لە کوێڕا دەست پێ بکەم
ئاگرێک رژایە ژوورەکەم
شاباشی پەت ناکەم
سەفەر ئاوی ئاراسە
بە هاوڕێکانم بڵێن:بە ورە بن
***
مەلا بانگدان
ئاگرێکی داپڵۆخێنەر لە ژوورەکەم رۆ کرا
مەلا بانگدان
پەتێکی چەند قەف
مار
ئاسا
لە تەختی ملم هاڵرا
مەلا بانگدان قرتە قرتی جانتاکان
زڕە خەوی تێگرتم
بە هاوڕێکانم بڵێن:بە ورە بن
پڕێک لە تەختەکەم دەدەم
بەتانییەکەم تەختەکەمی بۆ دانامرکێتەوە
پڕێکی تر
فوو
فوو
بە فووەکەم ئاوێنە مل لارکراوەکەم بۆ ئەهوەن ناكريَتةوة
مۆتەکە لە سینگم نایەتە خوار
دەنگم لە قوڕگم دا بە گیانه ڵڵاوەیە
بە هاوڕێکانم بڵێن:بە ورە بن
چاوم ئاگر پەنگی تێدا خواردۆتەوە
ئاگرێک شکڵی ئەسرینەکانم
دە
پە
یکە
رێنێت
دەبێت پێستی چەند فرمێسکم داماڵرێ
ئیمان بە وێنەی ترۆپکەکانی رەهاییم بهێنرێت
ئاگرێک پەپکەی لە پێکەنینەکانمدا خواردووە
چما دەمی چەندها چرۆ بتەقێتەوە
خۆری ئالاکەم
لە پشت کێوی داربەڕوەکانەوە
دە
قا
قا
یێنێ...
هاوار
هاوار
دەهاوارێنم
ماڵەوەمان
ژوورەکەی لە ریگای سەفەر داهەڵرشتووە
چەند پیرە هەنگاوی تر
بهە
نگا
وێنم
سێوەکان دار هەڵبێنن
دەشریخێنم
ئەم ئاگرە چەتەیی هەست و نییستمیەتی
من لە کوێ؟
ماڵەوەمان
رێگای پێخەفی پێڵاوەکانیيةتي
ئەو لە کوێَ؟
بە هاوڕێکانم بڵێن:بە ورە بن
لە کڵ و کۆی ئەم ئاگرەدا
پەت بازنەی گرنج گرنج لە ملم دا دەنەخشێنێ
قاچم لەوەی هەیە دەستی زیاتر راناگات
ئاگرەگە لە قاچم تەریک بخاتەوە
ژوورەکەم قاچەکانی لە
دا
پڵۆ
خین
دایە
بە کاوەخۆ
گەڵای هەڵاڵە برایمەکەی راخەرەکەم
هەڵ
قرچا
بە سرتەوە
خونچەی پەردە وەنەوشەییەکەم
هەڵ
پری
وا
ا
ا
بە ئەسپایی
بازنەی گرنج گرنج
ترنجاوەتە نێوان شارەگەکانم
بە هاوڕێکانم بڵێن:بە ورە بن
هاوارێکم تا ژوورەکەی ماڵەوەمان نابڕێ
ماڵەوەمان جانتاکەی
پێ
پیل
کانەکان
ئەنگوست دەکات
ئاگر
دە
لوو
رێنی
بە ژوورەکەمدا
لە زیندە خەوێک دام:
کارناواڵێک هەنگاوەکانی دابەش دەکات
باوەش باوەش بەڕوەکان خۆر رادەژەنن
کازێوە هەڵیداوە
شاباش شاباش
پەت ئیتر مانای پەت نادا
پەت سنوورێکی راکشاوە
حوکمی رەوایە بە سەرهەڵاڵە برایمە و گوڵاڵە سوورە دا
شاباش شاباش
بە هاورَێکانم بڵێن:خەنەبەندانە لە ریبەندان
سەفەرت خۆش ماڵەوەمان
نەفرەت لە فاتێحایەک بۆ من
پەت سورانەوەیەکی موتڵەق کراوە
بە هاوڕێکانم بڵێن:بە ورە بن