دكتۆر عه‌لیره‌زا نوری زاده به‌رپرسی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ئێران-عه‌ره‌ب له له‌نده‌ن وێڕای خستنه‌ڕوی دید و بۆچوونه‌كانی سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له‌و پرۆسه‌یه‌دا، باس له نیگه‌رانییه‌كانی سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی باشوری كوردستان ده‌كات و به‌م شێویه‌ی خواره‌وه بۆ رۆژنامه‌ی ده‌ستور ده‌دوێت.
سازدانی: هیوا سه‌لیمی
- عێراق له‌به‌رده‌م به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی گرنگ‌و هه‌ستیاردایه. ره‌خنه‌و گله‌ییه‌كی زۆر له‌ئارادایه‌و لێكدانه‌وه‌ی جیاجیا ده‌رباره‌ی پرسه‌كه ده‌كرێ. به شێوه‌یه‌كی گشتیی لێكدانه‌وه‌ی جه‌نابتان بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه چییه؟
عه‌لیره‌زا نوریزاده: هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ره‌ڕای هه‌موو ره‌خنه‌كان، گرنگترین رووداوه كه چاره‌نووسی سیاسیی ئه‌و وڵاته دیاری ده‌كا. ئه‌م رووداوه سیاسییه نوێیه ده‌توانێ داهاتووی عێراق به دوو شێواز وێنا بكات: یان ئه‌وه‌ی كه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه عێراق بۆ خانه‌ی دیموكراسی راسته‌قینه رێ‌نوێن ده‌كا‌و عێراق به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه ده‌با به‌ره‌و ئه‌و هێڵه دڵخوازه‌ی كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك خوازیارین، ئه‌و هێڵه‌ی كه كاریگه‌ری جدی له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیی عێراق داده‌نێ، یان به‌پێچه‌وانه عێراق به‌ره‌و داڵانێكی پڕله پێچ‌و هه‌وراز رێ‌نوێن ده‌كا كه ره‌نگ‌و بۆنێكی ته‌واو ئایینی‌و تایفی به‌خۆیه‌وه بگرێ‌و دواجار سیسته‌می سیاسی بۆ سیسته‌مێكی تاك ره‌هه‌ند ده‌گوازرێته‌وه. ئه‌گه‌ر حیزب‌و گرووپه ئاینییه‌كان به‌و پاره‌و پشتیوانی‌و یارمه‌تییه ده‌ره‌كیانه‌ی كه لێیان ده‌كرێ بتوانن له ده‌وڵه‌تی داهاتووی عێراق ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرن ده‌بێ دڵگران‌و نیگه‌ران بین‌و به‌ڵام ئه‌گه‌ر حیزبه عیلمانییه‌كانی عێراق بتوانن لانیكه‌م هاوكێشه‌كانی ده‌سه‌ڵات رابگرن‌و رێگه نه‌ده‌ن كه ئاینییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ره‌های عێراق به‌ده‌سته‌وه بگرن، ئه‌و كات ده‌بێ هیوادار بین كه عێراق درێژه به هه‌نگاوه‌كانی له‌ئاراسته‌ی پرۆسه‌ی دیموكراتیزاسیۆن ده‌دا‌و پارلمانی داهاتوو ده‌بێته مه‌ته‌رێزێك بۆ به‌رگریكردن له دیموكراسی‌و فیدرالیزم‌و ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری.
- گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئێستاكه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارلمانی عێراق ده‌سوه‌ردانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و به تایبه‌ت كۆماری ئیسلامی ئێرانه. به‌بڕوای ئێوه پشكی ئێران له‌م ده‌ستێوه‌ردانانه چه‌نده‌و ئامانجه‌كانی حكوومه‌تی ئێران له‌م كرده‌وانه چییه؟
عه‌لیره‌زا نوریزاده: هه‌ر یه‌ك له ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌و جیهان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان له گرووپ‌و ده‌سته‌یه‌كی ده‌ستنیشانكراو لایه‌نگری ده‌كا‌و تا ئێره‌دا هیچ كێشه‌یه‌ك نییه. به‌ڵام هیچ كام له‌م ده‌وڵه‌تانه به‌راده‌ی حكوومه‌تی ئێران به‌ئاشكرا ده‌سوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی عێراق ناكا. هه‌ر له‌م نموونه‌ی ده‌سته‌ی داد‌و لێپێچینه‌وه بڕوانن كه سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی له ده‌ست كه‌سانێكی وه‌ك ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی‌و ئه‌للامییه، ئه‌وان له كاره‌كانیاندا به كرده‌وه نیشانیان دا كه بڕیاره‌كانیان له شوێنێكی دیكه‌وه په‌سندده‌كرێ. ساڵح موتڵه‌گ به‌و هۆكار له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دوورخرایه‌وه كه پشتیگری‌و پشتیوانیی له موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێران ده‌كرد‌و له كۆنگره حیزبیه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌دا به‌شداری ده‌كرد. ناوبراو به هۆكاری به‌عسیبوون دوور نه‌خرایه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر به‌عسیبوون پێوه‌رێك بۆ ئه‌م مه‌سه‌له بێ ده‌بێ نیوه‌ی خه‌ڵكی عێراق له پرۆسه‌ی سیاسیی‌و له به‌شداری سیاسیی ئه‌و وڵاته دوور بخرێنه‌وه. حكوومه‌تی به‌عس 3 ده‌یه ده‌سه‌ڵاتداری كرد‌و خه‌ڵكیش له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناچاربوون ببنه ئه‌ندامی حیزبی به‌عس، چوونكو مامۆستا بوون، فه‌رمانبه‌ری حكوومه‌تی بوون‌و ناچار ده‌كران كه ببنه ئه‌ندام. ساڵح موتڵه‌گ تۆڵه‌ی هاورێیه‌تیكردن له گه‌ڵ موجاهیدینی خه‌ڵكی لێده‌كرێته‌وه. یان له چه‌ندین نموونه‌یتردا ده‌بیندرێ كه كه‌سانێك له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و به‌شداری سیاسیی دوور ده‌خرێنه‌وه كه پێشووتر هه‌ڵوێستی تووندیان له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له عێراقدا بووه‌و ئه‌م رووداوه ئاشكرای كرد كه كۆماری ئیسلامی نفوزێكی به‌رچاوی له عێراقدا هه‌یه. ئێوه بڵێن ئه‌مه چ مانایه‌كی هه‌یه كه كۆماری ئیسلامی بۆوێنه به كاندیدێكی شیعه ده‌ڵێ كه ئێمه تۆ ده‌كه‌ین به سه‌رۆك وه‌زیران، دواتر چه‌ند ملیۆن دۆلار ده‌خاته خزمه‌تی‌و پێی ده‌ڵێ كه ئه‌م پاریه بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه، ئه‌م ره‌فتاره‌ی ئێران ره‌فتارێكی دزێو‌و ده‌سوه‌ردان‌و ده‌ستدرێژی ئاشكرایه بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی‌و مافه‌كانی گه‌لانی عێراق. وڵاتانی دیكه به‌و شێوه ده‌سوه‌ردان ناكه‌ن، پێده‌چێ فڵانه وڵاتی عه‌ره‌بی له حیزب یان له مه‌زهه‌بێكی دیاریكراو پشتیوانی بكا به‌ڵام ئه‌م پشتویانیكردنه نهێنی‌و مه‌عنه‌وییه، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی به ئاشكرا ئه‌و كاره ده‌كا. حه‌سه‌نی كازمی قومی‌و جێگره‌كه‌ی به ئاسانی بڕیار ده‌ده‌ن‌و پاره‌ی زۆر ده‌خه‌نه خزمه‌ت گرووپ‌و كاندیده‌كان‌و پێویسته ئه‌م مه‌سه‌له به تووندی ئیدانه بكرێ، نابێ رێگه بدرێ وڵاتێكی ده‌ره‌كی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وڵاتی منیش بێ، له كاروباری ناوخۆیی عێراق ده‌ستێوه‌ردان بكا، مه‌گه‌ر عێراق له وڵاته‌كه‌ی من ده‌سوه‌ردان ده‌كا كه ئێران به‌م شێوه هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كا! به‌بڕوای من ده‌بێ ئه‌م ره‌فتارانه مه‌حكووم بكرێ ده‌بێ پیاوانی ده‌وڵه‌تی عێراق بزانن كه ئه‌گه‌ر ده‌یانهه‌وێ ئێعتبار‌و پێگه په‌یدا بكه‌ن ده‌بێ ئه‌م ئێعتباره‌یان له لایه‌ن گه‌لانی عێراقه‌وه بێ نه‌ك له لایه‌ن وڵاتێكی بێگانه‌وه.
- كریستۆڤه‌ر هێڵ باڵیۆزی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له به‌غداد له سمینارێك له ئه‌نستیتۆی ئاشتی له واشینگتۆن له وڵام به پرسیارێك ده‌رباره‌ی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی ده‌سوه‌ردانه‌كانی حكوومه‌تی ئێران له عێراق رایگه‌یاندووه كه ئه‌گه‌ر عێراق له گه‌ڵ ئه‌مریكا هاوكاری بكا شه‌ریكێكی ستراتژیك بۆ ئه‌مریكا ده‌بێ‌و ئه‌گه‌ر به‌ره‌و ئێران بڕوا ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ عێراق ده‌گۆڕدرێ. به‌بڕوای ئێوه ئایا ئه‌مریكا له داهاتووی گۆڕانكارییه‌كانی عێراق نیگه‌رانه یان به‌م قسانه ده‌یهه‌وێ ئامانجیتر بپێكێ ؟
عه‌لیره‌زا نوریزاده: به‌دڵنیاییه‌وه نیگه‌رانه. به‌ڵام من له‌و بڕوایه‌دانیم كه ئه‌مریكا بۆ عێراق هات‌و كوڕه‌كانی به‌كوشت دا‌و ئه‌و هه‌موو هه‌زینه‌ی سه‌رف كرد تا عێراق پێشكه‌ش به كۆماری ئیسلامی ئێران بكا. له‌و بڕوایه‌دام هه‌ر كات ئه‌مریكییه‌كان هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه عێراق ته‌واو له ئێران نزیك ده‌بێته‌وه‌و به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته ده‌ڕوا، له‌وه‌ها حاڵه‌تێكدا بڕیاری پیۆیست ده‌ده‌ن. راسته كه ده‌سه‌ڵاتیان راده‌ستی عێراقییه‌كان كردووه‌و له كاروباری ناوخۆیی عێراقدا ده‌ستێوه‌ردان ناكه‌ن‌و ته‌نیا لایه‌نه‌كان له راوبۆچوونه‌كانیان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام حكوومه‌تێك به گه‌وره‌یی ئه‌مریكا به‌ئاسانی چاوی ناقونجێنێ‌و بڵێ ئێمه سه‌دامان رووخاند‌و كۆماری ئیسلامی فه‌رموو ئه‌وه عێراق بۆ تۆ. كۆماری ئیسلامی ئێران له‌و بشێویی‌و تیرۆریزمه‌ی كه له عێراقدا چالاك بووه كه‌ڵكی وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له قازانجی خۆی جێگه پێ درووست بكا‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌وێ سه‌قامگیر بكا. ئه‌ڵبه‌ته به‌بڕای من عێراقییه‌كان خۆیان به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتوون كه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به شێوه‌یه‌كی ته‌واو ئازاد‌و بێ ده‌سوه‌ردانی ئێران به‌ڕێوه‌بچێ سه‌رجه‌می لایه‌ن‌و گرووپه‌كانی سه‌ر به ئێران ده‌كه‌ونه په‌راوێزه‌وه. خه‌ڵكی عێراق به‌رامبه‌ر به پیاوانی ئایینی‌و ده‌ست‌و پێوه‌نده‌كانی كۆماری ئیسلامی چاویان كراوه‌ته‌وه‌و گومانم له‌وه‌دا نییه كه خه‌ڵكی عێراق كه‌سانێك هه‌ڵده‌بژێرن كه خاوه‌نی ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆ‌و به‌هێزن‌و نایانهه‌وێ پێكهاته ئایینی‌و تایفی‌و قه‌ومییه‌كان به یه‌كیه‌تی نیشتمانی‌وهاوپه‌یوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بگۆڕنه‌وه.
- جه‌نابتان پێگه‌ی كورده‌كان له عێراق چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی‌و چۆن له رابردووی سیاسیی ئه‌وان له‌م چه‌ند ساڵه ده‌ڕوانی؟
عه‌لیره‌زا نوریزاده: من جێگه‌و پێگه‌ی كورده‌كان زۆر باش‌و به‌هێز ده‌بینم. من له‌و بڕوایه‌دام كه ئه‌گه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق نه‌بووایه، عێراق ده‌مێك ساڵ بوو كه له‌ت له‌ت‌و پارچه پارچه كرابوو. بوونی پیاوێكی ناسراو‌و سیاسه‌تمه‌دارێكی به‌هێزی وه‌ك تاڵه‌بانی یه‌كێك له گرنگترین ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ی عێراق بووه. تاڵه‌بانی به دوور له هه‌موو ده‌مارگرژییه نه‌ته‌وه‌یی‌و ئایینی‌و تایفییه‌كان نیشانی دا كه سه‌رۆك كۆماری سه‌رجه‌می عێراقه‌و به‌بڕوای من ئه‌م خاڵه ئێعتباری تاڵه‌بانی زیاد كرد. هه‌روه‌ها بوونی مه‌سعود بارزانی له سه‌روی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانی نیشانی داوه كه له هه‌بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌كی قه‌ومی‌و ئایینی تێڕوانینی ئه‌و به‌ڕێزه سه‌روتر له‌و بابه‌تانه بووه‌و عێراقێكی یه‌كپارچه‌ی فیدراڵی بۆ گرنگ بووه.
به‌ڵام به‌داخه‌وه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له كوردستان نیگه‌رانم ده‌كا، ئه‌و ره‌وت‌و گرووپانه‌ی كه له كوردستان هاتوونه ناو ململانێی سیاسی، ئه‌گه‌ر له كوردستان دیموكراسی نه‌بووایه قه‌ت نه‌یانده‌توانێ له دایك بن. ئه‌مانه هاتوون‌و ده‌بێ پێشوازیان لێ بكرێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه دیموكراسی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ن‌و بوونی ئه‌م گرووپانه رۆژ له دوای رۆژ نه‌مامی دیموكراسی گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن به‌ڵام من ئه‌م كێشه‌و ململانێ گه‌وره‌یه‌ی كه له نێوانیاندا هه‌یه به زیانی داهاتووی دیموكراسی له كوردستان ده‌بینم‌و له‌و بڕوایه‌دام كه ده‌بێ ئه‌م ره‌وت‌و گرووپانه یه‌كتر ته‌حموول بكه‌ن نه‌ك ئه‌وه‌ی دوژمنایه‌تی یه‌كتر بكه‌ن. ئه‌مانه رۆژانێك هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه بوون یان ئه‌وه‌ی كه هه‌مووی ئه‌مانه به‌دوای ئازادی‌و سه‌ره‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌گه‌ڕێن. به‌رای من ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م كێشه‌و ململانێ حیزبیانه به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه‌و ته‌نیا ئه‌و كێشانه له لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌كان‌و رادیۆ‌و ته‌لفیزیۆنه‌كان ره‌نگ بداته‌وه نه‌ك له سه‌ر شه‌قامه‌كان. ئه‌م بابه‌ته مه‌ترسیداره‌و هیوادارم كه له ژێر رۆشنایی سیاسه‌تێكی گونجاو‌و شارستانیدا بینه‌ری هه‌ڵبژاردنێكی ته‌ندرووست بین‌و ده‌وڵه‌تی داهاتووی عێراق چ له ئاستی سه‌رجه‌می عێراق‌و چ له ئاستی كوردستان ده‌وڵه‌تێ بێ كه له لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پشتیوانی لێبكرێ‌و نوێنه‌رانی راسه‌قینه‌ی خه‌ڵك، پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌تی داهاتوو پێك‌بێنن.