کە ئەو هەڕەشەیەی کاک شوانمان بیست بە ڕاستی غەممان بۆ حاڵی ئەو برادەرەمان خوارد... لە راستیدا ئەم خاڵەی کاک شوان لە هەموو شتەکانی تری زیاتر لای ئێمە جێگای سۆز و بەزەییە. حەزدەکەین بە کاک شوان بڵێین ئازیزمان کامە قسە ناشیرینە و کامە درۆش وەەستدەکەیت زۆر کاریگەرە، بڕۆ ئەوە بنووسە و لە ئێمەوە گەردنت ئازابێت. کە ئێستا وەڵامی تۆ دەدەینەوە، لەبەرئەوەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان برادەرمان بوویت و ئێمە بۆ تۆ نموونەی ئەخلاق و ھەڵوێست بووین، بەڵام زۆر بەداخەوە ھەموو ئەو شتە جوانانەی دۆستایەتیمانت پێشێلکرد. تۆ خۆت دەزانێت، ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە کەسانی بوختانچی نەترساوین تا ئەمڕۆ لە تۆ بترسین. بەدەگمەن ئاوڕمان لەو درۆیانە داوەتەوە کە لێرەو لەوێ بڵاوکراونەتەوە، ئەمجارەش بۆ یەکمین جار و دواھەمین جار لە بەر خاتری خۆت و کۆمەڵێک خوێنەر کە تۆ دەتەوێت چەواشەیانبکەیت، وەڵاممان دایتەوە. کاک شوان داواش لە گەنجان دەکات کە چیتر ئێمە بە نرخ تەماشانەکەن. ئێمەش هەروادەڵێین، لەمەولا کاک شوان بکەن بە ئیدیال و سمبولی خۆتان، ئەزیزان پێدەچێت ئەو ئەخلاقەی ئێمە و ئەوجۆرە نووسینەی ئێمە و ئەم زمانەی ئێمە چیتر لە دونیای ئەمڕۆدا بەکەڵکتان نەیەت، پێدەچێت زەمان زەمانی ئەو ئەخلاقەی کاک شوان بێت کە ئیدی نامانەوێت لەوە زیاتر لە باسکردنی کاراکتەر و سیفەتەکانیدا بەردەوامبین.
دواجار ئێمە ئەو دوو نامەیە بڵاودەکەینەوە کە لەسەرەوە بۆ خوێنەرمان باسکرد، ئەو کاتەی کە ئەم نامەیە بۆ سەردەم نوسراوە لە دەی پێنجدا ئەسڵەن ئەوە لە گۆڕێ نەبووە کە شوان ئەحمەد نوسین دەنوسێت یان نا :
بەڕێز سەرۆکی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،
بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی سەردەم،
سڵاویکی دۆستنە،
لەم موەیەدا هەندێک هەواڵمان بیست کە جێگای سەرسوڕمان و بەدگومانین. ئەو دەنگۆیانە گومانی ئەوەدروستدەکەن گویەئێمەلەموەی کارکردنماندا لە(دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم) بۆ دەرکردنی گۆڤاری (سەردەمی ڕەخنە) یارمەتی داراییمان لەدەرەوەی ئەو ڕێککەوتنامەیەی کە لە نێوانماندا ھەبوو، وەرگرتبێت. گویەیارمەتییەکانیش بەمجۆرهیە: کاک ئاراس فەتاح بڕی 2650 دۆلار، بەختیار عەلی بڕی 2000 دۆلار و مەریوان وریا قانیع بڕی 2500 دۆلار. گویەسەرچوەی ئەم یارمەتیینەش لەو بڕەپارەیەوەەاتووەکەسکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ کۆمەک و هاریکاری نووسەرانی تەرخانکردوە. ئەمەجگەلەوەی کەبیستومنەگویەدەزگای سەردەم لەپاڵ موچەکەی خۆمانداکۆمەکی دارایی ئێمەی کردوە. ئێمەلێرهدا سەرسوڕمانی تەواوی خۆمان بەرامبەر بەم دەنگۆیانەدەردەبڕین و بەدگومانی خۆشمان لە بەرامبەر ئەم ھەواڵانە دەردەبڕین. وەک خۆتان ئاگادارن، ئێمە لەدوای دەرکردنی پێنج ژمارهلەگۆڤاری (سەردەمی ڕەخنە) دەستمان لەکار کێشیەوە. لەموەی دەستبەکاربوونیشماندا جگەلەو بڕەپارهیەی کەبەپێی ڕیکەوتن لەگەڵ دەزگکەتاندا بۆ دەرکردنی گۆڤارەکە وەرمانگرتوە،هیچ جۆرهپارهیان کۆمەکێکی مادی ترمان وەرنەگرتوەو ھەر پارەیەکیش سەرفکرابێت لە نموونەی کڕینی کۆمپیوتەر، ئەوە بۆ پێداویستی کەسییمان نەبووە و ھەموو ئەو کەرەسانەش، دوای دەست لەکار کێشانەوەمان، تەسلیم بە دەزگاکەتان کردۆتەوە.
وەکو بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە ڕێکەوتنەکەی ئێمەش لەگەڵ دەزگاکەتان بەمجۆرەی خوارەوە بوو.
یەکەم: مانگانە تەرخانکردنی بڕی دوو ملیۆن دینار وەک موچە.
دووەەم: بەحوکمی ئەوەی دەبویەبەردەوام یەکێکمان بۆ سەرپەرشتیکردنی گۆڤارهکەلەکوردستان ئامدەبویە، دەبویەساڵانەهەر یەکێک لەئێمەزیاد لەجارێک لەئەوروپوەبۆ کوردستان بگەڕیەتەوە. رێکەوتنەکەی ئێمەوابوو کەدەزگکەی ئێوەلەپاڵ موچەکەماندا پارهییەک سەفەر لەسەفەرهکان بۆ هەریەکێکمان سەرفبکات.
ئێمەحەزدەکەین جارێکی دیکەجەغد لەسەر ئەوە بکەینەوەکە ئێمە لەدەرهوەی ئەو رێکەوتنەی سەرهوەدا و لەموەی کارکردنماندا لەگۆڤاری (سەردەمی ڕەخنە)دا هیچ پارهیەکی دیکەمان لەدەزگکەی ئێوەیان بەەۆی دەزگکەی ئێوەوە لە ھیچ کەس و دامەزراوەیەکی تر وەرنەگرتوە. نەکۆمەکی مادی ئێوەو نەەی هیچ لیەنێکی دیکەی پەیوەندیدار بە ئێمەنەگەیشتوە. بۆیەبەڕاستی سەرمان سوڕموەلەبڵاوبوونەوەی ئەو جۆرەهەواڵ و دەنگۆینە.
ئێمەهەرگیز کارێکمان نەکردوە کە نەتوانین یان ڕوومان نەیەت بەئاشکرا بەرگری لێبکەین. هەرچییەکمان کردبێت لەقهنعەتی تەووەوە کردومنە. بۆیە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆره دەنگۆ و بۆهەڵبەستنەمان هێجگار پێناخۆشەو بەهەوڵیکی نبەرپرسیاری دەزانین بۆ شکاندنی کەسیەتی ڕەمزی و ڕۆشنبیریی ئێمە.
هیوادارین بەڕۆحێکی دۆستنەوە وەڵامی ئەم نمەیەمان بدەنەوە و ئەو گومنە بڕەوێننەوە کە دەشیت ئەو جۆره هەواڵه ناڕاست و هەڵبەستراونە دروستیبکەن. دەمنەوێت هەم خۆتان وەک کۆمەڵیک دۆست و هەم دەزگکەتان بۆمان ڕوونبکەنەوە سەرچوەی ئەو جۆرەهەواڵ و دەنگۆ ناڕاستنە چییەو ئەو ژمارنەی سەرهوە و ئەوەی گویە ئێمە لەدەرهوەی عەقدی کارهکەماندا کۆمەکی مادی کراوین، لەکوێوەەاتوون و سەرچوەکانیان چییەو بەچ مەبەستێک بڵاوکراونەتەوە. ھەربۆئەم مەبەستەش داوای ڕوونکردنەوەی بێچەندوچوونی ئەو مەسەلەیەتان لێدەکەین.
ڕێزی دۆستنەمان قبووڵبکەن
مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی
10-5-2010
وەڵامی دەزگای سەردەم
برایانی بهڕێز:کاک مهریوان وریا قانیع، کاک ئاراس فهتاح ، کاک بهختیار عهلی
سڵاو و ڕێزی زۆرمان
ئهو نامهیهتانمان پێ گهیشت کهله 10 ـ 5 ـ 2010 دا نووسیوتانهو تیایدا ههندێ گلهییتان لێ کردووین و داوای ڕوونکردنهوهتان کردووه. ههڵبهت ئێمه ئهوه بهمافی خۆتان دهزانین ، بۆیه به پێویستمان زانی ئهم ڕوونکردنهوانهتان بخهینه بهرچاو، تا لهزاری خۆمانهوه ڕاستیهکانتان پێ بگات ، نهک کهسانێک بهههر مهبهستێک بێت بیانهوێت ههلپهرستانه ئهم مهسهلهیه دژ به ئێمه و دژ بهئێوهش بقۆزنهوه.
* جارێ بهر له ههموو شتێک ئێمه چ لهڕابردوو و چ لهئێستاشدا ئێوه بهدۆست و ئازیزو ڕۆشنبیری خهمخۆری کۆمهڵگاکهمان و میللهتهکهمان دهزانین و چ له لایهن سهرۆکی دهزگای سهردهمهوهو چ لهلایهن ئهندامانی ئهنجومهنهوه کهباسی ئێوه کرابێت و لهههر کۆڕو کۆبوونهوهیهکی تایبهتی و گشتیدا بووبێت، جگه لهڕێزو تهقدیرو خۆشهویستی هیچی تر نهوتراوه و لهیهکهم ساتی کار کردنیشتانهوه لهسهردهمداو تا دوا ساتی دهست لهکارکێشانهوهشتان و دوای ئهوهش وه تا ئێستاش لای ئێمهوه نهکهس وتوویهتی گوایه لهدهرهوهی ماوهی کارکردنتاندا له((سهردهمی ڕهخنه)) دا و لهدهرهوهی ئهو ڕێکهوتنامهیهی لهنێوانماندا بووه، یارمهتی دارایی تایبهتتان وهرگرتووه و نهئهو دهنگۆیهش لهلایهن ئێمهوه بڵاوبۆتهوه و وهک خۆشتان دهزانن وا پتر له سێ ساڵ بهسهر دهست لهکارکێشانهوهکهتاندا تێپهڕیوه و بههیچ کلۆجێک باس له شتی وا نهکراوه.
* بۆ بهرچاو ڕوونیی زیاتری ئێوه حهزدهکهین ئهوهتان پێ بڵێین که ئهو مەبلەغانەی ئاماژهتان پێ داوه کهگوایه وهکو یارمهتی بهئێوه درابێت ، ئهوه ههڵهیهکی تهکنیکیی ئهو لیژنهیهی چاودێریی داراییه کهسێ ساڵ لهمهوبهر هاته سهردهم و دواتر لهشێوهی ڕاپۆرتێکدا ئاراستهی دهزگای سهردهمیان کردو داوای وهڵام و ڕوونکردنهوهی دهزگاو ژمێریاریی دهزگایان کرد لهسهر ڕاپۆرتهکه ، کهئاخۆ ئهو شتانه وان یان وا نین . دهزگای سهردهمیش بهڕاپۆرتێکی درێژ وهڵامی ئهو ڕاپۆرتهی چاودێریی دارایی دایهوهو تیایدا خاڵ بهخاڵ لهسهر ئهو شتانه وهستاوه که لیژنهکه ئاماژهی پێ داون. لهبهرئهوه ئهو مهبلهغانهی که ئاماژهتان پێ داون یان مانگانهی خۆتان یان خهرجیی سهفهرتان بووه بهڵام لیژنهکه بهههڵه وهکو یارمهتی ئاماژهی پێداوه ، وهکچۆن بهههڵه ئاماژهی به کۆمهڵێک مهبلهغی تریش داوه.
ههموو سهرچاوه دارییهکانی دهزگای سهردهم لهو ساڵانهدا بریتی بوون لهمانه:
1ـ ئهو منحهیهی که لهلایهن ئهنجوومهنی وهزیرانهوه بڕیاری بۆ درابوو و بریتی بووه له 60 ملیۆن دینار مانگانه.
2ـ سێ ملیۆن و سێ سهد ههزار دینار لهلایهن مهکتهبی دارایی ی. ن. ک وه
3 ـ بڕی ده ههزار دۆلار که بهڕێز مام جهلال وهکو یارمهتییهک بۆ سهر مووچهی نووسهرانی سهردهم و ههندێ نووسهری تری دهرهوهی دهزگای سهردهم داویهتی به شهخسی کاک شێرکۆ و ئهویش خستوویهتیه قاسهی دهزگاوه و ئیتر ئهم سهرچاوانه وهک سهرئهنجام بوون بهبووجهی سهردهم و ههندێجار که سهرچاوهیهکیان لهبهردهستدا نهبووبێت، سهرۆکی دهزگا بهیارمهتیهکهی بهڕێز مام جهلال ئهو بۆشاییهی پڕکردۆتهوه، بۆیه دهشێ یهک دووجار مهسرهفی سهفهر یان مانگانهکهی ئێوه لهو پارهیه درابێت ودواتر خرابێتهوه جێی . ئهمه وهک یارمهتی لهسهر ئێوه حساب نهکراوه ، بهڵکو ئهوه مانگانهو خهرجیی خۆتان بووه لهچوارچێوهی ڕێکهوتنهکهی نێوانمانداو کهسمان نکووڵی لهوه ناکهین ، بهڵام ئهوه وهکو ئاماژهمان پێدا ههڵهیهکی تهکنیکی بووه لهیهکهم ڕاپۆرتی چاودێری داراییداو ئێمه وهڵاممان داوهتهوه.
بهڵام دزهپێکردنی ڕاپۆرتێکی نهێنیی دهزگای چاودێری دارایی کهڕاپۆرتی داواکارییه بۆ ڕوونکردنهوه نهک بڕیاری کۆتایی و تاوانبارکردنی تهرهفی دووهم ، خۆی لهخۆیدا کارێکی نایاساییهو خاوهنهکهی دهخاته بهردهم یاسا.
ههر بۆیه ئێمه ئهو دهنگۆیهمان بڵاو نهکردۆتهوه و جهخت لهسهر ئهوه دهکهینهوه کهئێوه لهدهرهوهی ئهو ڕێکهوتنهدا کهلهنێوانماندا ههبووه هیچ یارمهتییهکی تری تایبهتتان وهرنهگرتووه.
لهکۆتاییشدا ڕێزو سڵاوی خۆمانتان بۆ دووباره دهکهینهوه.
ههربژین وسوپاس.
سهرۆک وئهنجوومهنی
دهزگای چاپ وپهخشی سهردهم
23/5/2010
ماڵپهڕی بهختیار عهلی