به‌وه ناسراوه كه به راشكاوی وه‌لاَمی پرسیاری رۆژنامه‌نووسان ده‌داته‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی تایبه‌تی له سه‌ر بارودۆخی سیاسی هه‌یه، كه‌سایه‌تیه‌كه مێژوو باش ده‌ناسێ و یاده‌وه‌ری و نوكته‌ی تایبه‌تی له سه‌ر شته‌كان له لایه ،دوای نیو كاتژمێر چاوه‌روانی له ماڵه‌كه‌یدا له شاری سلێمانی كه میوانێكی تایبه‌تی هه‌بوو هاته ده‌ره‌وه‌وبه خێر هاتنی كردین و به‌ره‌و ژووره‌وه ده‌ستی گرتین، ئه‌و ئه‌گه‌ر چی 70 ساڵی ته‌مه‌نی تێپه‌ر كردووه و سی ساڵه له شاره‌كه‌ی و ولاَته‌كه‌ی دووره ،دوای هه‌واڵ پرسین به سه‌رهاتێكی خۆشی ده‌ورانی منداڵی خۆی له كێوی ته‌ره‌غه‌ی شاری بۆكان كه خۆی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌یه‌و تێیدا له دایك بووه بۆ گێراینه‌وه، به هیواو ئۆمێدێكی زۆره‌وه له قۆناغی ژیانی سیاسی ئێستای ئێرانی ده‌روانی ، ئه‌و كه‌سایه‌تیه سیاسیه، رۆشنبیره، سه‌ربه‌خۆیه ناوی سه‌لاحودینی موهته‌دیه كه پێویست به ناساندن ناكات
سازدانی: سۆران پالاَنی، موحسین كاكه‌ڕه‌ش
ره‌وانیوز: هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری له ئێران دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان كۆمه‌ڵێك خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی به شوێن دا هات، پێت وایه قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردن قۆناغێكی تازه‌یه له مێژووی خه‌باتی سیاسی بۆ گه‌لانی ئێران و له نێو خودی حاكیمه‌ت له ئیران دا؟
سه‌لاحودینی موهته‌دی: به‌ڵێ پێم وایه، له دوای هاتنه سه‌ر كاری جمهوری ئیسلامی و دوای سه‌ركوتی ئه‌م ئازادییه‌ی كه هه‌ر بیلافاسیله پاش ئینقلاب ده‌ستی پێكردو نزیك به دوو ساڵی خایاند، ئه‌و دوساڵه سه‌رده‌می ئازادی و گۆڕانكاری و دیموكراسی و هێنانه گۆڕی بیر‌و باوه‌ری جۆراوجۆر بوو. له ئاخریش گه‌یشت به سه‌ركوتی بێ ره‌حمانه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه و كوژران و هه‌ڵاتن و ده‌ربه‌ده‌ری هه‌زارن خه‌ڵكی ئێران و نیزامێك چه‌سپا، كه ئه‌و نیزامه پێی ده‌ڵێن جمهوری ئیسلامی ئێران. له كاتێكه‌وه كه نیزامی جمهوری ئیسلامی ئێران چه‌سپا به یه‌كجاری، تا ئه‌م ساڵی كه ئێمه تێی داین، هه‌رگیز گۆڕانكاری وا گه‌وره، وا قوڵ و وا ریشه‌یی نه‌چۆته ناو كۆمه‌ڵگای ئێرانه‌وه.
ره‌نگه ئێمه‌مانان كه له‌ده‌ره‌وه‌ین هه‌ر چاوه‌ڕوانیشمان نه‌كردبێت، كه‌وای لێدێت چونكه هیچ قه‌رینه‌یه‌ك بۆ ئێمه نه‌بوو كه بزانین كه ئه‌رێ ریز به‌ندی و سه‌فئارایی چۆنه له داخڵی ئێران. ئێمه تێیدا نه‌بووین. ئێمه میرحسێنی موسه‌ویمان ده‌دی كه هه‌شت ساڵ سه‌رۆك وه‌زیر بووه له جمهوری ئیسلامی‌دا، كه‌ڕوبیمان ده‌دی كه چه‌ند ساڵ به‌رپرسی مه‌جلیسی شوڕا و چه‌ند ساڵیش به‌رپرسی بونیادی شه‌هید بووه‌و هه‌میشه بۆ هه‌موو مه‌ئموریه‌تێك نوێنه‌ری خومه‌ینی بووه، ئێمه موحسینی ره‌زاییمان ده‌ده‌ی كه ساڵها به‌رپرسی سوپای پاسداران و عاملی كوشتار و بڕین و سه‌ركوتی خه‌ڵكی ئێران بووه. لایه‌كی دیكه‌ش ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بوو و هه‌موو كه‌س ده‌یناسێ و فارس ده‌ڵێ موسته‌غنیه له ته‌عریف.
ئه‌وانه پێكه‌وه مونافه‌سه و ململانێ بكه‌ن چی لێ په‌یدا ده‌بێ؟ زاهیری ئه‌وه بوو كه ده‌بوو هیچی لێ په‌یدا نه‌بوایه، ده‌بوو ئینتخاباتێك بوایه هه‌ر وه‌ك ئه‌وانی پێشوو.
به‌ڵام له راستیدا گۆڕانكاری ده‌رونی كۆمه‌ڵگای ئێران ئه‌وه‌نده فراوان بوو ئه‌وه‌نده قوڵ بوو و ئه‌وه‌نده‌ش هه‌مه لایه‌نه بوو كه له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ده‌رخا .
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌رفه‌تی پێویستی نایه به‌رده‌ست به تایبه‌ت كه كه‌ڕوبی و موسه‌وی به‌و نه‌تیجه‌یه گه‌یشتن بۆ سه‌ركه‌وتنی خۆیان جگه له پاڵپشتی خه‌ڵك وه كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌نج و خوێندكارانی زانكۆكان هیچی تریان به‌ده‌سته‌وه نیه سپای پاسداران بۆته ده‌سه‌ڵاتی تاقانه له ئێران بۆته مافیایه‌ك كه مونافه‌سه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێ. هه‌موو ده‌زگاكانی ئێران هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی دارایی عه‌سكه‌ری سیاسی و ته‌بلیغی ئێرانی له ژێر چۆكی خۆی ناوه و ئه‌وه‌یش له‌گه‌ڵ خامنه‌یی و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده.
ره‌هبه‌ری كه خامنه‌ییه سه‌تاسه‌د پشتیوانی ده‌كا له ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، حكومه‌ت له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو هێنده خه‌ڵكه‌كه‌ی ناوخۆی ته‌سفیه كردوه و كه‌سێك بۆنی ئازادیخوازی لێ هاتبێ ده‌ركراوه ،ئه‌وی ماوه‌ته‌وه ته‌نیا كۆنه په‌ره‌ست و ده‌سته راستیه . كه‌ڕوبی و موسه‌وی ئه‌وانه‌یان بۆ سابیت بوو بۆیه ئه‌وان پاڵیان وه ئه‌و نه‌سله نوێیه‌دا وه‌ك نه‌وه‌ی تازه، دیار بوو چونكه خۆشیان له ئێران بوون و تێكه‌ڵیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌یانناسین و ده‌یانزانی جیلێكی هه‌م له باری ژماره‌وه زۆرن هه‌م له‌باری بیر‌و باوه‌ڕه‌وه خوێنده‌وارن، هه‌م به قودره‌تن، هه‌م ساحیب بیروباوه‌ڕێكی پته‌ون بۆیه ده‌بێ پاڵی پێوه بده‌ی و پشتیوانی لێ بكه‌ی و پشتیوانیشت لێی بوێ. ئه‌مه وایكرد كه به چاوه‌ڕوان نه‌كراوی گۆڕانكاری هاته ناو كۆمه‌ڵگای ئێران. كه ده‌ڵێم چاوه‌ڕوان نه‌كراوی "بۆ ئێمه ده‌ڵێم چاوه‌ڕوان نه‌كراوی "گۆڕانه‌كه هه‌رهاتوو توندتر بوو، شتێك پێش هه‌ڵبژاردن كه هێشتا سه‌ركوت ده‌ستی پێنه‌كردبوو تۆ له‌لایه‌ن ته‌له‌فیزیۆنه‌وه له‌لایه‌ن میدیاكانه‌وه، ئه‌و سه‌حنه و ئه‌و مه‌نزه‌رانه‌ت ده‌دی كه قه‌ت له ئێران نه‌تدیتبوو. هاتنی ئه‌و هه‌موو گه‌نج و خوێنده‌واره. قۆڵ له قۆڵ نانی كوڕ‌و كچ، شیعاری تازه و ئه‌و تیزماڵكه پارچه سه‌وزه كه بوو به شیعاری سیاسی و ئه‌و شیعاره سیاسیه ئه‌وه‌ش نه‌بوو كه جاران جمهوری ئیسلامی كه ده‌یهێنا پارچه‌یه‌كی ره‌شی له خۆی ده‌دا. هه‌موو ئه‌وانه دنیایان به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یاند كه ده‌بێ چاوه‌ڕوانی شتی تازه بێت، بۆیه هه‌ر پێش هه‌ڵبژاردن ده‌ركه‌وت كه ئێمه له‌گه‌ڵ روداوێكی تازه روبه‌ڕو بووینه‌وه، به‌ڵام ماوه‌ی ئه‌م كرانه‌وه و خۆپیشاندانانه كه‌م بوو ، ئیتر هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌ستی پێكرد. كه هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌ستی پێكرد، هه‌ر چۆن كه بۆ ئێمه چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو بۆ ئه‌حمه‌دی نه‌ژادیش چاوه‌ڕوان نه‌كراوبوو. ئه‌ویش پێی وانه‌بوو ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه دێته مه‌یدان، ئه‌ویش پێی وانه‌بوو ئه‌و هه‌مووه گه‌نجه دێن، پێی وانه‌بوو ئه‌و هه‌موو خوێنده‌وار و روناكبیره كه هه‌میشه له سه‌ر هه‌موو شت ناكۆك بوون دوبه‌ره‌كایه‌تیان له به‌یندا بوو، پرته‌و بۆڵه‌یان بوو،چوون عاده‌تی روناكبیرانیش ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر هه‌موو شتێك رێكناكه‌ون. پێی وانه‌بوو ئه‌و هه‌مووه خه‌ڵكه رێكده‌كه‌ون له ده‌وری شیعارێك كۆده‌بنه‌وه، بۆیه ئه‌حمه‌دی نه‌ژادیش غافڵگیر كرا.
ئۆپۆزسیۆنی كوردیش كه هه‌ر هیچ، زۆر به ئاسانی غافڵگیر بوو، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌كه كرا، بۆ رۆژی سبه‌ینێ بۆ هه‌موومان ده‌ركه‌وت كه ئێمه له به‌رامبه‌ر مێژوویه‌كی تازه‌ی جمهوری ئیسلامی وه‌ستاوین.یه‌كه‌م راسته هه‌میشه ته‌زویر و ده‌ستێوه‌ردان و گۆڕانكاری له نه‌تیجه‌ی هه‌ڵبژاردندا كراوه، به‌ڵام قه‌ت به‌و فراوانییه نه‌كرابوو. ئه‌مه شتێكی زۆر تازه بوو. قه‌ت وا به ئاشكر و به‌كه‌له‌گاییش نه‌كرابوو. قه‌ت ئاوا به نه‌زانی و به ملهوڕیش نه‌كرابوو. یانی ته‌نانه‌ت نه‌په‌رژابوونه سه‌ر ئه‌وه كه بزانن ئه‌رێ له كوێ بیكه‌ن؟ له جێگایه‌ك كه ره‌نگه ژماره‌ی دانیشتووه‌كانی هه‌زار كه‌س بێ، سێ هه‌زار ده‌نگ بۆ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هاتبووه ناو سندوقه‌وه، ئه‌مه كه‌له‌گایی بوو. دووهه‌م ئه‌م كه‌ڵه‌گایی یه‌ش خۆ به‌رامبه‌ر به ئێمه‌ی كورد یا ئۆپۆزسیۆنی سونه‌تی ئێران نه‌كرابوو كه كه‌س گوێی ناداتێ و حیسابی بۆ ناكا و كه‌س ئاهوناڵه‌كه‌ی نابیستێ. ئه‌مه به‌رامبه‌ر به كه‌سانێك كراوه كه ساڵانێك له حاكمیه‌ت به‌شدار و ده‌سه‌ڵاتدار بوون. خه‌ڵكیان هه‌یه. مه‌لایان هه‌یه. ئایه‌توڵای عوزما و ناعوزمایان هه‌یه. سێهه‌م سه‌حنه‌ی ده‌رگیری و شه‌ره‌كه‌ش شاخ و كێوه‌كانی كورده‌واری نین، تارانه، پایته‌خته، زانكۆیه. چی لێده‌كه‌ی؟ چۆنی ده‌شاریه‌وه؟ به‌سه‌دان خه‌به‌رنگاری ئه‌مریكایی و ئوروپایی و ژاپۆنی و ئوستورالی له وێ بوون. له‌به‌ر ئه‌وه شتێك رویدا كه بۆ هه‌موو كه‌س چاوه‌ڕوان نه‌كرابوو. هه‌موو ئه‌وانه‌ی سیاسییه‌كانی ئیستا بڵێن وه‌ڵا ئێمه هه‌ر له ئه‌وه‌ڵه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌كرد، راست ناكه‌ن. مه‌گه‌ر ته‌نها كه‌سانێك له تاران بووبن و له نێو حه‌ره‌كه‌تی خوێندكاری‌دا به‌شداریان كردبێت. ره‌نگه ئه‌وان چه‌ند و چونه‌كه‌یان باشتر زانی بێ له ئێمه مانان و باشتریان لێكدا بێته‌وه، به‌ڵام كه‌سی دیكه‌یان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی نه‌كرد، پێش هه‌موویان ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد. دوای ئه‌و میرحوسێنی موسه‌وی و ره‌نگه دوای ئه‌وانه‌ش ئێمه. به‌لاَم ئه‌م قۆناغه كه له دوای هه‌ڵبژاردن هاته پێش هه‌موومان چاومان كرایه‌وه. كه ئێران گۆڕاوه، ئێران به درنگێكه‌وه له ژێره‌وه، له قوڵاییدا گۆڕاوه. جا ئه‌مجار هه‌ڵبژاردنێك دێت و ده‌بێته بیانوو و ده‌بێته ده‌رفه‌ت بۆ ده‌رخستنی ئه‌م گۆڕانكاریه، به‌ڵام گۆڕانكاریه‌كه پێشووتر كراوه له نێو كۆمه‌ڵگادا. جا لێره‌دایه كه ئه‌وانه كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵناسی وه‌كو زانست كارده‌كه‌ن ئه‌و ده‌رسه‌ی لێوه‌رده‌گرن كه رواڵه‌تی یه‌ك كۆمه‌ڵگا هه‌موو كۆمه‌ڵگاكه‌ت پێ ناناسێنێ. له‌كۆمه‌ڵگادا زۆر گۆڕانكاری هه‌یه كه له ده‌ره‌وه نابینرێ و له رواڵه‌تیشدا نابینرێ ته‌كانێك پێویسته تا ئه‌وه‌ی له ده‌رونی كۆمه‌ڵگادایه بێته سه‌ره‌وه و خه‌ڵك بیبینێ. به‌ڵێ، بۆیه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت ئه‌وه‌یه كه ئه‌م گۆڕانكاریه سه‌ره‌تای مێژوویه‌كی تازه‌یه له حه‌یاتی جمهوری ئیسلامی ئێران‌دا كه ره‌نگه نه‌تیجه‌كه‌ی ئه‌وه بێ كه تازه هه‌رگیز ئه‌م جمهوریه ئیسلامییه نه‌بێته ئه‌وه‌ی سی ساڵ له‌وه‌و پێشی.
ره‌وانیوز: كه‌واته كاك سه‌لاح درزێك كه‌وتۆته نێو سیستمی سیاسی و ئایدۆلۆژی كۆماری ئیسلامی ئێران؟
سه‌لاحودینی موهته‌دی: به‌ڵێ به دروشمه‌كانیاندا دیاره. له رۆژی قودسدا كه قه‌رار وایه هه‌موو ئێرانیان خۆی بۆ بكوژن، ئیسڕائیل ده‌بێ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جوغرافیا بسڕنه‌وه ،ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ڵده‌ستێ و ده‌چێته نیۆیۆرك.
له‌م رۆژه‌دا خه‌ڵك هاوار ده‌كه‌ن"نه‌غه‌زه، نه‌لوبنان، جانه‌م فه‌دایه‌ت ئیران". ئه‌مه گۆڕانكاریه‌كه هه‌م له ئایدۆلۆژیا هه‌م له گۆڕانی ئامانجه‌كانه. ئامانجی خه‌ڵكه‌كه گۆڕاوه. مه‌به‌سته‌كان تازه ئه‌و مه‌به‌ستانه نین كه جاران هاوارو هه‌رایان بۆ ده‌كرد و له پێناوی دا خۆپیشاندانیان ساز ده‌كرد ،له ئێمه‌مانانیان ده‌دا و ده‌ریان ده‌كردین و به‌كافر و به دوژمنی كۆمه‌ڵگای ئێرانیان ده‌ناساندین، چونكه پشتیوانی ناكه‌ین له فه‌له‌ستین، له حیزبوڵای لوبنان، له حیزبوڵای عێراق، چونكه پێمان وایه كێشه و گیر‌و گرفته‌كانی ناوخۆی ئیران به ئه‌ندازه‌ی كافی هه‌ن كه ئێمه خۆمانی پێوه خه‌ریك كه‌ین و ئێمه چاره‌سه‌ری كه‌ین. موشكلی میلله‌تی لوبنان وفه‌له‌ستین موشكلی میلله‌تی ئێران نییه. خۆ ئێمه‌مانان ( مه‌به‌ستم ته‌نیا من و تۆ نییه به ته‌نیا، مه‌به‌ستم ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییه، ئۆپۆزسیۆنی غه‌یری ناوخۆ) ئۆپۆزسیۆنی سونه‌تی ئێران زۆری ده‌گوت به‌ڵام گوێی لێ نه‌ده‌گیرا. ئێستا له سه‌ر جاده له ئیسفه‌هان و شیراز و تاران خه‌ڵك هه‌را ده‌كا. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه ئامانج و مه‌به‌سته‌كانی چینی گه‌نجی ئێستا هه‌مان ئامانج و هه‌مان مه‌به‌ست و هه‌مان شیعاره‌كانی پێشوو نییه و گۆڕانكاری ئه‌وه‌یه له كۆمه‌ڵگایه‌كدا مه‌به‌سته‌كان ده‌گۆڕدرێن. تازه تۆ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ناتوانی خه‌ڵك ئاماده بكه‌ی ،به‌سیجی بكه‌ی. به‌سیج هه‌ر بۆیه ناویان نا به‌سیج كه ده‌توانێ خه‌ڵك كۆبكاته‌وه له ده‌وری ئامانجێك تۆ تازه ناتوانی خه‌ڵك كۆ بكه‌یته‌وه كه بچێ به قاچی روته‌وه هه‌ستێ بچێته سه‌ر مه‌یدانی مین، مین بته‌قێنێته‌وه‌و دوعا بكات و بڵێ دوعام بۆ بكه‌ن با شه‌هید بم.
به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێ دوعام بۆ بكه‌ن شه‌هید نه‌بم. من بۆ شه‌هید بم له پێناوی ئامانج و مه‌به‌ستێكدا كه هیچ به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌كه‌ی منی تێدا نییه ، ئه‌وه‌یه ئه‌و گۆڕانكاریه كه هاتۆته ئاراوه.
ره‌وانیوز:بزوتنه‌وه‌ی ئێستای ئێران كه به ناوی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز ناوی ده‌ركردوه، ده‌وترێ بۆته حه‌لقه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌موو بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هه‌موویانی به‌یه‌ك وشه به‌ناوی سیاسه‌ت گرێ داوه‌ته‌وه، جه‌نابت ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه چۆن ده‌بینی؟ ئایا موسه‌وی له پێش ئه‌وانه یان موسه‌وی كه‌وتۆته شوێن ئه‌وان؟
سه‌لاحودینی موهته‌دی: ئه‌و پرسیاره پرسیارێكی سونه‌تیه هیچ رۆژنامه‌نوسێك نییه ئه‌وه نه‌پرسێ نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌و شۆڕشی سه‌وزه بۆ هه‌موو حه‌ره‌كه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، مه‌عموله‌ن رۆژنامه‌وانان ئه‌وه ده‌پرسن ئایا خه‌ڵك له پێش سه‌ركرده‌كانه‌وه‌یه یان سه‌ركرده‌كان له پێش خه‌ڵكه‌وه‌ن؟
ئه‌وه پرسیارێكی باوه و حه‌قیشیانه چونكه ئه‌مه زۆر شت رون ده‌كاته‌وه. راستیه‌كه‌ی من پێم وایه هیچیان له پێش هیچیانه‌وه نین به موتڵه‌ق. به‌ڵام شت نیسبیه. بێ گومان ئه‌وه‌ی جه‌وانێك كوڕێكی یان كچێكی خوێندكاری زانكۆ ده‌یڵێ و شیعار ده‌دا موسه‌وی نه ئه‌و شیعاره ده‌دا نه ده‌توانێ بیدا و نه ره‌نگه باوه‌ڕیشی پێی بێ. موسه‌وی رۆڵه‌ی ئه‌م ئینقلابی ئیسلامییه‌یه. هه‌شت ساڵ سه‌رۆك وه‌زیر بووه. ئه‌ویش له ده‌ورانێكی زۆر توند و سه‌خت و دژوار‌دا كه حه‌یاتی كۆماری ئیسلامی به مویه‌كه‌وه به‌ند بوو. شه‌ڕی ئێران و عێراق و ئه‌و پێشڕه‌ویانه‌ی كه عێراق له خاكی ئێران‌دا ده‌یكرد و ئه‌و موحاسه‌ره‌یه‌ی كه كه‌وته سه‌ر ئێران. موسه‌وی له ده‌ورانی ئه‌و بوحرانه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران بووه. له‌به‌ر ئه‌وه به‌شێك له وجودی ، به‌شێك له شه‌خسیه‌تی و به‌شێك له كارێكتێری له‌گه‌ڵ ئه‌و جمهوریه تێكه‌ڵه. بۆیه حه‌قیش بڵێن وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانێكی ده‌وره‌ی بوحران چاكی ئێران ئیداره كرد. هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێك نه‌یتوانیوه به‌و وردی و دیقه‌ت و به‌و قاتعیه‌ته بتوانێ ژیان و گوزه‌ران بۆ خه‌ڵكێك دابین بكا كه هیچی نه‌مابوو. نه ئاو بوو ، نه نان بوو، نه نه‌وت ده‌فرۆشرا، نه رێگای خاریج هه‌بوو. ده‌وڵه‌تانی گه‌وره‌ش یارمه‌تی عێراقیان ده‌دا بۆ لێدانی ئێران بۆ ئه‌وه‌ی ئێران نه‌توانێ ئینقلابی ئیسلامی سادر بكا و ئێرانیش فێری ئه‌و برسێتی و نه‌دارییه نه‌ببو. ده‌ورانی شا ده‌ورانی ریفاه بوو و ده‌ورانی لیبرالیزمی ئیقتسادی بوو. ئێران پڕ بوو له سوپێرماركێتی گه‌وره وفرۆشگا ،له جێگایه‌ك كه شتومه‌كی خۆی ئازادانه ده‌كڕی و دابین ده‌كرد. له‌و سیستمه لیبڕاڵیه ئازاده ئابووریه بیهێنییه سه‌ر سیستمێكی كۆپۆن و ئیقتسادی ده‌وڵه‌تی و كۆنتڕۆڵكراو كارێكی زۆر سه‌خت بوو. موسه‌وی ئه‌م كاره سه‌خته‌ی كرد. ئیقتسادێكی ده‌وڵه‌تی كۆنتڕۆڵكراوی هێنا كه به وه‌سیله‌ی كۆپۆن وڵاتی ئیداره كرد، راسته ئێران گه‌شه‌كردنی ئیقتسادی به‌خۆیه‌وه نه‌بینی ونه‌شیده‌توانی بیبینێ له ژێر ئه‌و بۆمباران و له ژێر ئه‌و گه‌مارۆ درانه. به‌ڵام نه‌یهێشت ئێران برسی بێ. نه‌یهێشت ئێران له برسان بمرێ و ئه‌وه ئه‌و مه‌ترسیه بوو كه‌چاوه‌ڕوانی لێده‌كرا.
له‌به‌ر ئه‌وه موسه‌وی كاتێك هاته سه‌ركار گه‌نج بوو. شانازیه‌كانی به‌و ده‌وره‌یه. به جمهوری ئیسلامییه ،به سه‌ركردایه‌تی خۆیه‌تی له ناو حه‌ره‌كه‌ته‌كه. تۆ ناتوانی چاوه‌ڕوانی لێ بكه‌ی كه ئه‌و كابرایه وه‌كو جه‌وانێكی خوێندكار بێ. كه هیچ خێر و خۆشیه‌كی له جمهوری ئیسلامی نه‌دیوه غه‌یری زیندان و لێدان و مه‌حدود كردنه‌وه، كلاسی كچان له كوڕان جودا بكه‌وه ، ئوتوبوسی ژنان و پیاوان جودا بكه‌وه ، چادر به‌سه‌ر ژنان دابده‌و كراسی قۆڵ كورت ته‌نانه‌ت له پیاوان قه‌ده‌غه بكه و موی سه‌ریان به زۆری بتاشه و له كلاسیش دا چی ده‌رسی كۆنه‌په‌رستانه‌یه ئه‌وه‌یان پێ بڵێ و رێگای ئیستیفاده‌كردن له ته‌مه‌دونی ده‌ره‌وه‌یان لێ دابخه‌و نێوی بنێ موباره‌زه به ته‌هاجومی فه‌رهه‌نگی غه‌رب؟ چی دیوه غه‌یری ئه‌وانه كه هه‌مووی مه‌حدودیه‌ته، هه‌مووی مه‌حرومیه‌تیه، نه‌داریه و دواكه‌وتوییه. ئه‌م جه‌وانه سه‌رتاپا نیفره‌ته له‌و نیزامه. پێی خۆشه بڕۆخێ و به قه‌ولی كوردی ملیشی بشكێ. ئه‌و چاوه‌ڕوانییه له موسه‌وی ناكرێ، به‌ڵام موسه‌وی له‌و جێگا‌و مه‌وقیعه‌دا كه هه‌یه‌تی وه‌كو ئێمه‌مانان كه ده‌یبینین خراپی ئیداره نه‌كردوه تا ئێستا. تا ئێستا نه‌یهێشتووه ئه‌وه‌نده‌ی به ئێمه مانان ده‌گا(مه‌علوماتی ئیمه زۆر ده‌قیق نییه، چونكه ئێمه له تاران نین) درزێكی وا بكه‌وێته نێوان خۆی و لایه‌نگرانییه‌وه. تا ئێستا له نێوان لایه‌نگرانی نابینرێ له نێو خۆپیشاندانه‌كاندا شیعارێكی دژی موسه‌وی بدرێ. من لێره‌وه چۆن ده‌توانم بڵێم موسه‌وی وه‌دوای خه‌ڵكه‌كه كه‌وتووه و موسه‌وی دواكه‌وتووه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵكه گه‌نجه‌كه نه‌ڵێ "مه‌رگ به‌ر موسه‌وی". "موسه‌وی سازشكار" "موسه‌وی مه‌مان فرۆشه". تۆ ئه‌وانه ده‌بیستی؟ نایبیستی. كه نه‌یبیستی مانای ئه‌وه‌یه كه جارێ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵه.
ره‌وانیوز:كاك سه‌لاح باسی موسه‌ویت كرد، له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دو جۆر له بیروبۆچوون له نێو كورد دا هه‌بوو ئه‌وانه‌ی ناوخۆ كه هه‌ندێك ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه‌ش پشتیوانی لێ‌كرد، هه‌ندێك له ئۆپۆزسیۆنی كورد ته‌حریمی كرد و هه‌ندێك ئۆپۆزسیۆنیش له ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئیسڵاح‌خوازان پشتیوانیان له ریفۆرمخوازان كرد له ناوخۆ. ئایا هه‌ڵوێستی ریفۆرم خوازانی ناوخۆ به‌ر له هه‌ڵبژاردن و دوای ئه‌وه خۆپیشاندانه‌كان كه دوای هه‌ڵبژاردن هاته كایه‌وه و ئه‌وان بێ ده‌نگیان هه‌ڵبژارد، جه‌نابت ئه‌وه چۆن لێك ده‌ده‌یه‌وه؟
سه‌لاحودینی موهته‌دی: ریفۆرمخوازانی ناوخۆ (ئه‌گه‌ر دڵیان نه‌یه‌شێ) بێ ده‌نگیان هه‌ڵنه‌بژارد، به‌ڵكو ترسنۆكیان هه‌ڵبژارد.
وه‌ك چۆن له پێش دا بۆم باس كردی كه‌س چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌كرد ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بگاته ئه‌م نه‌تیجه‌یه، بگاته خۆپیشاندانی جاده‌یی، بگاته ئه‌وه‌ی ته‌قه له خه‌ڵك بكه‌ن. بگاته ئه‌و جێگایه‌ی خه‌ڵك بگرن و بیبه‌نه زیندانی كه‌هریزه‌ك و له‌وێ ته‌جاوزیان پێ بكه‌ن. كه‌س چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه ریفۆرمخوازانی كوردی پێیان وابوو هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و بێ گێره‌و كێشه ده‌كرێ و گه‌نجه‌كان و روناكبیرانیش له‌گه‌ڵ موسه‌وین با ئێمه‌ش ده‌نگی بده‌ینێ. ئه‌حمه‌دی نه‌ژادیش به ته‌بیعه‌تی حاڵ زۆر مه‌نفوره، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ شه‌یتانیش بچێته مه‌یدانی ململانێ، خه‌ڵك ده‌نگ ده‌دا به‌شه‌یتان.
جا ئه‌و دوانه له ناخۆشه‌ویستی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و له‌وه كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا هه‌ڵبژاردنێكی بێ قڕه و بێ ده‌ردی سه‌ر دروست بێ، ئه‌مه ریفۆرمخوازانی ناوخۆی فریو دا و وه دوای ته‌ماعی ئه‌وه كه‌وتن كه ده‌چن به‌شداری ده‌كه‌ن. كارێكی روناكبیرانه‌شیان كردوه و نێو و نێو بانگێكیش بۆ خۆیان په‌یدا ده‌كه‌ن، دو سێ به‌یاننامه‌ش ده‌ده‌ن و داوا ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هاته سه‌ر كار كوردیش مافێكی هه‌بێ. هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌ن به‌ڵام هیچیشی به زه‌ره‌ی ئه‌وان لێ سه‌وز نابێ. هه‌ڵبژاردنێكه دێت و ده‌ڕوا. ئه‌وان زۆر به گه‌ڕمی به‌شداریان له هه‌ڵبژاردن دا كرد، به‌ڵام دواتر كه كه‌وته سه‌ر خۆپیشاندانی خیابانی، دواتر شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی گه‌وره له تاران سه‌ریهه‌ڵدا سه‌دان هه‌زار كه‌س هاتنه سه‌ر خه‌یابان و وتیان بڕوخێ دیكتاتۆریه‌ت، بمرێ ویلایه‌تی فه‌قیه، ریفۆرمخوازانی ئێمه هوشیار بوونه‌وه.(به‌پێكه‌نینه‌وه) ته‌ماشایان كرد ئه‌مه گاڵته نییه. ئه‌مه زۆر شتی له‌دوایه له‌به‌ر ئه‌وه چوونه‌وه ماڵی خۆیان و به‌بێ كێشه و سڵامه‌ت دانیشتن، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش بۆ ئۆپۆزسیۆنی كورد له ده‌ره‌وه رویدا. به‌رله‌وه پێیان وابوو هه‌ڵبژاردنێكی عادیه و سونه‌تییه و هیچ نابێ و هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شێكن له حاكمیه‌ت و به‌شداری ناكه‌ین. داوی كه ئه‌م ئینتخاباته خۆپیشاندان و شۆڕشی خه‌یابانی لێكه‌وته‌وه، جا وتیان ئێستا نۆبه‌ی ئێمه‌یه ئه‌وه ئه‌و شته‌یه كه ئێمه ده‌مان وت.
بۆیه ئه‌و جار به‌شێك له ئۆپۆزسیۆنی كورد له ده‌ره‌وه به گیان و به دڵ هاته ناو پشتیوانی بزوتنه‌وه‌كه هه‌ر كه‌سێك به پێی توانای خۆی جوڵایه‌وه. ریفۆرم خوازان به پێی خه‌سڵه‌تی سازشكارانه‌ی چه‌نده‌ها ساڵه‌ی خۆیان عه‌مه‌لیان كرد. له‌ماڵی خۆیان دانیشتن و كشانه‌وه. ئۆپۆزسیۆنی كوردیش به پێی ته‌مایلی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی ره‌فتاری كرد بۆیه له پێشدا نه‌ده‌چووه پێشێ و پێی وابوو كێشه‌ی نێو حاكمیه‌ته، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی لێی مه‌علوم بوو گه‌وره‌تره له كێشه‌ی نێو حاكمیه‌ت و ئه‌مه كێشه‌ی میله‌ته له‌گه‌ڵ حاكمیه‌ت به پێی توانای خۆی هاته نێو مه‌یدان.
ره‌وانیوز: به‌ڵام هه‌ندێك له ئۆپۆزسیۆنی كورد بێ ده‌نگی هه‌ڵبژارد و ئه‌مه‌یان به كێشه‌ی خۆیان نه‌ده‌زانی و ده‌یانوت ئه‌مه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌ی كورده‌وه نییه و كێشه‌ی نێو باڵه‌كانی حاكمیه‌ته؟
سه‌لاحودینی موهته‌دی: هه‌ڵبژاردن وه‌ڵا بنێ. ئه‌و قسه كه ئه‌مه كێشه‌یه‌كه و په‌یوه‌ندی به تارانه‌وه هه‌یه و به ئێمه‌وه مه‌ربوت نییه. ئه‌م قسه‌یه له جه‌وهه‌ری خۆیدا نامه‌نتقییه، كێشه‌یه‌ك نییه له ئێران‌دا به ئێمه مه‌ربوت نه‌بێ. ئێمه یان له نێو ئێران‌دا ده‌مێنینه‌وه یان نامێنینه‌وه. ئه‌گه‌ر نامێنینه‌وه ده‌بێ سیاسه‌تمان شه‌فاف و ئاشكرا بێ.
ئیتر خه‌تێك له نێوان خۆمان و هه‌موو كۆمه‌ڵگای ئێران ده‌كێشین و ده‌ڵێن ئێمه داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ین. ئه‌وانه كێشه‌ی ئێمه نین و بۆ خۆتان چاره‌سه‌ری بكه‌ن. ئه‌گه‌ر بمێنینه‌وه له ئێران تاقه یه‌ك حه‌ره‌كه‌ت، سیاسه‌ت، هه‌ڵوێست له ئاباده و مشكی شه‌هریش ببێ به‌جۆریك ئێمه‌ش ده‌گرێته‌وه چونكه كاریگه‌ری هه‌یه. یان باشتری ده‌كا یان خراپتری ده‌كا. ئه‌گه‌ر هه‌ر به ئینتخابات چاو له خاته‌می بكه‌ین. خاته‌می هاته سه‌ركارو داوای كرانه‌وه‌ی ده‌كرد. له چوار ساڵی ئه‌وه‌ڵ دا كه رێگه‌ی ده‌ستی هه‌بوو كار بكا كاریگه‌ری نه‌كرده سه‌ر كوردستان؟ چه‌ندها رۆژنامه له كوردستان بڵاوكرایه‌وه، چه‌ندها نوسه‌ر سه‌ریان هه‌ڵدا، چه‌ندها رێكخراوی مامۆستایان و ژنان و لاوان و خوێندكاران سه‌ریانهه‌ڵدا. چه‌ندها وه‌زعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران چووه پێش.
له كۆمه‌ڵگای كوردستانیش به‌ره‌و پێش چوو. بێنه‌و موقایسه‌ی بكه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد چه‌ند رۆژنامه‌ی داخست و چه‌ند روناكبیری گرت. چه‌ند كه‌س له زینداندا ئه‌شكه‌نجه ده‌كرێت. سه‌یری عه‌مه‌لكه‌ردی ئه‌م دو كه‌سه بكه كه هه‌ردوكیان سه‌رۆك كۆماری ئێرانن. ده‌نگیشمان به هیچ كامیان نه‌دا، به‌ڵام ته‌ئسیری حه‌یاتی و چاره‌نوس سازی له‌سه‌ر گه‌لی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستان به‌جێهێشت. بۆیه ئه‌و قسه‌یه له ئه‌ساسدا غه‌ڵه‌ته و مادام له ئێرانداین هه‌موو شتێك به ئێمه مه‌ربوته.
جا نه‌خوازه دوای هه‌ڵبژاردن كه ئه‌و ته‌قه‌لوب و ته‌زویره كه كرا و گه‌یشته خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری و ئێمه چوینه ناو قوڵایی حه‌ره‌كه‌ته‌كه و راسته‌وخۆ ته‌ئسیری له‌سه‌ر ئێمه بوو، ئێستاش ته‌ئسیری له سه‌ر ئێمه هه‌یه و یه‌كێك له‌و شتانه‌ی تۆ له پرسیاری پێشوو دا پرسیت، كه ئایا ئه‌مه ده‌سپێكرانی مێژوییه‌كی تازه‌یه؟ ئایا وه‌رچه‌رخانێكه له ئێران‌دا یان نا؟ وه من جوابم دایه‌وه به‌ڵێ. یه‌كێك له ده‌لیله‌كانم بۆ ئه‌و به‌ڵێیه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كاره هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو، هه‌ڵبژاردنه، ئیعتراز كرا، خه‌ڵك هاتنه سه‌ر خه‌یابان ئێمه نه‌هاتینه سه‌ر جاده به‌ڵام به‌قیه‌ی میله‌تی ئێران و تاران هاتنه سه‌رجاده هه‌موو ئه‌وانه ته‌ئسیری خۆی بوو. به‌ڵام ته‌ئسیرێكی دیكه كه به‌لای منه‌وه درێژخایه‌نه و گرنگه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندیه‌كی سازكرد له نێو جوڵانه‌وه‌ی ناوخۆی ئێران له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی كوردی.
ئێمه ئێستا خه‌ریكین نیشانه‌كانی ده‌بینین، ئێمه به‌باش باسی ئه‌وان ده‌كه‌ین بۆ یه‌كه‌م جاره كورد به باش باسی حه‌ره‌كه‌تانی ناو تاران ده‌كات، و ئه‌وانیش به باش باسی ئێمه ده‌كه‌ن. هاتوچۆمان هه‌یه خه‌ڵكمان هاتوچۆی یه‌كتر ده‌كه‌ن. په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به‌یه‌كتره‌وه. به‌لای منه‌وه ئه‌وه ده‌سپێكی تێكه‌ڵ بوون و په‌یوه‌ند و هاوكاریه‌كی دوارۆژه له به‌ینی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی گه‌لی كورد و بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی ئێران. له‌به‌ر ئه‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌وه ئاوا بڕوا كه من ئومێده‌وارم هه‌ر وا بڕوا مه‌عنای ئه‌وه‌یه مێژوییه‌كی تازه‌ش له‌و باره‌یه‌وه ده‌ست پێده‌كات.
ره‌وانیوز: كاك سه‌لاح پێت وایه كورد ده‌بێت له سه‌ر ئه‌م سیاسیه‌ته‌ی خۆی به‌رده‌وام بێت؟
سه‌لاحودینی موهته‌دی:به‌لای منه‌وه به‌ڵێ. به‌لای منه‌وه ده‌بێت توند توند بیگرین وه‌كو حه‌لقه‌یه‌ك به‌ده‌سته‌وه بیگرین و به‌ری نه‌ده‌ین و پاڵی پێوه بنێن به‌ره‌و پێش بچێت. هاوكاری هه‌ر ئه‌وه نییه ئێمه‌ی كورد له ماڵی خۆمان دانیشین و بڵێن ده‌ی با كه‌ڕوبی قسه‌یه‌كی باشمان بۆ بكات.
به‌ڵێ ئه‌وه سیاسیه‌تی پێش هه‌ڵبژاردن بوو چونكه ئێمه هێشتا لێك تێنه‌گه‌یشتبوین.
به‌ڵام ئێستا دوای ئه‌وه‌ی كه ئێمه لێك تێگه‌یشتین په‌یوه‌ندیمان گرتووه هاوكاری ده‌كه‌ین تازه نابێ ئێمه لایه‌نی په‌سیڤ و نا فه‌عاله‌كه بین و هه‌ر پێمان وابێ ئه‌وان ده‌بێ قسه‌یه‌كی باشمان بۆ بكه‌ن و ئێمه هیچمان له ئه‌ستۆ نییه.
ئێمه ئێستا ئه‌وه‌مان له ئه‌ستۆیه كه ئێمه‌ش قسه‌ی باش بۆ ئه‌وان بكه‌ین، ده‌بێ پشتیوانی بكه‌ین له‌و حه‌ره‌كه‌ته. پشتیوانیه‌كه به‌شێكی ته‌بلیغات و قسه‌ی سیاسی و مه‌قال و نوسین و ئیمه‌یل و هه‌زار شته كه له‌باری سیاسی و ته‌بلیغاتیه‌وه ته‌ئسیر ده‌كات، به‌شێكی هاوكاری عه‌مه‌لییه. ئێمه ده‌بێ بتوانین له‌وه به‌و لاوه تێكۆشه‌رانی سیاسیمان ئه‌وه‌نده تێكه‌ڵ كه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌وان له جه‌ریانی ئه‌و ته‌زاهۆراته تێكه‌ڵ بن كه به ئاسانی بتوانن له تاران خۆیان بشارنه‌وه. به‌سه چیدیكه نابێ وابێ ئه‌گه‌ر فه‌عالێكی سیاسی ئه‌گه‌ر براده‌رێكی خۆمان، ئه‌گه‌ر هاوڕێ و هاوكارێكی خۆمان ده‌نێرین بۆ تاران ته‌نیا له‌ماڵه كوردێك خۆی بشارێته‌وه. ته‌نیا له ماڵی خزمێكی خۆی په‌ناگایه‌كی ده‌ست كه‌وێت. بابچێته ماڵی فارسێك. كام فارس؟ ئه‌و فارسه‌ی كه شان به‌شانی یه‌ك له خۆپیشاندان له شه‌قامه‌كان به‌یه‌كه‌وه بوون له‌وێ به‌یه‌كتریان زانی.كه خۆیان به یه‌كتر ناساند
ئه‌م تێده‌گا ئه‌م له كوردستانه‌وه هاتوه، به‌ڵام هاوكاری ده‌كا. ده‌وه‌ره دۆستم به. ده‌وه‌ره لێره له تاران دۆست و په‌ناگام به. من كارده‌كه‌م به‌ڵام ئه‌مه هه‌ر لایه‌كه ئه‌ی لایه‌كه‌ی دیكه؟ ئێمه‌ش ناوچه‌ی ئازادمان هه‌یه. بنكه‌و باره‌گامان هه‌یه. با ئه‌و كه‌سانه له تاران له شاره‌كانی تر ناتوانن بحاوێنه‌وه ده‌یانگرن، ده‌یانكوژن، شكه‌نجه‌یان ده‌كه‌ن با جێگا ئومێدێكیان هه‌بێت با باوه‌شی خۆمانیان بۆ بكه‌ینه‌وه. خه‌ڵك بێنه ئێره.
پێیان خۆشه لێره بمێننه‌وه هاوكاریمان بكه‌ن. پێیان خۆشه با به‌ینێك لێره بن تا وڵات ئارام ده‌بێته‌وه، دیسان به نهێنی بچنه‌وه ناو ئێران وپێیان خۆشه لێره‌وه بڕۆن بۆ ئوروپا و له‌وێوه ته‌بلیغات بكه‌ن له دونیای ده‌ره‌وه، ئێمه‌ش بۆ ئه‌وان ببین به په‌نا وپشتیوان، ئه‌وانیش بۆ ئێمه ببن به په‌نا و پشتیوان. بۆیه من ده‌ڵێم مێژوویه‌كی تازه خه‌ریكه ده‌ست پێده‌كات له په‌یوه‌ندی نێوان بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی گه‌لی كورد له گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی سه‌رتاسه‌ری ئێرانی‌دا وه ئێمه ده‌بێ په‌ره‌پێده‌ر وبره‌و پێده‌ری ئه‌و ره‌وته بین به قازانجمانه ئه‌گه‌ر بتوانین درێژه‌ی پێ بده‌ین. جا مه‌گه‌ر حادیسه‌یه‌ك بێت هه‌موو شتێكی بگۆڕێ.
ره‌وانیوز:باست له هیوا كرد كه بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هه‌یه. كه ئۆپۆزسیۆنی كورد ئوردوگای هه‌یه شوێنی ئازاد كراوی هه‌یه، هێزی چه‌كداری هه‌یه به‌ڵام كۆمه‌ڵێك له رۆشنبیرانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه ئێستا جۆرێك ئیشاره به خه‌باتی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ن كه گۆیا خه‌باتی چه‌كداری رۆڵی نه‌ماوه. خه‌باتی چه‌كداری ده‌توانێت چ كارتێكی فشار بێت كه كورد ده‌توانێت به‌رامبه‌ر به ئێران به‌كاری بێنێت؟
سه‌لاحودینی موهته‌دی: ئێمه هه‌ر پشتیوانیه‌ك كه له خه‌باتی مه‌ده‌نی بیكه‌ین ره‌وایه و دروسته، وه‌خته‌كه‌شی هه‌ر ئه‌و وه‌خته‌یه. چ به‌هۆی ئه‌وه‌یكه خه‌باتی مه‌ده‌نی و هێمنانه و دیمۆكراتیك باوێتی پشتیوانی لێده‌كرێ، چ ئه‌وه‌ی كه ئێستا ئه‌و خه‌باته مه‌ده‌نییه له ئێران‌دا هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه دیفاعی ئێمه له خه‌باتی مه‌ده‌نی و ته‌وسیه‌ی ئێمه بۆ كورد كه له‌سه‌رده‌می ئێستادا قورسایی خۆی بخاته سه‌ر خه‌باتی مه‌ده‌نی شتێكی دروسته به‌ڵام ئه‌وه‌ی نادروسته ئه‌وه‌یه كه ئێمه به‌ده‌ستی خۆمان خۆمان چه‌ك كه‌ین. روناكبیرانی میله‌ته‌كه‌ی ئێمه فه‌رمانی چه‌ككردن به هێزی چه‌كداری خۆیان بده‌ن. كێ وا ده‌كا؟ روناكبیرانی ئێستای ئێران كه خه‌باتی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ن، میرحسێنی موسه‌وی ده‌ڵێت پاسداران هه‌ڵبوه‌شێته‌وه؟ ده‌ڵێ ئه‌رته‌ش چه‌ك دانێ؟ كوڕه ده‌ڵێ ببن و ببن به ئی من. هه‌موو دنیا وایه له‌به‌رئه‌وه خه‌باتی چه‌كداری له‌و نوقته‌وه كه سه‌یری كه‌ی بڵێی ئێستا وه‌ختی نیه كاته‌كه‌ی باش نییه یا مه‌سه‌له‌ن هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن ئیستفاده‌ی خراپی لێده‌كه‌ن. ده‌بێته ماجه‌راجویی ده‌بێته ئاوانتوریسم. ئه‌وه راسته ده‌بێ نه‌هێڵی خه‌باتی چه‌كداری ئه‌و فه‌زایه‌ت لێ بشوێنێ و هیوادارم له كوردستانیش ده‌ست پێ بكا به‌ڵام ئه‌وه به مانای ئه‌وه نییه كه داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هێزه پێشمه‌رگه بكه‌ی. ئه‌وه به‌و مانایه نییه كه بۆ دوا رۆژیش هه‌ر له ئێستاوه خه‌باتی چه‌كداری قه‌ده‌غه بكه‌ی. كێ ده‌ڵێ دوارۆژ خه‌باتی چه‌كداری نایه‌ته‌وه پێشێ و ئێمه موحتاجی نابین و به هێزی پێشمه‌رگه‌ی خۆمان شاره‌كانی خۆمان ئازاد ناكه‌ین. باشه ئه‌ی شۆڕشه‌كانی دونیا چۆن سه‌ركه‌وتوون؟ به سیحر و نوشتو به جادو؟ به پاڕانه‌وه به سواڵ وسه‌ده‌قه؟ نه‌خێر به هێزی چه‌كدار به هێزی جه‌ماوه‌ری. به‌ڵام شۆڕشی جه‌ماوه‌ری له‌گه‌ڵ حه‌ڕه‌كه‌تی چه‌كداری تێكه‌ڵ بكه‌ی. جاری وایه قورسایی شۆڕشه جه‌ماوه‌ریه‌كه‌یه. ده‌ڵێن جارێ شۆڕشه چه‌كداریه‌كه بوه‌ستێنه وه‌ختی نییه جاری وایه ده‌بێ قورسای ده‌كه‌وێـته سه‌ر شۆرشی چه‌كداریه‌كه. ده‌ڵێن ئیتر تازه به خۆپیشاندان ناكرێ هێزی پێشمه‌رگه لێی بده.
جا ئێمه ئه‌گه‌ر بتوانین تێكهه‌ڵكێشێك دروست كه‌ین له خه‌باتی چه‌كداری و له خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و سه‌ركردایه‌تیه‌كی وشیار و ژیرمان هه‌بێ، كه بزانێ هه‌ركام له كه‌ی و له چ وه‌ختدا به‌كاری دێنێ، ئه‌و كاته ئێمه سه‌ركه‌وتوو ده‌بین ده‌بێ بزانین چۆنی به‌كار دێنین. چه‌ك وه‌كو هه‌موو شتێكی كه وایه، ده‌ڵێن وه‌ختێك رێگاكانی دیكه به‌ربه‌ست كران، چه‌ك ئیدامه‌ی سیاسیه‌ته. ده‌بێ بزانی چۆنی به‌كاردێنی. هیچ كه‌س نه‌م بیستووه، نه‌مخوێندۆته‌وه، (شتێك هه‌یه قه‌دیم ده‌یاوت به حه‌وسه‌دو چه‌ند كانی شاخی شاهۆكه‌م تا ئێستا نه‌م بیستووه بنی ئاده‌می دوسه‌ر) منیش تا ئێستا نه‌مبیستووه روناكبیرانی میله‌تێك بانگه‌واز بۆ چه‌ككردنی هێزی میله‌ته‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن كه هێزی به‌رگریه هێزی دیفاعه. با ئه‌و بانگه‌وازه بده‌ن به ده‌وڵه‌ت بڵێن هێزی چه‌كداری له كوردستان به‌رنه ده‌رێ، ئه‌و داگیركه‌ره و موهاجیمه خۆ ئێمه نه‌چوینه سه‌ر هێزی ده‌وڵه‌ت له عه‌جه‌مستان ئه‌و دێته كوردستان و ئێًمه داده‌پڵۆسێ. به‌ده‌وڵه‌ت بڵێن به‌سه هێزی چه‌كداری به‌سه هێزی چه‌ك نابێ به ئێمه بوترێ. به‌ڵام به‌ڵێ ئه‌گه‌ر یه‌ك شت بڵێن ئه‌وه حه‌قی خۆیانه. سه‌ركرده سیاسیه‌كانی كورد، هێزی چه‌كداری له جێگای خۆی به‌كار بێنن. خراپی به‌كار مه‌هێنن. وه‌ختی خۆی به‌كار بێنن. من خۆم لایه‌نگری ئه‌وه‌م كه ئێستا هێزی چه‌كداری وه‌ختی نییه. ده‌با بیڵێن و ناشترسێین و ده‌شلێین كاتی به‌كار بردنی هێزی چه‌كداری نییه جارێ. به‌ڵام هێز زیاد كه‌ن، ته‌مرینات زیاد كه‌ن. پێشمه‌رگه زیاد كه‌ن، چه‌كی باشتر په‌یدا كه‌ن، خۆتان ئاماده كه‌ن بۆ ئه‌و رۆژه‌ی كه وه‌ختی خۆیه‌تی.
ره‌وانیوز:مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگت باس كرد ئه‌ویش سه‌ركرده سیاسیه‌كانی كورده جارێكی تر دێنه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌یكه ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه دوباره نه‌بێ به‌ره‌ی كوردستانی له‌م رووداوانه‌ی دواییداگرنگیه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت ده‌مه‌وێ ئه‌وه بپرسم نه‌بوونی به‌ره‌ی كوردستانی جۆرێك له سیاسه‌تی جیاوازی دروست كرد له نێوان ئۆپۆزسیۆنی كورد ئایا بوونی به‌ره تاچه‌ند پێویسته؟ ئایا به‌ره تا چه‌ند جارێكی تر پێویسته؟ بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد له به‌ره‌یه‌كدا یه‌ك ناگرن كه وه‌زعی ئێران ئه‌وه به‌ره‌و قۆناغێكی تازه ئه‌چێ؟
سه‌لاحودینی موهته‌دی:وه‌ڵا به‌ره چه‌ند پێویسته؟ ئه‌گه‌ر پێوانه‌یه‌ك هه‌بوایه. ده‌موت به‌قه‌د زه‌وی و ئاسمان، ئه‌وه‌نده زۆر پێویسته، به‌ڵام بۆ چی یه‌كناگرین؟
یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه له ئه‌م شه‌ڕه درێژخایه‌نه‌یدا كه ساڵه‌هایه گه‌لی كورد به ده‌ستیه‌وه‌یه‌تی و حزبه سیاسیه‌كانی كورد ئاڵا هه‌ڵگری ئه‌و خه‌باته‌ن، ئیختلافات و دوبه‌راكایه‌تی زۆر هاتونه‌ته گۆڕێ. وه‌ڕأستیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه غه‌یره ته‌بیعی نییه. ئه‌مه به‌شێكه له ئاكامه‌كانی چاره‌ناپه‌زیری شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌ڕه درێژخایه‌نه له حالی فه‌عال بوون و گه‌رم و گوڕ بووندا نه‌بێت، سارد بوبێتـه‌وه و تۆ له مه‌یدانی ئه‌سڵی خه‌باتی خۆت دانه‌بی یانی ئه‌مانه به‌شێكی نه‌تیجه‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنن، به‌شێكی نه‌تیجه‌ی غوربه‌ت و دوركه‌وتنه‌وه‌ن له وڵات. ئه‌مانه شه‌ڕه دوندوكه ساز ده‌كه‌ن، ره‌قابه‌ت و ملمڵانێ ساز ده‌كه‌ن. جگه له‌وه سایكۆلۆژی میلله‌تی كوردیش سایكۆلۆژیه‌كی قبوڵنه‌كه‌ر و نه‌گونجاو ناته‌بایه ئه‌مه‌ش بێ ته‌ئسیر نییه ئه‌مه‌ش وایكردوه كه دوبه‌ره‌كایه‌تی زۆر بێت. من زۆرم پێخۆشه به‌ره هه‌بێت زۆریشم هه‌وڵ بۆ داوه چ به قسه‌كردن و راوێژكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ملاو ئه‌و لا و چ به قسه كردن له سه‌ر ته‌له‌فیزیۆن و رادیۆ و نوسین به‌ڵام راستی هومێدم زۆر نییه به دروست بوونی. یانی وای لێهاتووه ناكۆكییه‌كان له حه‌دێك دان كه چاوه‌ڕوان ناكرێت هه‌موو لایه‌كان به‌یه‌كه‌وه دانیشن و به برایه‌تی و به‌ته‌بایی قسه‌ی حسابی قه‌بوڵ بكه‌ن و خۆ ئه‌گه‌ر وایان كردبا له ئه‌وه‌ڵه‌وه جیا نه‌ده‌بوونه‌وه. له ئه‌وه‌ڵه‌وه ئینشقاق و دوبه‌ره‌كایه‌تیان دروست نه‌ده‌كرد، زۆر سه‌یره له نێو ئێمه‌دا هه‌ر جه‌ماعه‌تێك، هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك به‌یانی زوو له حیزبه‌كه‌ی خۆی جیا ده‌بێته‌وه به جنێو و شه‌ڕه‌شه‌ق‌و قسه‌ی ناخۆش، هه‌ر ئێوارێ خانویه‌كی په‌یدا كرد، جێگایه‌كی په‌یدا كرد مقه‌ڕێكی په‌یدا كرد، ئێوارێ راگه‌یاندن ده‌دا ه ده‌ڵێ وه‌رن دیالۆگ بكه‌ین. كوڕه تۆ سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ خۆم بوی. ده دیالۆگه‌كه‌ت كردبایه، تۆ له‌به‌ر دیالۆگ نه‌كردن موته‌وسیل بوونی به شه‌ڕه‌شه‌ق و جنێو و جیابوونه‌وه و دو به‌ره‌كایه‌تی. به په‌له‌په‌ل ئه‌وه كوێڕا بویه‌وه به لایه‌نگری دیالۆگ؟ ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری دیالۆگن لایه‌نگری فریون. خۆ ده‌زانن یه‌كناگرنه‌وه، شه‌رته‌كانیشیان قبوڵ كه‌ی نایه‌نه‌وه. چونكه یه‌كێك له شه‌رته‌كانیان ئه‌وه‌یه كه خۆی ده‌یه‌وێ ره‌ئیس بێت. بۆ خۆی سه‌رۆك بێت ،بۆ خۆی سكرتێر بێت. بۆ ده‌چمه‌وه به‌ر ده‌ستی كابرای دیكه. هیچ شه‌رتێك نییه بۆ جێبه‌جێ كه‌ی چی بۆ جێبه‌جێ ده‌كه‌ی؟ مه‌گه‌ر ئه‌تۆ سكرتێره‌كه‌ی خۆت ده‌ركه‌ی، ده‌فته‌ری سیاسیه‌كه‌ی خۆت هه‌ڵوه‌شێنیه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه خۆ ده‌زانێ ناكرێت، به‌ڵام پێی وایه ئه‌م قسه باشه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی لایه‌نگری وه‌حده‌ت و لایه‌نگری یه‌كگرتنه‌وه و ته‌بایی پێ جه‌لب كه‌ی. كه‌وابوو جیا بوونه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌ساسی جیاوازی بیروباوه‌ڕ نین. له‌سه‌ر ئه‌ساسی ململانێی و ره‌قابه‌ت و جاهته‌ڵه‌بی و خۆبه‌گه‌وره زانینن. بۆیه ده‌ڵێم ئیمكانی یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه لایه‌نه و داوته‌ڵه‌بانه و دڵخوازانه نییه. من نایبینم لانی كه‌م. خه‌ڵكیش كه ده‌ڵێن هه‌یه و ده‌یكه‌ین پێم وانیه راست بكه‌ن. به‌ڵام له زۆر جێگای دونیادا ئه‌وه ده‌ێته گۆڕێ لایه‌نێك به هێز ده‌بێ دوایی یه‌ك دو ته‌ڕه‌ف رێكده‌كه‌ون لایه‌نێك به‌هێز ده‌بێ. ئه‌وه‌ی به‌هێز بوو ده‌توانێ ئه‌وانی دیكه ناچار بكا، كه ده‌ڵێم ناچار بكا شه‌رتیش نییه به چه‌ك و به‌شه‌ر، به‌ڵام به هێزی مه‌عنه‌وی، به‌داخوازی خه‌ڵك، به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی به ناسیاوی به‌ینه‌ل مله‌لی و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی دیكه واده‌كات بێن له گه‌ڵی رێك كه‌ون.
یه‌كگرتنه‌وه‌كانی دنیا هه‌موو وابوون. بیسمارك ئاوا ئه‌ڵمانی موته‌حید كرد، گاریباڵدی ئاوا ئیتالیای موته‌حید كرد. ئابراهام لینكۆڵن ئاوا ئه‌مریكای یه‌كگرتو كرد. ئه‌گه‌ر موسوڵمان شاهیدی به‌خۆی بێنێته‌وه، محه‌مه‌د ئاوا عه‌ره‌بی موته‌حید كرد. دوای مه‌رگی پێغه‌مبه‌ر به‌شێك له عه‌ره‌به‌كان پاشگه‌ز بوونه‌وه له ئیسلام به قه‌ولی ئیسلام مورته‌د بوون. یه‌كێك له داخوازیه‌كانیان ئه‌وه بوو كه ده‌یانگوت زه‌كات ناده‌ین. پاره‌ی ئێمه بۆ بچێ بۆ مه‌كه و مه‌دینه. خۆمان لێره فه‌قیر و هه‌ژاری خۆمان هه‌یه لێره له فه‌قیرو هه‌ژاری خۆمانی خه‌رج ده‌كه‌ین. گه‌لێك له ئه‌سحابه‌كان گوتیان باقه‌بوڵی كه‌ین با شه‌ڕ نه‌بێت. یه‌ك هه‌ڵوێست ئیسلامی نه‌جات دا له دو به‌ره‌كایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه. ئه‌وه‌یش هه‌ڵوێستی ئه‌بوبه‌كری سدیق بوو. ته‌نانه‌ت پیاوێكی زۆر عاقڵ، زۆر به توانا، زۆر ئازا وه‌كو عومه‌ری كوری خه‌تاب لایه‌نگری ئه‌وه بوو وتی با لێیان قه‌بوڵ كه‌ین.
مه‌شهوره ده‌ڵێن ئه‌بوبه‌كر به‌رۆكی گرت ورایته‌ڵه‌كاند وتی: دایكت بۆت بگری تۆ له جاهلیه‌تدا ئازا بووی له ئیسلامدا ترسه‌نۆكی؟ قه‌سه‌م به‌خوا ئه‌م به‌نه‌ی كه قاچی وشتری پێده‌به‌ستنه‌وه (كه عیقالی پێ ده‌ڵێن)، گوتی تاقه یه‌ك زانوبه‌ندی وشتریشیان لێ قه‌بوڵ ناكه‌م ئه‌گه‌ر بیگێڕنه‌وه. هیچ چار نییه یه‌ك خه‌لیفه هه‌یه، یه‌ك حكومه‌ت هه‌یه، یه‌ك پایته‌خت هه‌یه، یه‌ك خه‌زێنه هه‌یه. ده‌بێ ئیتاعه‌ت بكه‌ن. ئیتاعه‌تیان كرد ئیسلام بۆوه به یه‌ك. ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆژه ئیتاعه‌تیان نه‌كردبا ئێستا دو ئیسلام هه‌بوو. له‌به‌ر ئه‌وه حه‌ره‌كه‌ته گه‌وره‌كانی مێژوو وانیشان ده‌ده‌ن هه‌میشه به‌دڵخوازی و حوسنی نیه‌ت نه‌هاتوون به یه‌كه‌وه كۆببنه‌وه، وه‌ڵا من جێگاكه‌ی خۆم به جێ دێڵم ده‌یده‌م به تۆ. ناتداتێ! ئه‌گه‌ر بكرێ هێندێك له‌وانه‌ی كه بیروباوه‌ڕیان لێك نزیكه و له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌گونجێن ئه‌وانه حه‌ره‌كه‌تێك پێك بێنن ئه‌وانه جه‌بهه‌یه‌ك پێك‌بێنن. به‌ڵام باش ریككه‌ون.
به‌لای منه‌وه لایه‌نه‌كانی دیكه ناچار ده‌بن یه‌كه یه‌كه‌و دوو دوو بێنه ژێر بازنه‌ی ئه‌م ره‌هبه‌ریه تازه و تێكه‌ڵ ببنه‌وه ده‌نا به دڵخواز زۆر زه‌حمه‌ته.
ره‌وانیوز:دوا پرسیارم ئه‌وه‌یه كه جه‌نابت 50ساڵ ته‌مه‌نی خۆت له بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كوردستان و ئێران‌دا به سه‌ر بردووه، دوا په‌یامت وه‌كو كه‌سێكی بێ لایه‌ن وه‌كو كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران چیه؟ ئایا كۆمه‌ڵگای كوردستان تا كه‌ی ئه‌مه له سه‌ركردایه‌تی ئه‌حزاب قه‌بوڵ ده‌كات كه له یه‌ك جودا ده‌بنه‌وه؟
سه‌لاحودینی موهته‌دی: ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه و په‌رته‌وازیه،قه‌بوڵ ناكا چی ده‌كا رۆڵه؟ ئازادیه‌ك نییه له ئێران كه بڵێی من ده‌چم بۆ خۆم حیزبێكی ئاڵتێرناتیڤ دروست ده‌كه‌م ئه‌گه‌رهه‌ندێك ئازادی له ئێران‌دا هه‌بوایه ئه‌گه‌ر هیچ بڕێك ِ دیمۆكراسی له ئێران‌دا هه‌بوایه، زۆر شت ده‌گۆڕا، به‌ڵام له حاڵێكدا كه له ناو ئێران‌دا كه‌مترین مه‌جالێك بۆ حه‌ره‌كه‌تی سیاسی نییه و ئۆپۆزسیۆنیش له‌ده‌روه‌یه و ساحیبی رابردویه‌كی دورو درێژه له خه‌باتدا پیاوی فیداكار و تێكۆشه‌ریان تێدایه، باشه میله‌ت چی بكات؟ ئه‌وانه لابا كێ بێنێ؟ گورانیه‌كی كوردی هه‌یه ده‌ڵێ: هه‌ر تۆ له خه‌ڵكی باشتری. كێی دیكه‌ی باشتر هه‌یه؟ مه‌جال نییه باشتره‌كه خۆی بنوێنێ، مه‌جال نییه بێ‌و ته‌مرینێكی دیمۆكراسی بكا. ماوه‌یه‌ك له‌وه‌ی پێش پێم وابێ ده‌وره‌ی خاته‌می بوو قسه‌یه‌ك هاته گۆڕێ كه ده‌وڵه‌تی ئێران خه‌ریكه برێك له كورده‌كانی دانیشتوی تاران و بڕێك كوردی ئه‌ملاولاو و نازانم چی و ریفۆرم و ئه‌مانه كۆده‌كاته‌وه حیزبێكی كوردیان پێ دروست ده‌كا. مه‌قاله‌یه‌ك نوسرا دژی ئه‌وانه. چۆن حیزب دروست ده‌كه‌ن و جا چۆن شتی وا ده‌كه‌ن و ئێمه ئه‌وه چه‌ندها ساڵه خه‌بات ده‌كه‌ین, قه‌ی ناكا با بیكه‌ن به‌ڵام میله‌ت قه‌بوڵی ناكا و ... من مه‌قاله‌یه‌كم نوسی، نوسیم براده‌ران مه‌ترسن حیزب دروست نابێ. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه كورد پێی خۆش نییه و نایكا، له‌به‌ر ئه‌وه ته‌زاد و ناكۆكی به‌ینی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی و گه‌لی كورد هێنده قوڵه، هێنده به‌رینه كه ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌ت ناوێرێ حیزبێكی فه‌رمایشیش دروست كا. چونكه تۆ هه‌ر حیزبێك دروست كه‌ی خۆ خه‌ڵك ده‌بێ بێته نێوی. سه‌ركرده‌كانی چوار كه‌سی سه‌ر به‌ده‌وڵه‌ت، پێنج كۆنه جاش، كۆنه جاسوس بێنی بیكه‌ی به‌سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كه، ئه‌ی پایه‌گای حیزبه‌كه چی لێده‌كه‌ی؟ ئه‌ی قاعیده‌ی حیزبه‌كه چی لێده‌كه‌ی؟ جه‌وان دێ خه‌ڵكی خوێنده‌وار دێ، روناكبیر دێ ، خه‌ڵك دێن، زۆر دێن، هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و ئه‌وانه لاده‌به‌ن و ده‌ستێكی دی دێنن. وه هه‌ركه‌سێك بێ ئه‌و داخوازیانه‌ی هه‌یه كه ئۆپۆزسیۆنی كورد هه‌یه‌تی و پێشمه‌رگه هه‌یه‌تی و میله‌تی كورد ساڵهایه ده‌یكا. هه‌ر ئه‌و داخوازیانه‌یه ده‌یهێنێ، كه ئه‌و داخوازیانه‌ی هێناوه له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت توشی كێشه ده‌بن. جا ده‌وڵه‌ت ئه‌م ماره بۆ له قاچی خۆی ده‌هاڵێنێ. ئه‌گه‌ر وابایه ده‌وڵه‌ت هێندێك هاتبایه پێشێ. هێندێك دێمۆكرات بوایه، هێندێك لیبڕاڵ بوایه، هێندێك به ئینساف و ئازادی خواز بوایه و ئه‌و شكاف و درز و دوبه‌ره‌كایه‌تیه‌ش كه به‌ینی كورد و ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی هه‌یه هێنده قوڵ نه‌بوایه خۆ ده‌كرا حیزبێك دروست كه‌ن. وه‌ڵاهی ئه‌گه‌ر حیزبێكیان دروست كردبایه خه‌ڵكێكی زۆریش ده‌چوو. به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ناوێرێ حیزب دروست كا له ترسی خۆی هه‌ر چه‌ند زۆریشی پێ خۆشه.
به‌لاَم له به‌ینی ده‌وڵه‌ت و گه‌لی كورد ده‌ریایه‌ك له خوێن فاسیله‌یه. ئاسان نییه به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ریایه‌دا باز ده‌ن. خه‌ڵكیان ده‌ست ناكه‌وێ. ئه‌وانه‌ی كه له تاران ئه‌و شه‌ش حه‌وت یان ده‌ساڵه‌ی ئه‌خیر ناویان هه‌یه مه‌جه‌له‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌ن به ناوی ده‌وڵه‌ت و شتێك له‌ملاولا دێنن و گۆیا به‌ناوی كورد قسه ده‌كه‌ن. خۆ ئه‌وانه هه‌موو پیاوی ده‌وڵه‌تن و هه‌موشمان ده‌زانین. ده‌وڵه‌ت بۆ خۆشی له ئێمه باشتر ده‌زانێ چونكه خۆی حقوق و مه‌عاشیان ده‌داتێ. بۆ نایه كۆیان بكاته‌وه و شتێكیان پێ دروست بكا. ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌نده ته‌حمول ناكا كه كورد ئه‌نیستیتۆیه‌كی كوردی هه‌بێ وه‌له‌و ئه‌نیستیتۆ كوردیه‌كه له ژێر چاوه‌دێری خۆی بێ. وه‌له‌و جنێو به ئێمه بدا. چونكه ئه‌و ئه‌نیستیتۆیه ئه‌وه به‌رپرسه‌كه‌ی پیاوێكی خراپ بوو ئه‌ی جێگره‌كه‌ی؟ ئه‌ی سكرتێره‌كه‌ی؟ ئه‌ی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نوسه‌ران.؟ ئاخر ئه‌وانه هه‌ر میلله‌تن له كوێی دێنی؟ خۆ ئه‌وه زه‌مانی ئیسلامی نییه ده‌یانوت شۆڕشگێڕیان له فه‌له‌ستینه‌وه هێناوه بۆ كۆمه‌كی كۆماری ئیسلامی. خۆ شۆڕشگێر له فه‌له‌ستینه‌وه ناهێنی هه‌ر له‌و كورده ده‌یهێنی كه ئه‌و داخوازیه‌ی هه‌یه كه من هه‌مه. من له ته‌بعید و ده‌ربه‌ده‌ریم ئه‌و له تارانه. ئه‌و له سنه‌یه. سبه‌ینێ هه‌ر ئه‌و قسه‌یه ده‌كاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌وڵه‌ت نه‌یتوانیوه ئه‌وه‌نده پایگا له ناو گه‌لی كورد دا دروست كا كه به‌شی ئه‌وه بكا كه حیزبێكی پێ دروست بكا و نییه‌تی. بۆیه من لام وایه هه‌تا وه‌زع ئاوا بێ، هه‌رواده‌بێ. له ئێران‌دا دیمۆكراسی نییه‌و له ده‌ره‌وه‌ش ئۆپۆزسیۆن مه‌وجوده و ئۆپۆزسیۆنیش رابردوی خه‌بات و تیكۆشانی هه‌یه. ئه‌م وه‌زعه‌ی ئێستا ئاوا ده‌بێ، به‌ڵام به كه‌مێك زیاد و كه‌مه‌وه. ئه‌ویان له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكده‌كه‌وێ، ئه‌ویان جیاده‌بێته‌وه، ئه‌ویان ئینشیعاب ده‌كا، ئه‌ویان دێته‌وه، یه‌كێك بڕێك چه‌پ ده‌بێ، یه‌كێك بڕێك راست ده‌بێ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌یه.
ره‌وانیوز:هیچ په‌یامێكت بۆیان نییه؟
سه‌لاحودینی موهته‌دی:په‌یامم هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه رانه‌وه‌ستن ته‌واوی ئۆپۆزسیۆنی كورد كۆببێته‌وه هه‌ر میقدارێك كه ده‌توانن ئیتحاد بكه‌ن گه‌ر دو حیزبیش بن ئیتیحاد بكه‌ن بۆخۆی زۆره. من پێم وایه ئه‌وه ده‌بێته "هه‌سته" یا ده‌بێته كوانو یان كانگای یه‌كگرتنه‌وه له ئاینده.